تشرینی یەکەم 24, 2021

پراگماتیک؛ پەیوەندی نێوان زمان و دەوروبەر

پرۆفیسۆر د.عەبدولواحید مشیر دزەیی، مامۆستای بەشی کوردی لە کۆلیژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین، لەو ماوەیەدا چەندین کتیبی ناوازەی بەچاپگەیاند لەبواری پراگماتیکدا؛ هەروەها سەرپەرشتی (38) قوتابی ماستەر و دکتۆرای کردووە لە زۆربەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا؛ بۆ ئەم مەبەستە دیداریکی تایبەتمان لەگەڵ بەڕێزیاندا رێک خست.

• سەرەتا با لەو پرسیارەوە دەست پێ بکەم کە ئاخۆ بابەتی پراگماتیک تاچەند زەروورە بۆ بەشەکوردییەکان؟
_ پراگماتیک سوودی زۆری هەیەچ بۆژیانی رۆژانە چ وەک پسپۆڕییەک بۆ بەشە کوردییەکان، چونکە پراگماتیک بریتیە لە پەیوەندی نێوان زمان و دەوروبەر، بەمەش یاریکردن بە زمان بۆ بەرژەوەندی تاک و گشتی دەبنە بەشێک لەپراگماتیک، بەم پێیە پراگماتیک:
* لێکۆڵینەوە لەزمان لەکاتی بەکارهێنان، بەم پێیە گوتنێکی دیاریکراوە لە کەسێکی دیاریکراو بۆ گوێگرێکی دیاریکراو لە دەوروبەرێکی دیاریکراو و بە شێوازێکی دیاریکراو؛
* روونکردنەوەی چۆنیەتی بەدەستهێنان و هەڵێنجانی واتا؛
* بۆمان رووندەکاتەوە بۆچی دەربڕینی ناراستەوخۆ باشترە لە دەربڕینی راستەخۆ.

• بەدیدی ئیوە تاچەند گرنگی دراوە بەزانستی پراگماتیک؟
ـ ئێستا بایەخێکی زۆر بە پراگماتیک دراوە لە بەشە کوردییەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەقی خۆی نەدراوەتی، چونکە لەو باوەڕەدان پراگماتیک بابەتێکی ئاسان بێت و بواری ئەوەی هەبێت کە بە ئارەزووی خۆی توێژەر باس لە هەمووشتێک بکات، بۆیە دەبینین زۆربەی بابەتەکان کرچوکاڵن؛ هیچ بنەمایەکی زانستی ئەوتۆیان تێدانییە و زیاتر لە دووبارەبوونەوە کۆکردنەوەی زانیارییە. ئەوەی لەسەر پراگماتیک دەنووسێت دەبێت شارەزاییەکی تەواوی زانستەکانی تریش هەبێت، بە تایبەتی فەلسەفە و دەروونناسی و کۆمەڵناسی و دەمارناسی؛ چونکە پراگماتیک خاڵی بەیەکگەیشتنەوەی زۆر زانستی مرۆڤایەتییە. هەروەها ئەوەی سەرپەرشتیی نامەی ئەکادیمی دەکات پێویستە پسپۆڕی پراگماتیک بێت نەک پسپۆڕی تر؛ بەهەمان شێوەش پێویستە پسپۆڕی بواری پراگماتیک تاوتوێی هەڵسەنگاندنی نامەکانی ماستەر و دکتۆرا بکات نەک پسپۆڕی تر، چونکە هەروەک دەبینرێت لە هەڵسەنگاندنی نامەکاندا زیاتر تێبینییەکانیان لەسەر رێنووسە لەگەڵ شەڕی زاراوەدانان.

• ئەو کتیبانەی لەبواری پراگماتیکدا چاپ دەکرین، چۆناوچۆنە؟
ـ ئەو کتێبانەی کە دەربارەی پراگماتیک دەردەچن زۆربەیان نامەی ئەکادیمین کە بەشی زۆریان کەسانی ناپسپۆڕ و نەشارەزا لە بواری پراگماتیک سەرپەرشتیی کردوونە؛ بۆیە بەشی هەرەزۆری گواستنە و کۆپیکردنە بە بەڵگەی ئەوەی بیری نووسەر لە هیچ پەرتووکێک لەم پەرتووکانە نابینرێت.سەبارەت بەپەرتووکە وەرگێڕدراوەکانیش هەمان شت؛کەسانی زمانزان وەریگێڕاون نەک کەسانێک پسپۆڕی زمان و پراگماتیک بن هەربۆیە کتابی وا قورس دەبێت بۆ خوێنەر و بەهایەکی زانستیی ئەوتۆی نابێت.

