کانونی دووەم 25, 2021

پایز لە دیدی حەمید قەڵادزێیـــــــەوە

 

کەم نین ئەو شاعیرانەی لەبارەی پایزەوە بە شیعرەکانیان وێنە جوانیەکانی پیزیان وەرگێڕاوە بۆ نێو شیعرەکانیان، هەر شاعیرێک لە ڕوانگە و ئاستی ئەدەبییەوە خۆیەوە هاتوە لەبارەی پایزەوە دواوە وەک وەرزێک یان وەک کەرەستە و هێمایەکی شیعریی.

 

بەڵام ئەوەی بۆمن جێی سەرنج و وردبوونەوەبوو لەم شیعرەی شاعیردا، جیاوازیی و بەرگرییکردنییەتی لە پایز وەک وەرزێک و وەک بوونێک کە هێمایە بۆ ویرانبوون و دابڕان و هاتن و لەدایک بوونی جیاوازیی. هاوکات بەستەنەوە و لێکئاڵانیی بە دنیای شیعرەکانی جەنەڕاڵی پایزەوە، ئەمە بەدەر لەوەش کە شاعیر زۆرتر ئەو ئامانجەی پێکاوە کە پەنجەمۆر و واژۆی جەنەڕاڵی پایزی بەتەواوی داوە لە گەڵا و وەرزی پایز.

 

لە شیوەنی پاییزدا..

تـــــانــــە لە پــــــاییزم مەدەن

کە لە پــــرسەیدا ئاهەنگە

ئەو بۆ خـەمی هـەر گـــەڵایەک

گـــوڵێکی نوێی لەسەر ســـنگە !

شاعیر لەم وێنە شیعرییەدا، دەیەوێت پێمان بڵێت، کە پایز ڕاستە لە ڕوواڵەتدا بۆنی وێرانی و لەناچوونی لێ دێت، بەڵام لە ناواخن و کرۆکیدا، هەڵگری نوێبوونەوە و داڕێژەری نەخشی نوێی سرووشتە، شاعیر پایز لە بەهار زیاتر وەک دایکی نوێبوونەوە دەناسێنێت، جیا لەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت کە بە ڕواڵەت تێمەکەون و بڕیاری پێشوەختە لەبارەی وێرانی پایزەوە مەدەن، ئەو لەناوەوەیدا هەڵگری سەوزیی و جوانییە، دواتر ئەوەمان بۆ بەیان دەکات کە هەموو وێرانبوون و کارەسات و بارگۆڕانێک مەرج نییە، تەواو ڕووداوێک بێت پڕ لە کارەسات، بەڵکو ژان و ئازاری گۆڕانکارییە و مژدەی دنیاییەکی نوێیە. هەڵبەت دەبێت ئەوەش بڵێین کە بەلای شاعیرەوە گەڵا گەر وەریبێت و ڕزیو بێت هێشتا هەر گەڵایە و کەرەستەیەکی بەهێزە بۆ شیعر.

 

پـــەلـکـەزێڕیـنەی بـــەهـــــاران

ڕەنــــگــی زەردی لــــــێ دزیـوە

کـــێ لە کــــــۆشــی بەهـــارێکا

کـــــۆرپەی پـــــاییزێکی دیوە؟!

 

شاعیر لەم وێنە شعرییەدا، پایز وەک وەرز و هێمای قوربانیدان وەسف دەکات و دەیەوێت بڵێت، ئەوە پایزە کۆی وەرزەکانی لەنێو خۆیدا کۆکردۆتەوە و هەر ئەوە ئیلهام دەبەخشێت بە وەرزەکانی تر، بە تایبەتیش وەرزی بەهار، ئەو بە زمانێکی سادە و بێ تەمومژ وەسفی گەورەیی پایزمان بۆ دەکات. پەلکەزێڕینەی بەهاران گەر جوانیش بێت ئەوا ئیلهامی لە جوانی و ڕەنگاڵەیی پایز وەرگرتووە.

 

بۆ چــــرۆی نــوێ جــــێدەهێڵێ

کـــــۆشی دایکێکـی دڵ بـەســۆ

کەچی لە مــــــاڵی بــــــەهــاردا

گـــــەڵای زەردی نــــاگرێتە خۆ!

پایز گەر دایک بێت، ئەوا دایکێکی بەرپرسیار و مەزنە، ئەوەتا کۆرپەکانی جێدەهێڵێت بۆ ئەوەی مەزنتر و جوانتر بژییەنەوە، ئەمەش دیسان تەواوکەری وێنەی قوربانیدانی پایزمان بۆ دەنەخشێنێت و کۆرپەکانی پایز وەک لێقەوماو و بێ سۆز وەسف دەکات و تەنز لە وەرزەکانی تر دەدات بەتایبەت بەهار، کە کۆرپەکانی پایزییان تەرا کردووە. هەڵبەت پایزی وەک ئەو پەڕی جیاوازیی و دانسەقەیی پێناس کردوە.

