کانونی دووەم 25, 2021

دەربارەی چەمكی ناسیۆنالیزم

 

(4-5)

5-فکری سۆشیالیستی سەرەتا لە ئەوروپا، پاشان لە چوارچێوەی مەسەلەی کۆلۆنیالیزمدا لە دەرەوەی ئەوروپا، بەدەم مەسەلەی ناسیۆنالیزمەوە چوو. کەمترین شتێک کە بکرێت لەم بارەیەوە بیڵێین ئەوەیە کە فکری سۆشیالیستی، بە هەموو گوزارشت و ئاراستەکانییەوە، خۆی خستە سەر هێڵی بەرەوپێشچوونی فەلسەفەی ڕۆشنگەری ئیدی لەمە جیاواز نەبوو. لە ڕووی مێژووییەوە، چەپ، پێش هەمووانیش چەپی سۆشیالیستی، لە ڕیزی ئەو هێزانەدایە کە زیاتر دیموکراسین؛ لەو هێزانە کە گومان لە ڕاستگۆیی دیموکراسییەتی ڕاستڕەو دەکەن و لەم گومانەیشدا لەسەر هەقن، چونکە هەمیشە لەپێناو پاراستنی ئیمتیازاتەکانی چینی چەوسێنەر، کە نوێنەرایەتی ڕاستڕەو دەکەن، سنوورێک بۆ مافە بەدەستهێنراوەکان دادەنێن. لەلایەکی دیکەیشەوە، سۆشیالیزم ئامانجێکی سەرەکی بۆ خۆی داناوە، ئەویش پشتیوانیکردنە لە ئاگایی چینایەتی و پتەوکردنی هاوپشتیی لەنێوان چینە میللەکاندا. لەم ڕوانگەیەوە، دژایەتیی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم و مانۆڕە کۆنزەڤەتیڤەکانی کردووە، واتە دژایەتیی ئەو هێزە کۆنەپەرستانەی کە ئەم ئایدیۆلۆژیایەیان لەپێناو دواخستنی پێگەیشتنی ئاگایی چینایەتیدا خستۆتەگەڕ.

کەواتە، کاتێک لە بابەتی هەڵەکانی فکری سۆشیالیزم و سنوورەکانی دەکۆڵینەوە، دەبێت ئەم سەرنجە بنەماییە لەبەرچاو بگرین کە لێرەدا باسمان کرد. زۆرێک لەم هەڵانە بەرهەمی گەشبینی و ئومێدێکی زێدەڕەوانەبوون بەرامبەر توانای گەلان بۆ ڕزگاربوونیان لە هزر و ڕەفتارە نەریتییە کۆنەپارێزە بۆماوەکانی ڕابردوو.

لەبەر ڕۆشنایی ئەو تێرامانانەی لێرەدا خستماننەڕوو، دەبینین هەڵەکانی بزووتنەوە سۆشیالیستییەکان سەبارەت بە مەسەلەی ناسیۆنالیزم و کۆلۆنیالەکان، بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە کە سۆشیالیستەکان لە خەمڵادنی ڕۆڵیی مێژوویی سەرمایەداریدا، زێدەڕەوییان کردووە. سۆشیالیستەکان بڕوایان بە پێشکەوتن هەبوو، پێیانوابوو فراوانخوازیی جیهانیی سەرمایەداریی دەبێت ــ ئەگەر هەنگاو بەهەنگاویش بووە ــ کردەی سنوورە سیاسیەکەی دەوڵەتان بسڕێتەوە، دەبوو ئەمەیش هەلومەرجی گونجاو بۆ مومارەسەی ململانێی چینایەتی لەسەر ئاستی جیهانی بکاتەوە، پاشان شۆڕشی جیهانیی سۆشیالیستی ڕووبدات. لەبەرئەوە، سۆشیالیستەکان گەیشتنە ئە باوەڕەی کە هەر شتێک ببێتە پاڵنەری پێشکەوتنی هێزەکانی بەرهەمهێنان بەرەو پێشەوە، دواجار لە ڕووی مێژووییەوە شتێکی پۆزەتیڤە، بەرپرسیارێتیی چەپیش ئەوەیە کە وەدیهاتنی ئەم پێشکەوتنە بە کەرەستە هەرە دیموکراسییەکان بسەپێنێت. بەم جۆرە سۆشیالیستەکان لە مەسەلەی ناسیۆنالیزمدا بنەمای ئاوێتەبوونیان پێ باشتر بوو، نەک بەرگریکردن لە هەمەجۆریی و "تایبەتمەندییەکان" و "خودێتییەکان". ئەوەی زێدەڕەویی لە تایبەتمەندیدا بکات شوێنەوارە کۆنەپارێزەکانی ڕابردوو دەپارێزێت.

