تشرینی یەکەم 21, 2020

"چیرۆکی 'پیاوێکی غەمگین"ـەکەی چیخۆف

لەم ماوەیەی ڕابردوودا کورتە ڕۆمانی (چیرۆکێکی غەمگین)ی چیخۆف لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ جەبار سابیرەوە کرایە کوردی ناوەندی ئاوێر چاپ و بڵاوی کردەوە.

 

ئەم کورتە ڕۆمانە یەکێکە لە کورتە ڕۆمانە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم نووسەرە بەو پێیەی چیرۆکەکە گێڕانەوەی ژیانی پیرەمێردێکە، کە تەمەنێکی زۆر بەڕێکردووە و ئێستا لە هەوڵی ئەوەدایە، کە ژیانێکی ئارام بژی. چیرۆکەکە بە چەند ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش زیاتر خوێنەر بە خۆیەوە گیرۆدە دەکات. بەڵام خاڵی هەرە دیار و سەرنجڕاکێشی ئەم چیرۆکە لەو جێگەیەدایە کە چیخۆف زۆر بۆچوونی خۆی لەسەر زۆر لایەنی ژیان دەخاتەڕوو و بەتایبەتیش ئەدەبیات و شانۆ. ئەم خاڵە وەکو خاڵێکی جیاکەرەوە و تایبەتمەندی ئەم چیرۆکە دەخرێتەڕوو. لەم کتێبەدا دوو ڕای دژ بەیەک لەسەر شانۆ دەخرێتەڕوو ڕایەکیان لایوایە کە شانۆ لە هەلومەرجی ئێستادا تەنها دەتوانێت سەرگەرمی بێت. لە لایەکی دیکەشەوە بۆچوونێکی دیکە دەخاتەڕوو کە شانۆ شتێکە بەرزتر لە وانە خوێندن لە خوێندنگە و بەرزتر لە کتێب.

ئەم بۆچوونانەی چیخۆف لەم کتێبەدا دەیخاتەڕوو بۆچوونگەلێکە وەکو وەڵامدانەوەیەکیش دەبینرێت بەرانبەر بەو کەسانەی ساڵانێک بە چاوێکی سووک سەیری شانۆیان دەکرد و وەکو هونەرێکی نزم دەیانبینی، بەڵام چیخۆف لەگەڵ گواستنەوەی بۆچوونی ئەوانیشدا وەڵامی خۆیشی بەوان دەداتەوە. لە جێگەیەکی دیکەی ئەم چیرۆکە غەمگینەدا بۆچوونگەلێکی زۆر لەسەر ئەدەبیات خراوەتەڕوو و چیخۆف دژی ئەو کەسانە دەوەستێتەوە، کە تەنها بەهـ بەهـ بۆ ئەدەبیات دەکەن بەبێ ئەوەی سوودێکی لێوەربگرن. لە جێگەیەکدا دەڵێت: "ئەو کەسانە ئارەزوویەکیان نییە سوود لە ئەدەبیات وەربگرن بۆیە هەر بەهـ بەهـی بۆ دەکەن".  

هەموو ئەو شتانەی لەم چیرۆکەدا خراونەتەڕوو هەوڵێکن بۆ ئەوەی چیخۆف لە کۆتایی چیرۆکەکەیدا رستەیەکی سەرنجڕاکێش دەربڕێت، کە وەکو زللەیەک بیدات لە خوێنەر و بە ئاگای بهێنێتەوە ئەویش ئەو جێگەیەیە کە دەنووسێت: "پێم بڵێ چیت دەوێت تا پێت بڵێم چ مرۆڤێکی". ئەم ڕستەیە ئەگەر بە دیوێکدا وەکو خۆناسین دەربکەوێت ئەوا بە دیوێکی دیکەدا وەکو ئەویترناسینیش دەردەکەوێت. مرۆڤ بۆ ئەوەی لە خۆی تێبگات پێویستە خۆی بناسێت بۆ ئەوەی لە دونیاش تێبگات دەبێت چاوێکی هەبێت بۆ ئەوەی ئەوانی دیکە بناسێت. مرۆڤە گەمژەکان ئەوانەن، نە دەتوانن خۆیان بناسن و نە چاوێکی دیکەشیان هەیە بۆ ناسینی ئەوانی دیکە. هەر بۆیە نە لە ژیان تێدەگەن و نە دەشتوانن بە بایەخەوە لە ژیان بڕوانن و سوودمەند بن بۆ ئەو جیهانەی ئەوان تێیدا دەژین.

بەر لەوەی دوا خاڵێک بۆ ئەو نووسینە دابنێم دەمەوێت ئەوە بڵێم بەرهەمەکانی چیخۆف زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرن کە لەم نووسینە کورتەدا بناسێنرێن، بۆیە ئەمە تەنها بەرکەوتنێکی منە بە چەند ئایدیا و ڕستەیەکی نێو ئەم چیرۆکە غەمگینەی چیخۆف، کە چیرۆکی پیرەمێردێکی شەست و دوو ساڵە کە دەیەوێت یاداشتەکانی خۆی بنووسێتەوە. ئەم کتێبە زیاتر لەوە جوانە کە لێرەدا لێی دواین. ئەمە بە تەنها چیرۆکی پیرەمێدێک نییە، ئەمە چیرۆکی بەرکەوتنی ئینسانە لەو جێگایانەدا کە ڕەنگە ڕۆژانێک هەموومان بە جۆرێک لە جۆرەکان بەری بکەوین. دەستخۆشی بۆ "جەبار سابیر" کە بە وەرگێڕانی جوان ئەم کتێبەی بۆ کتێبخانەی کوردی زیاد کردووە.

 

ئارام كۆشكی - سلێمانی

© 2017 Hawler