کانونی دووەم 27, 2021

تێکدانی داهێنەرانە چۆن دەکرێت جیهانی نوێ دابمەزرێنرێت بە بێ خاپوورکردنی ئەو جیهانەی کە پێشتر هەیە

بابەتەکە لە پرسی ڕۆشنگەرییەوە سەرهەڵدەدات. بۆ ئەوەی ڕۆشنگەری پرۆژەکەی خۆی جێبەجێ بکات، دەبێت لەو پنتەوە دەست پێبکات کە نیچە ناوی لێدەنێت "تێکدانی داهێنەرانە"، ئەمە چەمکێکی ئەوپەڕی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە مۆدێرنیتی، چونکە فۆڕمی ئەم تێکدان و خاپوورکردنە بە تەواوەتی لەو تەڵەزگە زانستییانەوە دروست بووە کە ڕووبەڕووی پراکتیزەکردنی پرۆژەی مۆدێرنیتی بوویەوە.

چۆن دەکرێت جیهانی نوێ دابمەزرێنرێت بە بێ خاپوورکردنی ئەو جیهانەی کە پێشتر هەیە؟ وەڵامی هەموو بیرمەندانی مۆدێرنیتی، هەر لە گۆتەوە هەتا ماو، ئەوەیە کە دەیانەوێت هێلکە و ڕۆن بکەیت بە بێ شکاندنی توێکڵی هێلکەکە. ئەوەی سەیرە کە "شۆمپیتەر"ی ئابووریناس، هەمان میتافۆڕی بۆ تێگەیشتن لە میکانیزمەکانی پەرەسەندنی سەرمایەداری بەکارهێناوە. خاوەن پرۆژەکە لە ئالیگۆرییەکەی شۆمپیتەردا، بە پلەی ئیمتیاز تێکدەری خوڵقێنەرە، چونکە ئامادەی ئەوەیە بەرەنجامەکانی خاپوورکردنی تەکنیکی و کۆمەڵایەتی تاوەکو دوایین سنووری خۆی ڕابکێشێت. پێشکەوتنی مرۆیی تەنیا بەم جۆرە پاڵەوانبازییە داهێنەرانەیە وەدیی دێت. تێکدانی خوڵقێنەرانە بەلای شۆمپیتەرەوە، وێنەی پێشکەوتنخوازانەی پەرەسەندنی سەرمایەدارییە کە ئامانجی چاکەی گشتییە، بەڵام بەلای ئەوانیترەوە، ئەمە هەر بە سادەیی پێشمەرجی زەروری بوو بۆ پێشکەوتنی سەدەی بیستەم.
بەڵام لەگەڵ سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا و، بە تایبەتیش لەگەڵ هاتنەناوەوەی نیچەدا، چیتر ئەوە پەسەند نەبوو کە لە پێناسەکردنی جەوهەری سروشتی هەمیشەیی و جێگیری مرۆییدا، قسەی یەکەم هی عەقڵی ڕۆشنگەری بێت، چونکە ڕەخنەی نیچە گەیشتە ئاستێک کە لە جیهانی ئێستاتیکدا، لە سەرووی زانست و عەقڵانییەت و سیاسەتەوە، دەرگا بەسەر سوبێکتدا بکاتەوە. ئینجا دواتر دۆزینەوەکانی ئەزموونی سوبێکتیڤ، بووە فاکتەرێکی چالاک لە دامەزراندنی میتۆلۆژیای نوێدا کە بەهۆیەوە "جێگیر" و "هەمیشەیی" لەنێو پەراوێز و پارچەپارچە و فەوازی بەربڵاوی ژیانی مۆدێرندا بدۆزینەوە. لەنێو ئەم چەمکەدا، ڕۆڵی هونەرمەندان و نووسەران و بیناسازان و دانەرانی میوزیک و شاعیرەکان و بیرمەند و فەیلەسوفەکان زەق دەبێتەوە، بۆ نموونە هەتا بوون بە هەبوویەکی بزۆز و ناجێگیر گریمانە بکرێت، هونەرمەندی نوێیش لە پێناسەکردنی جەوهەری مرۆییدا ڕۆڵێکی داهێنەرانە دەبینێت. ئەگەر ئەوەیش ڕاست بێت کە لە مۆدێرنەدا تێکدانی خوڵقێنەرانە پێشمەرجێکی زەروری بووبێت، ئەوا ڕۆڵی پاڵەوانبازی ڕۆڵی هونەرمەند بووە وەک تاکەکەس. لێرەدا سەرنج لە سەرهەڵدانی تاکگەرایی دەدەین. گۆڕانێک ڕوویدا لە ستراتیژییەتی عەقڵانییەتی ئامێریی (من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم)ـەوە بۆ ستراتیژییەتێکی ئێستاتیکی هۆشیارتر لە وەدیهێنانی ئامرازەکانی ڕۆشنگەری "من هەست دەکەم کەواتە من هەم- ڕۆسۆ". ئەگەرچی ئەستەمبوو بنەماکانی تێگەیشتنی عەقلانی و زانستیی ڕۆشنگەرانە وەربگێڕدرێنە سەر بنەما ئاکاری و سیاسییە پراکتیکییە گونجاوەکان، نیچە دزەی کردە نێو ئەم کەلێنەوە و پەیامە گەورەکەی خۆی بە سەرکەوتوویی نارد، کە هەر بە سادەیی دەڵێت: هونەر و هەستە ئێستاتیکییەکان دەچنە ئەودیوی چاکە و خراپەوە.
لە کۆنتێکستی پەرتوبڵاوی و ڕێگاو ئاراستەی زۆردا، دەیڤید هارڤەی ئاماژە بەوە دەدات کە بەکاڵاکردن و بە بازرگانیکردنی بازاڕ وەک پانتاییەک بۆ بەرهەمە کولتوورییەکان لە میانەی سەدەی نۆزدەدا، بەرهەمهێنەرە کولتوورییەکانی ناچارکرد بچنە نێو فۆڕمی کێبەرکێی بازاڕەوە، ئەمەیش لای خۆیەوە پرۆژەی "تێکدانی خوڵقێنەرانە"ی لەنێو کایەی ئێستاتیکدا بەهێزتر کرد. ئەمەیش بە وردی ئەو ساپیتە سیاسی-ئابوورییە دەنوێنێتەوە کە وای لە هونەرمەندەکانی هەموو بوارەکان کرد، ئارەزووی ئەوە بکەن ڕێسا و بنەماکانی زەوقی ئێستاتیکی بە ئاراستەیەکدا بگۆڕن کە خزمەت بە فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بکات. ئەمە کاری کردە نەدەبوو ئەگەر، بە قەولی هارڤەی، چینێک لە "بەکاربەرانی کولتوور" دروست نەبوونایە، نووسەر وێنەی تێزەکە کامڵ دەکات و بە زمانێکی ڕەخنەگرانە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە هێزەکانی دیکە، لەبری ئەوەی سەر بە کردەیەکی ڕاستەقینەی سیاسی بن، بەهۆی شەیداییانەوە بۆ گوتاری دژ بە قاڵبە ئامادەکان و دژە بۆرژوازییەت، کات و وزەی خۆیان لە ململانێی یەکتریدا، یان دژ بە نەریتەکانی پێشوو بەفیڕۆداوە، ئەمەیش ڕێگای بۆ دەستەبەربوونی بازاڕی بەرهەمەکانی خاوەنداران خۆشکردووە.

 

© 2017 Hawler