لێرەدا باش لەم ڕەهەندەی فکری سۆشیالیستی دەکەم؛ چونکە وەک پێشتر باسم کرد، بۆچوونی ئاراستەی باڵادەستیی ئێستا، بانگەشەی ستایشکردنی "مافی جیاوازی" دەکات. بێگومان ئەو ئاراستە فکرییانەی کە ئەم کێشەیەیان خستۆتە ڕوو، لە نیاز و مەرامی خۆیاندا ڕاستگۆن. بەڵام من چەند خۆپارێزییەکم سەبارەت بەو ستراتیژییەتانە هەیە کە بۆ ئەم بابەتە خراونەتەڕوو، پێشتریش ئاماژەم پێداون. پێموایە، ئەم بۆچوونانە پێشکەوتن نانوێننەوە، بەڵکو گەڕانەوە و پاشەکشەیە لە هەڵوێستە ڕادیکاڵترەکان کە سۆشیالیزمی مێژووخواز دەینواندن، پشتیوانی لێکردنیشی لەلایەن بزووتنەوە میللەیەکانەوە، بەرەنجامی گوشاری نەریتە فکرییە کۆنزەرڤەتیڤە باڵادەستەکانە لە کۆمەڵگەکانی ئەوروپای باکوردا.

سۆشیالیستەکان بەردەم واقیعە ناسیۆنالیستییەکانەوە چوون، ئەو هەڵوێستانەیان زیاتر چەسپاند کە پێیانوابوو بۆ پشتیوانیکردنی ئاگایی چینایەتی گونجاوترن. ڕاستە مێژوو ناکارایی هەندێ لەو هەڵوێستانەی سەلماندووە، بەڵام ئەم بژاردانە لە کۆمەڵیک نیازی سەربەرزانەوە سەرچاوەیان گرتبوو کە شایەنی ستایش و ڕێزن و لەچەند لایەنێکیشەوە پێش سەردەمی خۆیشیان کەتبوون. لێرەدا ئەو هەڵوێستانەم دێتەوە یاد کە سۆشیالیستییەکانی ئیمپراتۆریەتی نەمسایی-هەنگاری و بەلشەڤیک نواندیان. سۆشیالیستەکانی نەوەی یەکەم بە دوای کەرەستەکانی دەربازکردنی ئیمپراتۆرییەتدا نەگەڕان، بەڵکو هەوڵیاندا لەسەر بنەما دیموکراسییەکان دووبارە کۆمەڵگە بنیات بنێنەوە، بە جۆرێک کە بەشێوەیەکی ڕاستگۆیانە و گشتگیر دان بە هەموو نەتەوەکاندا بنێت، ئەوەیش بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی ئاگایی چینایەتی و دەستەبەرکردنی چوارچێوەی جیوگرافی گونجاو بۆ بڵاوکردنەوەی ململانێی چینایەتی، ململانێیەک کە بتوانێت سەرکەوتنی مانادار و شیاو بەدەست بهێنێت. بەڵام بەلشەڤیک، دوای ئەوانیش ئەنتەرناسیۆنالی سێیەم، هەنگاوی بەرفراوانیان هەڵگرت کە ئامانجە ستراتیژییەکانیان بەرەو پێش برد. ئەوان دانیان بە مافی گەلاندا نا، لەسەر ئەم بنەمایەیش دەوڵەتی سۆشیالیستییی فرەڕەگەزیان دامەزراند. ئەوەی لەم هەوڵە ستراتیژییەدا کردیان و دەستکەوتەکانی ئەم کارە و شێواندن و لادانەکان و بگرە خیانەتەکانیش، هەر هەموویان بە تەواوی شایەنی مشتومڕ و ڕەخنەن. لەبەرئەوە، دەستووری یەکێتیی سۆڤیەتی و، دەستووری یوگسلاڤیا، تەنیا دوو بەڵگەنامەی سەر کاغەز نین، بەڵکو دەرکەوتەکانی ئەزموونێکی تیاژیانن، بە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانییەوە. هەر لەم ڕوانگەیەوە، پێموایە بەلشەڤیک، لە ڕووی بنەماییەوە، ڕێزگرتنی لە ناسیۆنالیزم گەیاندییە دوایین ئاستی خۆی، تا ئەو ئاستە دانیان بە مافی جیاوازیدا نا کە تاڕادەیەکی زۆر ئەو پەرەسەندنەی لە ڕاگرت کە دەشیا هەندێ جیاوازیی بسڕێتەوە.

