تشرینی دووەم 26, 2020

هەمیشە و لە هەموو قۆناغێکی ڕۆشنبیریدا پێویستمان بە هەڵوەستەکردن و وەستانێک هەیە. وەستانێک کە بمانخاتە نێو ڕامان و بیرکردنەوە لەو دنیایەی تێیداین بۆ ئەوەی بزانین چی دەگوزەرێت؟ ئەوەی بەرهەم هاتووە چییە؟

 

 پێویستمان بە چی دیکەیە؟ ئەگەر بە دیاریکراوی هەڵوەستە لەسەر وەرگێڕان بکەین، پێویستمان بەوەیە بە سەرنجتر لە هەر کایەیەکی دیکە قسەی لەسەر بکەین، چونکە ئێستا لێشاوێک کتێبی وەرگێڕان ڕۆژانە چاپ و بڵاو دەکرێنەوە، کە بەشێکی زۆریان لە ئاستی بەرپرسیارێتی و گرنگی وەرگێڕان و پەیامی وەرگێڕاندا نین، چونکە هەر کەسێکی زمانزان دەست بە وەرگێڕان بکات مەرج نییە ئەوەی وەریدەگێڕێت گرنگ و پێویست بێت ئەگەر بەپێی بەرنامە و پێویستی کتێبخانەی کوردی کار نەکات. ئەمە بێجگە لەوەی پاشخانی وەرگێڕان و خوێندنەوە و ڕۆشنبیریی ئەو کەسە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە سەرکەوتنی وەرگێڕاندا.

ئەگەر بە سەرنجێکی خێرا سەیری کتێبخانەی کوردی بکەین و تەماشای ئەو بەرهەمە وەرگێڕدراوانە بکەین کە لەم 10 ساڵەی ڕابردوودا چاپ و بڵاوکراونەتەوە هەر زوو هەست بە بێبەرنامەیی و بێئەزموونی لەم بوارەدا دەکەین، بێگومان ئەمە پێویستی بە هەڵوەستە لەسەرکردنە. بەشێک لە وەرگێڕەکان وەرگێڕان وەکو کردەیەکی میکانیکی دەبینن و هەر ڕۆژە و لە بوارێکدا کتێب وەردەگێڕن بەبێ ئەوەی پاشخانێکی مەعریفیان لەو بوارەدا هەبێت. بێگومان یەکێک لە مەرجە هەرە گرنگ و بنەڕەتییەکانی وەرگێڕانی سەرکەوتوو ئەوەیە، کە وەرگێڕ پاشخانی لەو بوارەدا هەبێت کە کاری وەرگێڕانی تێدا دەکات. ئەگەر لێرەدا نموونەیەکی سادە بهێنینەوە، ناکرێت وەرگێڕێت دەست بە وەرگێڕانی ڕۆمانەکانی نەجیب مەحفوز بکات ئەگەر ئاگاداری دنیای گێڕانەوەی ئەم نووسەرە و هاوکات ئەو زمانە شەعبییە میسرییە نەبێت، کە لە زاری کاراکتەرەکانییەوە بەکارهێنراون. یان ناکرێت کار لە بابەتی فەلسەفیدا بکەیت و ئاگاداری دنیای بەرینی فەلسەفە نەبیت.

لە پیشەکی کتێبی "ئاوەزی خەمۆک"دا موراد فەرهادپوور سەبارەت بە تێگەیشتن لە وەرگێڕاندا ئەوە دەخاتەڕوو کە "وەرگێڕان شێوازێکە لە ڕاڤە و نموونەیەکە لە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە ئەویدی و تێگەیشتن لە ئەویدیش ڕەهەندی هەرە پێویستی هەر چەشنە خۆ وشیاری و ڕامانێکە لە خود. گرێدراویی جەوهەری تێگەیشتن لە خود و تێگەیشتن لە ئەویدی، بنەمای ئەرکی کولتووریی وەرگێڕانە." دەشێ بپرسین چەند وەرگێڕی پیشەگەرمان هەیە کە بە تێگەیشتن و خەمەوە کاری وەرگێران دەکەن. زیاتر لە 10 ساڵە چاودێری پرۆژەکانی موراد و هاوکارەکانی دەکەم لە ئێران کە چ سامانێکی گەورەیان لە وەرگێڕان و نووسینی گرنگ پێشکەشی کتێبخانەی فارسیزمانان و فارسیخوێنان کردووە. خوێنەر کە لە کتێب و پڕۆژەکانیان ورد دەبێتەوە هەست بە خەم و خولیا و حەز و پەرۆشی دەکات، هەست بەوە دەکات کۆمەڵێک مرۆڤ بە کۆڵێک خەمی مەعریفییەوە کاری نووسین و وەرگێڕان دەکەن. چونکە لای فەرهادپوور وەرگێڕان و نووسین دوانەیەکی لێک دابڕاو نین، بەڵکو دوانەیەکی تەواو بەیەکداچوون. مرۆڤی وەرگێڕ (ئەگەر بەڕاستی وەرگێڕ بێت) مرۆڤێکی بیرکەرەوەیە و بە تێگەیشتنەوە کاری وەرگێڕانی کردووە و لانی کەم لەو ڕشتەی کاری وەرگێڕانی تێدا دەکات خاوەنی مەعریفەیەکە، کە بتوانێت پێشەکییەک سەبارەت بە کتێبەکە وەکو دەروازەیەک بە خوێنەر بدات.

دەشێ بپرسین ئایا کامانەن ئەو وەرگێڕانەی کورد کە پیشەگەر و بیرکەرەوەن، تەمەن و ژیانیان بۆ وەرگێڕان تەرخان کردووە، نەک هەر رۆژەی کتێبێک وەربگێڕن و لەسەر داخوازی (بەناو دەزگا) وەکو یاریکەری سێرک هەر رۆژەی لەسەر ڕشتەیەک کار بکەن و بە زمانی بازاڕیی (چی سەرف بوو) ئەوە وەربگێڕن. کاری وەرگێڕ کەمتر نییە لە کاری نووسەر، کەواتە وەرگێڕانیش پێویستی بە پرۆژە هەیە. هەموو پرۆژەیەکیش پێویستی بە تێگەشتن هەیە بێ تێگەیشتن لە مەبەست و پەیامی کارەکە هیچ ئامانجێک ناهێنێتەدی.

ئێستا کاتی خۆڕێکستنەوەی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەیە بۆ ئەوەی تەنها خزمەتی وەرگێڕی پیشەگەر بکەن و وەرگێڕی ساختە دروست نەکەن. کاتی ئەوەشە وەرگێڕکارانە خۆیان بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ کاری وەرگێڕاندا بکەن و پیشەگەرانە و بەپێی پێویستی کتێبخانەی کوردی کتێب بۆ وەرگێڕان هەڵبژێرن، چونکە بەبێ خەمی مەعریفی ئەستەمە وەرگێڕ دەستی لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەکەیدا هەبێت.

 

ئارام كۆشكی - سلێمانی

 

© 2017 Hawler