تشرینی یەکەم 21, 2020

زیدی سمیت بە هێوری لەبارەی ڕۆژگاری پڕ ئاشووبەوە دەنووسێت

نوخبە و ڕیزپەڕە کەم تەمەتەکان، تەنانەت ئەوانەی ماوەیەکی زۆر بە شایستەییەوە لە پانتاییەکە دەمێننەوە، وەک کەسانی ئاسایی یاسای پیربوون نایانگرێتەوە. زیدی سمیت هەمیشە لە وێنەکانیدا کچێکی بیست و چوار ساڵانمان نیشان دەدات کە ڕۆمانی (ددان سپی ـ White Teeth) چاپ کرد و لە سەراسەری دونیا ستایش کرا. بەڵام سمیتیش وەک زۆرینەی کەسەکان لە پیوستاری فەزا ـ زەمەن دەژیت و ئێستا لە نێوەڕاستی چلەکانی تەمەنیدایە و تێڕوانین و تێهزرینی لە کەسانی ١٠٥ ساڵە دەچێت.

هۆشمەندی و بەبڕشتی لە هیچ سەردەمێک زۆر و زەوەند نەبووە، ئەگەر وابوایە ئێستا هێندە بەهادار نەدەبوو، بەڵام لەسەردەمی ئێمە، تەواو بەڕەهووتی هۆشمەندییە. ئێمە لە سەردەمی یەقین دەژین، بەلانی کەمەوە نەڕاندنەکانی کەس و گرووپگەلی جیاواز کە ڕۆژگاری ئێمەیان ڕۆناوە، هەمووی نیشاندەری یەقینە. ڕەنگە ئەمە خۆی لە خۆیدا خراپ نەبێت، ڕەنگە بۆ هەندێک سەردەم چارەنووس وایە کە وەڵامی ئاگری ئایدۆلۆژیک، ئاگری ئایدۆلۆژیک بێت، بەڵام دەربڕین و دەستەواژەی "پێکهەڵشاخان" دەستەواژەیەکی کۆن و دواکەوتووانە بێت کە ناتوانێت بە باشی ئاوازی فەرهەنگی زاڵ لەم سەردەمە گۆ بکات.
هەموو ئەمانە بووەتە هۆی ئەوەی سمیت لەگەڵ سەردەمی ئێمە غەریبە بێت. ئەو، لە پێشەکییە زۆر کورت و پووختەکەی یەکەمین کتێبی توێژینەوەیدا (ڕوانگەم گۆڕا ـ Changing My Mind) دەنووسێت: "بە بڕوای من، هاودژی ئایدۆلۆژیک یەکێکە لە بنەماکانی ئیمان". ئەو ئیمانە وەک ئەوەی کە دەردەکەوێت لە دە ساڵی دوای چاپی کتێبەکە، لەرزۆک و لاواز نەبووە. (ئالیگرییەکان ـ Intimations)، کۆمەڵە توێژنەیەوەیەکی نوێ و کورتی سمیتە (کە کەمترە لە ١٠٠ لاپەڕە)یە و بەدواداچوون و کونجکۆڵییەکی تەواو ژێهاتی و سەرگاڤانەیە (کە چەندین بەشی لەم چەند مانگەی دوایی نووسراوە) و هێوری و ئەقڵانیەتە هەمیشەییەکەی ئەو دەردەخات.
وەها تێڕوانینێک بە مانای ئەوە نییە سمیت خۆی بەدوور دەگرێت لە لایەنگری و پێوەبەستراوی ئەخلاقییەوە. ئەو لە کتێبی ئالیگرییەکان، شێلگیرانە و بێ پێچ و پەنا لەبارەی کوشتنی جۆرج فلۆید و میراتی کۆیلایەتی و گوناهگەلی سیستەماتیک کە کۆڤید ـ ١٩ پەردەی لەسەر هەڵماڵیون، قسە دەکات.