 

پـەنجەی تانەی بۆ درێژ مەکەن

کە پـــرچــی خـــۆی دەڕنێتەوە

ئەو فێرە هـــەر پــــاییزانە

هــــــــاوینمان بــــیـر بەرێتەوە

 

شاعیر لێرەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پایز، گەر بۆنی وێرانبوون و داڕمانی لێدێت، ئەوا لۆمەی مەکەن، ئەو خۆی لەنێو شیوەنی خۆیدا کارەساتبارە و هێزی تەواوی بەکارخستووە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە، کە هەڵوەرین داڕووخانی خۆیەتی بۆ جوانیەکی تر، جوانییەک کە تەنیا لە پایزدا هەیە، بەدیوێکی تردا شاعیر پێماندەڵێت پایز تەنیا بوونێکە کە لەنێو کارەسات و داڕووخانی خۆیدا ئەو پەڕی جوانی دەئافرێنێت.

خــۆ هـــەر بە شـــاباشی گـــەڵا

دڵـــی ســـــرووشت نــــاداتەوە

لــە زەماوەندی ڕەنــــگانـــــــدا

یـــــادی کــــــــۆژان دەکاتەوە!

 

ئەم وێنەی شیعرییەی شاعیر، لوتکەی جوانی شیعرەکە نیشان دەدات و پایز وەک دڵفراوانترین و بەخشندەترین نیشاندەدات، ئەوەتا پێماندەڵێت، پایز لە لوتکەی وێرانبوونی خۆیدا، بە وەرینی گەڵاکانی خۆی شاباشی سرووشت و زەوی و تەواوی بوون دەکات، ئەمەش وێنەیەکی شیعریی جوانە کە من بەشبەحاڵی خۆم زۆر بە جیاواز دەیبینم و ئەو پەڕی وردی و دیقەتی شاعیر دەردەخات.

 

تــیـــری لـــۆمــەی بۆ تێدەگرن

بـــاــ قـاسیدی زەردبوونییەتی

ئەو بەو هـــەناسە سـاردەوە

تـــاجـــی زێڕیـن لە سەریەتی !

 

دیسان شاعیر، وەک بەرگیرکارێکی سەرسەختی پایز، دێتە گۆ، شاعیر دەیەوێت بڵێت پایز تاوانبار نییە و ئەوە با یە کە هۆکارە بۆ بنەڕەتی کارەسات و لێقەومانەکە، جیا لەمەش ئەوەتا کۆرپەکانی خۆی، لەپێشچاوی خۆی دەکوژرێن لەلایەن با وە، بەڵام هەرجەندە خۆی هۆکاری وێرانبوونە نییە، ئەوەتا دەرەنجام پایز تاجی زێڕین لەسەر دەکات و ئیمپراتۆریی وەرز و جوانییەکانە.

ئێستا پـــــاییز خۆی شینگێڕی

گەورەو سەرداری خـــــۆیەتی

چەند بۆ کــــۆرپەکانی گــــریا

سەد هێندە بــــــاوکە ڕۆیەتی !!

 

حەمید قەڵادزەیی

پاییزی/2020

 

یەکێک لە خاڵە بەهێز و جوانەکان لە هەر شیعرێکدا، بەلای منەوە، قوفڵی کۆتاییەتی، کە دەبێت دواین پەیام و مەبەستی لێوە وەربگرین، یاخود هێزی زمان و ماناسازیی چڕکردۆتەوە بۆئەوەی بڵێت، پایز خۆی لە شین و ئازاری خۆیدایە کە چۆن وێران دەبێت و چۆن کۆرپەکانی لەدەست دەدات، بەڵام ئەمە ئاساییە و تەواو وێنەیەکی شیعرییە، بەڵام ئەوەی جاوانیی تەواو دەدات بە شیعرەکە و قوفڵی شیعرەکە گریانی پایزە بۆ باوکی، کە سەد هێندەی گریان بۆ خۆی و کۆرپەکانی زیاتر بۆ باوکی دەگرییەت، کە ئەو باوکەش بە دڵنیاییەوە، شاعیری جواننووسی کۆچکردوو محەمەد عومەر عوسمان ە کە جەنەڕاڵی پایز ناسراوە، شاعیر پێمان دەڵێت، پایز بۆ لەدەستدانی باوکی دەگرییەت، زۆرتر لە خۆی و کۆرپەکانی، چونکە پایز دڵنیایە خۆی و کۆرپەکانی دووبارە و سەرلەنوێ لەدایک دەبنەوە، بەڵام ئەوە جەنەڕاڵی پایزە کە باوکی ڕاستەقینەی پایزە و هەرگیز دووبارە نابێتەوە.

بەرزان عەلی

 

© 2017 Hawler