ڕاستە ڕژێمی سۆڤییەتی هەژموونی کولتووری ڕوسی بەرامبەر گەلانی تری پێوە دیار بوو، بەڵام لەپاڵ ئەمەیشدا، ئەم ڕژێمە دووبارە دابەشکردنەویە سامانی لە بەرژەوەندی پاروێزەکانی ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاز لەسەر خسێبی سەنتراڵیزمی ڕووسی وەدیهێنا؛ ئەمەیش شتێکە هەرگیز سەرمایەداریی جیهانی وەدیی نەهێناوە، بە جۆرێک قسەکردن دەبارەی "ئیمپراتۆریەتی سۆڤیەتی" و چوواندنی بە ڕژێمە سەرمایەدارییە کۆلۆنیالیستییەکان، بە بێ بنچینەی زانستییە. بەڵام مێژوو ئەوەیشی سەلماندووە کە دواجار فاکتەری سەنتراڵیزمی کولتووریی ڕوسی، ڕۆلێکی نەرێنیی گێڕاوە، ڕۆڵێک کە لایەنە ئەرێنییەکانی دووبارە دابەشکردنەوەی سامان لە بەرژەوەندی پەراوێزەکان، نەیسڕیوەتەوە.

پێموایە سەرمایەداریی، جیاتر لە جارێک، ئەوەی سەلماندووە کەمتر ڕێک لە "مافی جیاوازی" دەگرێت؛ سۆڤییەت کولتوورە لۆکاڵییەکانی پاراست، دەنا ئەوانە لە گریمانەی سەروەریی سەرمایەداریی لە ناوچەکەدا، دەسڕدرانەوە. لەم گریمانەیەدا سەرمایەداریی، لە ڕێگەی کاری دەستکەوتی بازاڕەوە، زۆرێک لە "تایبەتمەندییەکان"ـی لەنێو دەبرد.

یوگسلاڤیا نموونەیەکی زەقە لەسەر لایەنە نەرێنییەکانی ئەو چەقبەستنەی کە بەرهەمی ئەو سیاسەتانە بوو وا بنەمای ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییە نەتەوەییە خەمڵێنراوەکانی تا ئەودیوی پێویستی ڕاکێشا. ڕێژەیەکی زیاتری گەنجان لە یوگسلاڤیادا هەبوون کە لە ئنتیمای تووندی نەتەوایەتییە دانپێدانراوەکانی نێو دەستوور دووردەکەوتنەوە و "یوگسلاڤیبوون"ـی خۆیان وەک "نەتەوەیەک"ـی نوێ ڕادەگەیاند. بە بڕوای من ئەم پەرەسەندنە پۆزەتیڤ بوو، دەبوو هانبدرێت و پشتی پێ ببەسترێت. بەڵام هێزە کۆنزەرڤەتیڤەکان لەناوخۆدا –بە پشتیوانیی دەرەکی- لە بەرامبەر قەیرانی سیستەکدا، هەنگاوێکی دیکەیان هەڵبژارد کە بانگەشە بوو بۆ "زیندووکردنەوە"ی نەتەوەپەرستییەکان تاڕادەی شۆڤێنیزم؛ بەرەنجامەکەیشی بە بەرچاوی هەمووانەوەیە.