"نەخشەی ڤایرۆسەکە لە ناوچە جیاوازەکانی نیۆیۆرک، ڕێک بە شێوەیەک سوورتر دەبێت کە گوایا ئەم پلەبەندییە جیاوازە ڕەنگ سوورە نیشانەیەک لە ئاڵوودەبوون و مەرگ نییە، بەڵکو نیشاندەری درێژەی داهات و پلەبەندییەکانی قوتابخانەکانی ئامادەییە.. مەرگ بۆ هەمووانە، بەڵام لە ئەمریکا ماوەیەکی زۆرە ئاراستەی لۆجیکی کارەکە وەها بووە کە زۆرترین چانسی دواخستنی مەرگ بۆ کەسانێک بێت کە باشترین پێشنیارەکان بدەن".
سمیت لە توندترین ڕەخنەی، واتە قسەکردن لەبارەی ڕەچەڵەکەوە لەبارەی زۆر کەسی بێ هەژمار دەنووسێت کە "تەنانەت لە شینترین* ویلایەتەکانی ئەمریکا.. بە دڵی خۆیان لاپەڕەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ماوەی ڕۆژێک ڕەش دەکەن، کتێبە نووسراوەکانی ڕەشەکان دەخوێننەوە و لەسەر پرسی ڕەشپێستەکان وانە بە خۆیان دەڵێنەوە و خۆیان فێر دەکەن، بەڵام بەو مەرجەی ئەم فێرکردنە نەبەسترێت بەوەوە کە منداڵی ڕەشپێستەکان بەڕاستی دەبێت لە قوتابخانەکانیان ئامادە بن".
بەڵام سەرەڕای ئەم سەرزەنشت و لۆمانەش، سمیت زمانێکی ئارام و دوور لە هەڵچوونی هەیە. وەها خوو و خدەیەک ترس نییە لە ڕووبەڕووبوونەوە، بەڵکو بەڕاستی زادەی جۆرە حەیرەتێکی ڕاستەقینەیە (لە جۆرە کونجکۆڵ و زۆر باشەکەی)، حەیرەت لە ماهیەتی ئەزموون و مرۆڤەکان، و لەوانەش خۆی.
ئەو دەڵێت هونەری نووسین، ئەگەرچی بە ناحەق ناوی دەنێن "ئەفڕاندن"، بەڵام لە ڕاستیدا شتێکە لەبارەی "کۆنتڕۆڵ"ـەوە. "بەشێک لە زانکۆ کە تیایدا وانە دەڵێمەوە، بەڕاستی دەبێت بە گرووپی ئەزموونگەرای کۆنتڕۆڵکردن ناو ببرێت".
ئەوەی کە ئەو لە پلەی نووسەر و خوێنەر بۆی دەردەکەوێت، "کۆمەڵەیەکی بەربڵاوە لە تێڕوانینە ڕەخساوەکان"، بەڵام لە دونیای حەقیقیدا، ژیان لە نێو دەستتدا کۆنتڕۆڵ ناکرێت، ژیان "نهێناوی و تێکشکاو و زیرەکانە و هۆشیارانە"یە و "هەروەها بە شێوەیەکی پێشبینینەکراو بۆ تاکیش دێتە پێشەوە".
بەهرەی ڕۆماننووسی سمیت، گیانێکی تازەیان بەخشیوەتەوە بە وتارەکانی. بۆ نمونە لەبارەی ناوەندی پسپۆڕی نینۆکی نێو گەڕەکەیانەوە دەنووسێت و دەڵێت بۆ ڕزگاربوون لە سترێس و ڕاڕایی دەچێتە ئەوێ، لەم بەشەدا، لەبارەی ماساژوورەکەی، (بین ـ Ben)، دەخوێنینەوە کە بە هۆی کتێبخوێندنەوەی سمیت لە کاتی ماساژەکانی، سەری دەخاتە سەری و جار جارەیش دەپرسێت قژی "خەڵکی کوێن؟" (سمیت دەڵێت: جامائیکا و بەریتانیا، لە ڕێگەی ئەفریقا). بینیش وەڵام دەداتەوە: "هاهاهاها! تێکەڵاوییەکی سەرەنجڕاکێشە!" لە کۆتایی وتارەکەدا، سمیت لە دوورەوە سەیرێکی بین دەکات و دەبینێت کە ئەو ڕووخساری گەش و خۆشبینە هەمیشەییەی گۆڕاوە بۆ "ڕووخسارێکی عەبووس لە حیساب و کیتاب و نیگەرانی" و سمیت وەها بیر دەکاتەوە کە بین نیگەرانی ئەوەیە کە بە کەمبوونەوەی مووشتەرییەکانی ڕەنگە نەتوانێت خەرجی تێچوونەکانی ژیانی بەدەست بهێنێت.
