کانونی دووەم 25, 2021

یادێک بۆ نوسەر و روناکبیر شێخ نەورەس شێخ رەشید

 

‎ئامادەکردنی: هەولێر

 

دەمەو بەیانێکی زووی ساڵی ١٩٤٦ لەگەڵ گزنگی خۆرەتاو و دەستپێکردنی رۆژێکی نوێدا، شێخ نەورەس شێخ رەشید شێخ عبدالرحمن چاوی بە رووناکی ژیان کردەوەو مژدەی نەوەیەکی نوێیدا بە ھۆش و ھەستی سەردەمدا.

 

‎ھەڵەبجە زێدی چاو بە دنیا هەڵهێنانی شێخ نەورەسە، بەدەم حەزی زانین و فێربوونی مناڵییەوە ھەنگاو بەھەنگاو گەشەی دەکرد، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە ھەڵەبجە تەواوکردووە، قۆناغی دواناوەندیش لە بەغداو قۆناغی زانکۆ کۆلێژی یاسای لە وڵاتی لوبنان لە زانکۆی لوبنانی عەرەبی خوێندووە.

‎لە ساڵی ١٩٥٩ لەگەڵ خێزانەکەیدا بەمەبەستی نیشتەجێبوون ڕوو لە بەغدا دەکەن. دوای ئەوە لە ساڵی ١٩٧٣ بەیەکجاری دەگەڕێنەوە شاری سلێمانی، دواتر لە ساڵی 1997ەوە بەهەمیشەیی نیشتەجێی ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان بووە.

‎شێخ نەوڕەس لە بواری روناکبیری و سیاسی و ئەدەبیدا ناوێکی درەوشاوەو قەڵەمێکی بەبڕشت و خاوەن ھەڵوێستێکی دیاربووە، زیاتر لە ھەزار وتاری ھەیە کە لە ناوەند و دەزگا چاپەمەنی و میدیاییەکانی کوردستاندا بڵاوکراونەتەوە، دەیان لێکۆڵینەوەی لە ناوەندە ھزرییەکان و گۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاوکردوەتەوە، بە سەدان دیبەیت و دیداری سیاسی و رۆشنبیری و فەرھەنگی ھەیە کە تیایاندا قسەکەرێکی کارامەو خاوەن رای تایبەتی خۆی بووە لە سەرجەمیاندا.

‎لە کەناڵە بینراو و بیستراوەکاندا ئایکۆن و ناوێکی دیاری دیدارو گفتوگۆ تەلەفزیۆنیەکان بووە.

‎لە بواری نوسینیشدا خاوەن قەڵەمێکی کارای جدی بووە کە بەردەوام لەسەر بابەتەکانی ڕۆژ ووتارو دیمانەو ڕاکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە، ئەمە وێڕایی ئەوەی ماوەی سیانزە ساڵ سەرنوسەرو سکرتێری نووسینی گۆڤاری شرۆڤە بووە کە گۆڤارێکی وەرزی سیاسی فیکری سەنتەری دیراساتی پارتی دیموکراتی کوردستانە.

بەهۆی سەرقاڵی بە کاری فەرمی حیزبیەوە دەرفەتی کەمی هەبووە بۆ نووسینی پەرتوک، بەڵام پڕۆژەی چەندین پەرتوکی ئامادە کردووە و هاوکارێکی گەنجینە ئاسای بەهێزی دەیان نووسەر بووە لە نووسینی پەرتوکەکانییان لەبواری یاسایی، سیاسی، ئاینی، تەسەوف و بنەماڵەکانی بابانەکاندا.

‎خۆشی تا ئێستا ھەشت پەرتوکی بەچاپ گەیاندووە، بە ناونیشانەکانی:

‎- نامیلکەیەک دەربارەی فیدڕاڵییەت ١٩٩٣

‎- پەرتوکی دەوڵەت ٢٠٠٤

‎- پەرتوکی سیکۆلاریزم ٢٠٠٩

‎- پەرتوکی راگەیاندنی ئازاد و بەرپرس ٢٠١٠

‎- پەرتوکی سەروەری یاسا ٢٠١٤

‎- پەرتوکی فیدڕاڵییەت و نەوت و گاز ٢٠١٥

‎- پەرتوکی لە ئەبو بەکرەوە بۆ ئەبو بەکر ٢٠١٩ .

‎کۆتا پەرتوکی جگە لە دەنگدانەوەکەی مشتومڕو گفتوگۆیەکی فراوانی بەدوای خۆیدا ھێناو چاپی یەکەمی تەواوبووە و لە سەرووبەندی لەچاپدانی بەرگی دووهەمدایە.

‎- پارتی و بزافی رزگاریخوازی کوردستان ٢٠٢٠.

‎دوو پەرتوکی تەواونەکراویشی لەبەردەستدا بوو کە بریتین لە :

‎- پەرتوکی رێککەوتننامەکانی کورد ٢٠٢٠ کە لە کۆتاییەکانیدایە.

‎- پەرتوکی شیکاریەک بۆ مێژووی سیاسی کورد.