• ئەی سەبارەت بەقوتابیانی خویندنی باڵا لەپسپۆڕی پراگماتیکدا ؟
ـ بۆ گرنگیپێدان، گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت؛ هەروەک باسم کرد بەوە لە پراگماتیک گەیشتوون کە تەنها دۆزینەوەی مەبەستبێت لە ئاخاوتن و بەرهەمی ئەدەبی، بەڵام رەهەندی پراگماتیکی زۆر لەوە زیاترە و، رەگی پراگماتیکی لە هەموو کایەکانی زماندا هەیە؛ گرنگیدان بەوە دەبێت بیری نوێ بهێنینە ئاراوە و خاوەن بۆچوون و بیروڕای خۆمان بین چونکە ئامادەبوونی نووسەر گرنگە لە بەرهەمی زمانیدا.

• چ بەرهەمی نوێتان بە دەستەوەیە؟
ـ من لە ساڵی 2015وە هیچ کتابێکم دەرنەکردووە؛ من خۆم لە پلانی ساڵانەدا دامناوە هەر ساڵەی دەبێ توێژینەوە و پەرتووکێکم هەبێت؛ ئەم کتابانە بەرهەمی حەوت ساڵی تەمەنمە؛ پەرتووکەکان بریتین لە :
١. خوێندنەوەی دەروونی دەق
دەق کە لە روانگەی پراگماتیکی دەروونییەوە باس شیکردنەوەی دەقی ئەدەبی دەکات و بەرهەمی ئەدەبی وەک بەتاڵکردنەوەی وزەی نەرێنی دەخاتەڕوو بەهەمان شێوەش وەزەی ئەرێنی دەداتە خوێنەر.
٢. پراگماتیک و شرۆڤەکردنی سیاسی
ئەم پەرتووکە باس لە رەهەندی پراگماتیکی دەکات لە شرۆڤەکردنی سیاسی و هەروەها تیشک دەخاتە سەر پاشخانی سیاسی بۆ شرۆڤەکردن شانبەشانی توانستی پراگماتیکی بۆ لێکدانەوەکان و خستنەرووی پێشهاتەکان لە رێگای ئەرگۆمێت و بەڵگەی رازیکەر نەک قسەی بێ بنەماو یاریکردن بەهەست چونکە ئەوەی دەبینرێت لە شرۆڤەکان گەیاندنی پەیام و جێخۆشکردنە نەک شرۆڤە.
٣. زمان و پرۆسە دەروونییەکان
لەم پەرتووکەدا باس لە بەکارهێنانی زمان دەکرێک وەک چەکێکی کاریگەر بۆ شەڕی دەروونی و شوشتنەوەی مێشک لەم پەرتووکە باس شێوازی دەزگاکانی راگەیاندن دەکرێت کەچ لە شەڕ و چ لە ئاشتی زمان بۆ مەرامی سیاسی بەکاردینن نەک خزمەتی مرۆڤایەتی.
٤. هێز و کاریگەریی رستەی پرس
لەم پەرتووکەدا باس لە شێواز و کاریگەری پرسیار دەکرێت لە دیمانەکانی راگەیاندن و تیشک خراوەتە سەر رۆڵی پرسیار بۆ وەرگرتنی زۆرترین بڕی زانیاری چونکە قسەکەر کە قسەدەکات زانیارییەکان فلتەر کراون ئەوەی ئاخێوەر دەریدەبڕێت راستی نین بەڵکو رێژەییە و راستییەکی شێواوە.
٥. زاراوە و زمانەوانی
لەم پەرتووکەدا باس زاراوەکانی زمانەوانی دەکات ئەوەی پاڵنەرم بوو بۆ ئەم بابەتە تیشک خستنەسەربوو بۆ شەڕی زاراوەکان بە تایبەتی لە بواری زمانەوانیدا ویستم کەپەیامێک بگەیەنم کە زاراوە بە مەزاج داناندرێ و بەڵکو کارێکی زانستییە و دەبێت کەسانی پسپۆڕ دایبڕێژن نەک دەزگاکانی راگەیاندن و کەسانی نەشارەزا.
٦. زمانەوانیی گشتی
ئەم پەرتووکەم ئەو بابەتانە بوو کە بە قوتابیانی بەشی کوردیم گوتبوەوە لەم ساڵانەی دوایدا بە شێوەیەکی گشتی کۆکردنەوە و پوختکردنی زانیارییە زمانییەکانە.
٧. نیشانە و دەق و واتا
ئەم پەرتووکە باس لە نیشانە (قەرینە) دەکات و بۆمانی رووندەکاتەوە.

 

هێمن خەلیل- هه‌ولێر

© 2017 Hawler