دڵەڕاوکێ و نیگەرانی لە چەند لاپەڕەی دوای ئەوەش هەڵدەقووڵێت. ئەم کتێبە چکۆڵەیە لە قۆناغێکی گرنگ و مێژووییدا نووسراوە. "داهاتی فرۆشی کتێبەکە تایبەت کراوە بە دوو دامەزراوەی خێرخوازی بە ناوی (گەڵاڵەی دادپەروەری یەکسان) و (بودجەی هاوکارییە تەنگەتاوێیەکانی تووشبووانی کۆڤید ـ ١٩ لە نیۆیۆرک)".
خودی سمیت لە سەرەتای گشتگیربوون و تەشەنەکردنی کۆڕۆنا لە نیۆیۆرک هاتە دەرەوە و بێ ئەوەی کە فڕوفیشاڵ بکات، پەشیمانە لە کارەکەی و عەزابی ویژدانی هەیە. دەڵێت کاتێک بێر لە قیامەت و یا هەر ڕووداوێکی هاوشێوە دەکاتەوە، نیگەران دەبێت لەوەی بێبەشە لە غەریزە و پاڵنەری مانەوە. کتێبی (جادە ـ The Road)** تەواو لە لام درکپێنەکراوە، وەک ئەوەی کۆمەڵە ئەفسانەی سکەندەناڤیا بێت بە زمانی کاتی خۆی. هەمان ڕۆژی یەکەم ـ یا هەمان کاتژمێری سەرەتا ـ خۆکوژی دەستی بێدەنگی خۆی بۆم درێژ کرد".
لە وتارێک "ئازارکێشان هەروەک میل گیبسۆن"(ناوونیشانی ئەم وتارە لە میمی ـێکی بەنێوبانگی ئەنتەرنێتی وەرگیراوە)، دەقێکی هەڵنەرانە لەبارەی لەخاچدانی مەسیحەوە دەنووسێت، کاتێک کە سەیری دوو کەسی لەخاچدراوی تەنیشتی دەکات و بیر دەکاتەوە کە ڕەنگە "ئازارەکانی خۆی دواجار بەراورد بە ئازاری دز و سواڵکەرەکەی لای چەپ و ڕاستی باشتر بێت، چونکە ئەوان لەمێژە بە هۆی لەخاچکدانەوە ئازاریان کێشاوە و (بە پێچەوانەی مەسیح) هیوایەکیان نییە بە باشتربوونی دۆخیان دوای مەرگ".
ئەم ئەندێشەیە لە بەشێک لە دەقەکە دەهێنرێتە پێشەوە کە لەمەڕ وشەی بنەڕەتی بیست ساڵی سەرەتای ئەم سەدەیە ئامادەیە: "هەڤیازی ـ privilege ". سمیت ئەم وشەیە لەگەڵ بیرۆکە و ئایدا فرە ڕەهەندە هەمیشەییەکەی خۆی دەخاتە بەر باسەوە: هەڤیاری و ئیمتیازاتەکەی خۆی دەردەبڕێت، نابەرابەریی درێژماوە شڕۆڤە دەکات و گەڵاڵەیەکی گشتی لە سنوورداریەتییە وەسفییەکانی هەڤیازی و ئیمتیاز دەخاتە ڕوو، سنوورداریەتیگەلێکی وەک ئەوەی کە دواجار کەس لە ئازار ناپارێزێت و ئەم پرسە جاری وایە تا ئاستی خۆکوژی دەچێتە پێشەوە. لە دونیا زیدی سمیت (کە لە ڕوانگەی منەوە، هەمان دونیایە کە هەموومان تێیدا دەژین)، ئاڵۆزیی باڵادەستە.