‎لە بواری کاری رێکخراوەییدا دامەزرێنەر و دەستەی دامەزرێنەری ئەم رێکخراوانەبووە:

‎- خاوەن بیرۆکەو دامەزرێنەری بزافی رۆشنبیری سلێمانی ٢٠٠٤

‎- دەستەی دامەزرێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی-عێراقی.

‎- دەستەی دامەزرێنەری رێکخراوی کوردستانێکی سەوز لە بواری پاراستنی ژینگەدا.

‎لە بواری ھزری و رۆشنبیریدا خاوەنی بنەماو پەیام و ئایدیای تایبەت بە خۆی بووەو رێچکەی تایبەتی ھەبووە بۆ تێگەیشتن و گوزارشتکردن لە ھەر بابەت و رووداوێک کە لە رابردوو و لە ئێستادا رویانداوەو ھەمیشە پێشبینییەکانی لەسەر بنچینەی ھزری و مەنتیقی بووە بۆ داھاتوو بە رەچاوکردنی واقیع.

‎لە بواری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا خاوەنی تۆڕێکی فراوانی ھەمەجۆر و ھەمەچەشنی پەیوەندی بووە لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە، دۆستایەتی و ناسیاوی و خزمایەتی ھەبووە لەگەڵ کەسایەتی و بنەماڵە و ھۆز و عەشیرەت و رەوتە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەم پەیوەندییەش پەلی ھاویشتبوو بۆ کەسایەتییە عێراقی و عەرەبییە ناسراوەکان.

‎لە بواری حیزبیدا بڕوای بە رێباز و بەرنامەو پەیڕەو و پرۆگرامی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەبووە، لە کۆتایی نەوەدەکانەوە تاوەکو ساڵی 200٥ کارگێڕی لقی چواری پارتی بووە، دواتر وەک ئەندامی مەکتەبی ناوەندی لە سەنتەری دیراسات و پێگەیاندن و ئەکادیمیای پارتی دەستبەکاربووە. ھەمیشە کوردستانییانە بیری کردۆتەوەو چەمکی دەوڵەت و نەتەوەییبوون سەرچاوە و بنەما بوون بۆ گەڵاڵە ھزرییەکانی.

‎لە ژیانی ڕۆژانەیدا کەسێکی لەسەرخۆو خاوەن بڕواو ئەزموون دیدەبوو، گوێگرێکی باش و قسەکەرێکی کاریگەربوو، ھاوڕێی ھەموو تەمەنەکان بوو، هەمیشە دەستی ھاوکاری درێژبووە بۆ ئەوانەی پێویستییان بە هەرجۆرە یارمەتیەک هەبوبێت، مامۆستا و نموونەی بەرزی کەسانێکی زۆر بووە کە نھێنی سەرکەوتنی ژیانی پێبەخشیوون و دەروازەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی مرۆڤەکان.

‎لە ژیانی خێزانیدا، هاوسەرێکی نمونەیی بووە بۆ ناسکە خانی خێزانی و باوکێکی پڕاوپڕ لە میھرەبانی و سۆز و خۆشەویستی وقوربانیدەر بووە بۆ داستان و بڵند و ڕاکۆی کوڕی و نەوای تاقەکچی، رێز و رێزگرتنی بەرامبەر و بردنەسەری بەڵێن و راستگۆیی و دەستپاکی و سەربەرزی و پاراستنی شکۆو ناوی کەسایەتی و خێزانیی، وانە بەپێزەکانی قوتابخانە پەروەردەییەکەی بوون.

‎زانست وخوێندنی لە پێش ھەر بابەتێکی ترەوە دانابوو بۆ ژیان

‎دابینکەری ژیانێکی خۆش و سەربەرزانە و کەشێکی ئارام و ئایندەیەکی جوان بووە بۆ خێزانەکەی.

‎لە دەمەو ئێوارەی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٠/١٠/٢٢ لە پایتەختی کوردستاندا و بەوپەڕی نەرم و نیانی و لەسەرخۆبوونەوە دوای چاوگێرانی بۆ بینینی خێزانەکەی و بە سروشتی هێمنی خۆی، بە ئارامی ماڵئاوایی لە ژیانکردوو ناوێکی جوان و شکۆیەکی بەرز و ناوبانگێکی شایستەی لەدوای خۆی بەجێھێشت.

‎شێخ نەورەس بە شانازیی ژیا، بە شانازییشەو ماڵئاواییکرد

بۆ ئێمەش وەک رۆژنامەی ھەولێر، شێخ نەورەس قەڵەمێکی دیار و بە بڕشتی رۆژنامەکەمان بوو، لە رابردووداو لە زۆربەی رووداوەکاندا رای تایبەت و سەنگینی خۆی ھەبووە، بەردەوام لە ئاست پێشھاتەکاندا شرۆڤەی جوان و لێکدانەوەی بابەتی کردووە، لە یادی چلەی خوالێخۆشبوودا وێڕای سەرخۆشیمان لە بنەماڵە ئازیزەکەی، لەدەستدانی مامۆستا نەوڕەس کەلێنێکە بۆ ئێمە و بۆ بزافی روناکبیری و ھوشیاری و سیاسی کوردستان.

© 2017 Hawler