6- لە بواری مەسەلەی ناسیۆنالیزمدا، بزووتنەوە ڕزگاریخوازییە نیشتمانییەکان، هەڵوێستێکی بنەمایییان گرتە بەر کە بانگەشەی بۆ "یەکێتی گەل" دەکرد لە چوارچێوەی سنوورە سیاییەکانی ئەو "هەرێم"ـەدا کە تێیدا کاری دەکرد، بەو پێیەی ئەم یەکێتییە کۆڵەکەیەکی بنچینەیی پێویستە بۆ ڕزگاریخوازی. گومان لە دروستی و کارایی ئەم بنەمایەدا نییە. هەروەها هیچ ناکۆکییەک نییە لەسەر بانگەشەکردن بۆ دامەزراندن –یان دامەزراندنەوەی- دەوڵەتی سەربەخۆ، گەورە بێت یان بچووک، بنەڕەتی کۆنی هەبێت یان نوێ؛ هیچ ناکۆکییەک لەسەر تێپەڕاندنی ئاسۆ ئێتنیکییەکان و میللەتان و جیاوازییە زمانییەکان و سەرجەم هۆکارەکانی هەمەجۆریی نییە، چونکە ستراتیژییەتەکانی کۆلۆنیالیزم ڕێک خستنەگەڕی ئەم هەمەجۆرییەیە لەپێناو دابەشکردنی بەرەی ڕزگاریخوازیدا. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەو چەمکانەی کە بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکان، لە پێناو ڕەوایەتیدان بەو یەکێتییە خوازراوە خستوویانەتە ئەستۆی خۆیان، بە گوێرەی هەلومەرجە کۆنکریتییەکان و بەرژەوەندییەکان جیاواز بووە. ڕاستڕەوی کۆنزەرڤەتیڤ تەرکیزی خستۆتە بەسەر "نیشتمان" و "یەکێتییە" بانگەشەیی یان ڕاستەقینەکەی، لەمەیشدا هەمەجۆریی ئێتنیکی و زمانی و باوەڕی ئایینی لە پێکهاتەی ئەم نیشتمانەدا فەرامۆش کردووە –هەندێجاریش نکوڵیی لێکردووە. هەروەها هێزە فەندەمێنتاڵیستەکان –کە هەمیشە لە دڵی هەموو کۆمەڵگە پەراوێزییەکاندا هەر ماوەتەوە- پشتی بەستووە بە ڕەگەزە کولتووری یان نیمچە کولتووری و ئایینییەکان، چ ڕاست بن یان وەهمی و تەمومژاوی بن، تاوەکو بانگەشە بکات بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕێسایانەی کە ڕەوایەتیی خۆی لێیانەوە وەردەگرێت، بۆ نموونە کۆمەڵی ئیسلامی یان هیندۆسی. جا لەبەرئەوەی ژمارەیەک لەم نیشتمانانە لە چوارچێوەی ئەو سنوورە سیاسییە دەستکردانەدا پێک هاتوون کە کۆلۆنیالیزم ئیمپریالیزم سەپاندوویەتی؛ بۆیە "ناسیۆنالیزم"ی نوێی بانگەشەبۆکراو، مەگەر بەدەگمەن ئەگینا لە ڕووی ئێتنیکی و زمانییەوە هاوبەند و یەکگرتوو نەبووە. ناسیۆنالیزمی نوێ گەلان و بەشەکانی گەلانی خاوەن ڕیشەی جیاواز، دابەش دەکات. سەرەڕای ئەم جیاوازییانە، هیچ ڕێگرییەک نابینم بۆ داواکردنی دامەزراندنی دەوڵەتێکی یەکگرتوو، بەو مەرجەی ئەم داوایە ڕاستگۆیانە بێت و دان بە هەمەجۆرییدا بنێت و نکوڵیی لێنەکات. لەم چوارچێوە ئایدیۆلۆژییەدا دەشێت وێنای هەبوونی هەستی ئینتیما بکرێت لەلایەک بۆ "نیشتمانی سەنگالی" و لەلایەکی دیکە بۆ شارستانێتی (یان ئێتنیکی) ولوف و مەندینگۆ، بەبێ ئەمە سەرچاوەی نیگەرانی و لێکدژییەکی وێرانکەر بێت.

ئایدیۆلۆژییە ڕاستڕەوەکان لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکاندا، خۆبەخۆ بەرەو جۆشهاتن بە تیۆرییە تەمومژاوییەکانی مەسەلەی ناسیۆنالیزم دەڕوات، ئەو تیۆرییانەی کە لە وڵاتانی ئەوروپی دەرەوەی ناوچەی قەڵەمڕەوی فەلسەفەی ڕۆشنگەریدا بڵاو بوونەتەوە.

 

و:هاوار محە‌ممە‌د - هه‌ولێر

 

© 2017 Hawler