ئەو هاودڵی دەکات لەگەڵ نەوەکانی پاش خۆی کە لە سەدەیەکی پڕ لە دژوارییەکان لەدایک بوونە و ئێستا لەم قەیرانەشدا، نیگەرانی ئایندە تەواو لەرزۆک و لێڵەکەیانن. سمیت لە یەکێک لە جوانترین ڕستەکانی کتێبەکەی واتە ئالیگرییەکان دەنووسێت: "مزگێنی بێ کۆتا بە لاوانی ئەمریکایی (مزگینییەک کە لە فیلم و ڕێکلام و بڕووشوورە ڕێکلامییەکانی زانکۆکان دەرخواردیان دەدەن) درۆیەکی پووچە و هێندەش بڵاو بووەتەوە کە تێگەیشتم خوێندکارەکانم بە تەنز و بەزمەساتێکی ڕەشەوە گاڵتەی لەبارەوە دەکەن، تەنزێک کە هی پیرەپیاوەکان و کۆنەسەربازەکانی شەڕە".
ڕەنگە زۆر سەرنجڕاکێش بێت کە گوێمان لە گفتوگۆیەکی سمیت بێت لەگەڵ خوێندکارەکانی و بزانین ئەندێشەکانیان لەکوێ تێک دەکەنەوە و لە کوێ جیاواز و دژن. سمیت لە کۆتایی کتێبەکەی، بە دەربڕینێکی کورت، ناسنامە بە یەکێک لە "ناوەندەکانی سەرنج" دەناسێنێت. لە شوێنێکی دیکە لە بەرژەوەندی یەکگرتوویی نێوان "چینی تاعوونلێدراو ـ واتە هەموو ئەو خەڵکانەی بەدەر لە نژاد و ڕەچەڵەکیان، لە ڕووی ئابوورییەوە کەوتوونەتە ژێر چەوسانەوە" بەڵگە دەهێنێتەوە.
سمیت سەرەڕای حەزی بەو شتەی کە پێشتر بە "هاوپەیمانی سەرووی جیاوازییەکان"ی ناو بردبوو، ڕوانگەگەلێکی بۆ گوتن هەیە کە خۆی بە کۆن و دواکەوتووانەیان دەزانێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەزانێت کە ئێستا باسی گفتوگۆ گەرمەکانن. بۆ نمونە ئامادە نییە واتای "تاوان لە ڕووی ڕەقەوە" وەک جیاوازییەکی دڵخواز قبوڵ بکات، چونکە ئەم کارە "بەهابەخشینە بە شتێک کە بە بڕوای من جۆرە ئاراستەگیرییەکی هەڵەیە" و هێزێکی ناڕەوا دەبەخشێتە دەمارگرژی بن ئەم دەستەواژەیە.
سمیت دەنووسێت: "نەفرەت لە گشتیەتی گرووپێکی تایبەت، خراپترین و ناژیرانەترین و لاوازترین و بێماناترین جۆری نەفرەتە. وەها نەفرەتێک نابێت تایبەتمەندییەک بە خۆیەوە بگرێت و لەم ڕێگەیەوە ببێتە گوتارێکی مەعریفەناسی جیا، چونکە ئەمە ڕێک هەمان ئەو شتەیە کە تاکی بکوژ باوەڕی پێیەتی".


پەراوێز:
* مەبەستی لێرەدا ئەو ویلایەتانەیە کە هێشتا دەستی کۆڕۆنایان پێ نەگەیشتووە.
** کتێبێک بە قەڵەمی کورمەک مەک کارتی
*** (میمی ـ meme)، تانەیە لە کەسانێک کە لە خۆشیدان و بەرامبەر دژوارییە نەدیتووەکانیان، ناڕەزایەتی دەردەبڕن. وێنای میم بەم شێوەیەیە کە لە پشتی دیمەنی فیلمی لەخاچکدانی مەسیج، میل گیبسۆن لە تەنیشت جەیمز کاویزل، ئەکتەری ڕۆڵلا مەسیج، دانیشتووە. عیسا ڕووخساری خوێناوییە، بەڵام بێدەنگ دانیشتووە و گلەیی ناکات، لە کاتێکدا کە میل گیبسۆن بە ڕووخسارێکی خاوێن و ڕێکەوە گلەیی لە شتێک دەکات کە لە میمە جیاوازەکانی بابەتی گلەییکردن، جیاوازی هەیە.

© 2017 Hawler