تشرینی یەکەم 24, 2021

ڕانانێکی کورت بۆ کتێبی "دەروازەیەک بۆ جیهانی چیرۆک و رۆمان"

ئارام كۆشكی - سلێمانی

 

ئاشنابوون بە دونیای چیرۆک و رۆمان، دونیایەک کە ڕێگەی بێکۆتایی هەیە و دەکرێت هەر نووسەرە و لە ڕێگەی خۆی لەو دونیایەدا بدۆزێتەوە کارێکی گەلێک ئەستەمە، بەڵام دەکرێ لە ئەزموونی چیرۆکنووسنی دیکەوە خەیاڵی خوێنەر/نووسەریش بۆ ڕێگەی دیکە بجوڵێت. کەم نین ژمارەی ئەو نووسەرانەی کە دونیایەکی تایبەتی خۆیان لە گێرانەوەی چیرۆک، یان رۆماندا ئەفراندووە و ئەو دونیایەش لە دەقێک بۆ دەقێکی دیکەیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەوەی جێگەی تێڕامانە تا ئێستا لە کتێبخانەی کوردیدا زۆر کەمن ئەو کتێبانەی کە خوێنەر بەم دونیایە ئاشنا بکەن، زۆر کەمن ئەو نووسەرانەی خۆیان لەم باسانە داوە و هەوڵی خستنەڕووی تێگەیشتنی خۆیان لەو دونیایە، یان گواستنەوەی ئەزموونی نووسەرانی دیکەیان بە خوێنەر ئاشنا کردووە.

هەڵبەت دەبێت دان بەوەدا بنێین مەرج نییە هەر هەوڵێک لەم بوارەدا بدرێت جێگەی سەرنج و سوودمەند بێت بۆ خوێنەری کورد و کتێبخانەی کوردی، بەڵام دەشێت لەنێو ئەو فەوزایەدا هەوڵە جیدییەکان ون نەکەین و هەست بە بوونیان بکەین و بیاندۆزینەوە. یەکێک لەو هەوڵانەی کە جێگەی دەستخۆشییە هەوڵێکی نوێی مامۆستا حەمە کەریم عارفە بەناونیشانی "دەروازەیەک بۆ جیهانی چیرۆک و رۆمان"، کە لە دوتوێی 434 لاپەڕەدا لە ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەند چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
ئەم کتێبە دەروازەیەکە بۆ ئاشنابوون بە جیهانی چیرۆک و رۆمان، نووسەر هەوڵی داوە بە زمانێکی سادە، خاڵە گرنگ و بنەڕەتییەکانی هەردوو ژانرەکە بۆ خوێنەر بخاتەڕوو و ئەوەی پێ بناسێنێت، کە دونیای ئەم دوو ژانرە دوو دونیای فراوان و بەرینە و بۆ دەستپێڕاگەیشتنی چەندین ڕێگە هەیە و یەکێک لە ڕێگەکانی ئاشنابوون پێیان، خوێندنەوەی بەردەوامە لە هەردوو ژانرەکە و هاوکات گەڕان و وردبوونەوە و خوێندنەوەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیە لەبارەیانەوە... ئەم کتێبە دەروازەیەکی سەرەتایی، بەڵام گرنگ و کاریگەرە بۆ هەموو ئەو کەسانەی چیرۆک و رۆمان دەنووسن، یان دەیانەوێت چیرۆک و رۆمان بنووسن.
کتێبەکە جگە لە پێشەکییەکی نووسەر 26 بابەتی دیکەی لە خۆگرتووە کە سەرجەمیان گەشتن بەنێو دونیای چیرۆک و رۆماندا، هاوکات ئاشناکردنی دونیای گەورە نووسەرانی ئەو دونیا ئەفسوناویەن کە حیکایەتخوانی دەیئەفرێنێت. بەگشتی کتێبەکە بۆ هەموو خوێنەرێکە کە بخوازێت کەمێک زیاتر لەم دونیای چیرۆک و ڕۆمان زیاتر بزانێت و زیاتر بە پەنهانەکانی ئاشنا بێت. هەروەها کتێبێکیشە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ببنە چیرۆکنووس و خەونی نووسینی چیرۆک و رۆمانیان هەیە، چونکە دەشێ ئەم دەروازەیە ببێتە دەروازەیەک بۆ ئاشنابوون بە جیخانی ئەو نووسەرانەی کە لەم کتێبەدا ناونیان هاتووە و خوێنەری بەر دونیاکەیان دەکەوێت.
ماوەتەوە بڵێم مامۆستا حەمە کەریم عارف لەو نووسەرانەیە کە لەو بوارەدا چەند هەوڵێکی هەیە، ئەگەرچی هەوڵەکانی زۆر تیۆری نین، بەڵام جێگەی دەستخۆشی و ئاوڕلێدانەوە و خوێندنەوەیە و ئەم کتێبەش لە کتێبە گرنگەکانی ئەم نووسەرەیە کە دەشێ بە وردی بخوێنرێتەوە.

© 2017 Hawler