تشرینی یەکەم 21, 2020

دوو وتاری دڵشاد كاوانی و سەرنجێك

بێگومان نووسین لە بارەی كتێبێك، بە تایبەتیش ئەگەر ڕەخنە و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی بێت، پێویستی بە پاشخانێكی ڕۆشنبیری گەورە هەیە.چونكە ئەركی نووسەر لێرەدا، وێرای ئەوەی ڕەخنەكردن و شڕۆڤەكردنی ناوەڕۆكی دەقەكەیە، هاوكات وردبینیشە. بۆ ئەوەی خودی نووسەرەكە، خۆی نەكەوێتە هەڵەوە. بۆیە بڕوام وایە، هیچ ژانرێك هێندەی لێكۆلینەوە لە دەقی ئەدەبی، بەرپرسیاریەتی نییە. چونكە بچووكترین هەڵە و كەمترین زانیاریی، دەبێتە هۆی بە هەڵە تێگەیاندنی خوێنەر. ئاساییە نووسەرێك لە نووسینێكی خۆیدا، چەندین هەڵەی بابەتی و مێژوویی و زمانەوانی بكات، بەڵام ئەوە ئاسایی نییە، كە ئەوەی ئەو هەڵانە بۆ نووسەر ڕاست دەكاتەوە، خۆی بكەوێتە هەڵەوە. لەو ڕوانگەیەوە وەك خوێنەرێك دەمەوێت لە بارەی دوو وتاری بەڕێزێك بە ناوی(دلشاد كاوانی)یەوە چەند سەرنجێكی كورت و خێرا دەرببڕم.

 

وتاری یەكەم:_

ئەم وتارە كەلە ژمارە(3314)ی 29/7ی ڕۆژنامەی هەولێر بڵاو كراوەتەوە، لە بارەی ڕۆمانی كتێبفرۆشە. كاوانی لە بارەی ڕۆمانەكەوە:_

*نووسیویەتی:_((هیچ پیاوێكی ڕۆژهەڵاتی نییە، كە بەم زمانە باسی ئەوە لەگەڵ ژنەكەی بكات، كە چۆن كەسێكی دیكەی خۆشدەوێت)). لێرەدا، كاروانی ئەوەی بیرچووە كە ئومێد توانای سەرجێی و كرداری سێكسی نەماوە. هەر پیاوێكیش ئەو ئەندامەی بمرێت، هەست بە داڕووخانێكی گەورە و نەنگییەكی قووڵ و گەورەی كۆمەڵایەتی و كەسی دەكات، كە ناتوانێت تەنانەت چاویش هەڵبێنی و بگرە هەندێكییان خۆشیان دەكوژن. چونكە لە ڕۆژهەڵاتدا، پیاوبوون یەكسانە بەو كردارە كە بە داخەوە ئەمە تێگەیشتنێكی هەڵەیە. بۆیە كە ئومێد بەو شێوەیە لەگەڵ خاتوونی خێزانی دەدوێت، ڕەنگدانەوەی ئەو بارە دەروونیەیەتی. وێرای ئەمەش، هەم شەرع، هەمیش یاسا، هەم لایەنی كۆمەڵایەتی،ڕەوایەتی بە جیابوونەوەی خاتوون دەدەن لە مێردەكەی، كە واتا ئومێد چی بكات؟!.

* نووسیویەتی:_(( بەعسییەكان كارێكی باشییان كردووە كە ئاویان نەداوەتە سەڵاح چونكە دەمرد)). پرسیاری من وەك خوێنەرێك لێرەدا ئەوەیە، ئایا بە عسییەكان كاتێ كەسێكییان لە خۆپیشاندانێكدا دەگرت، هێندە بە سۆزو مرۆڤدۆست بوون بهێڵن بە زیندووەتی بمێنێتەوە؟مەگەر ئەوان هەزارەها زیندانییان، دوای ئەشكەنجەدانی زۆر، سارێژ ناكردوو كە چاكیش دەبوونەوە لە سێدارەیان نەدەدان؟ هەرگیز بەعسییەكان كاری باشییان نەكردووە. بە تایبەتیش بەرامبەر خۆپیشاندەران و ڕێكخستنە سیاسییەكان. ئەمە هەڵە تێگەیشتنە.

*نووسیویەتی:_((ڕۆماننووس كۆتایی ڕۆمانەكەی بە واڵای هێشتۆتەوە بۆ خوێنەر)) كەچی لە درێژەی وتارەكەیدا دەڵێت:_(كۆتایی بە ڕۆمانەكەی هێناوە)).هاوكات، پێ دەچێ كاوانی ئاگاداری ڕۆمانی كوردی نەبێت، چونكە چەندان ڕۆمانی دیكە هەن، پێشی كتێبفرۆش چاپ و بڵاو كراونەتەوە و كۆتاییەكی كراوەشیان هەیە وەك:((گرەوی بەختی هەڵاڵە)). نەك ئەمە تەكنیكێكی تازە داهێنراوبێت لە كتێبفرۆشدا.

* نووسیویەتی:_((هەموومان دەزانین بەعس هەموو كوشتنێكی بە یاسا دەكرد و هەڕەمەكی نەبوو)). بێگومان ئەمەش بێ ئاگایە لە مێژووی سیاسی عێراق،كە پەتایەكی زۆربەی نووسەرانی ئێمەیە كە لە بارەی هیچ شتێكەوە زانیارییان نییە و كەچی خۆشیان وەك مەلای دوانزە عیلم دەبینن. چونكە هیچ ڕژێمێك لە دنیادا،هێندەی بەعس بە هەڕەمەكی و بێ هیچ یاسا و دادگایی كردنێك خەڵكی نەكوشتووە. مەگەر بەعس سەدان گەنجی كوردی لە نێو بازاڕدا بە بەرچاوی خەڵكەوە گوللە باران نەكرد؟.

* نووسیویەتی:_((چۆن چیاد بە ئومێد دەڵێت بۆ كوشتنی تۆ هاتووم)). زۆر نموونەی لەو شێوەیە لە شۆڕشی كوردیدا هەن، كاتێ سیخورێك ڕادەسپێردرا بۆ كوشتنی نەیارێكی ڕژێم، كارەكەی ناكردوو ڕاستەوخۆ پیلانەكەی ئاشكرا دەكرد. ئەگەر بە وردیش ڕۆمانەكەی خوێندبێتەوە، ئەوا چیاد خۆی دەڵێت:_(لە بەر ژیان من بوومەتە ئەمن). كە ئەمەش نیشانەی باوەڕ نەبوونییەتی بە كارەكەی.

 

وتاری دووەم: _

ئەم وتارەش لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە(3315)لە 9/8 بڵاوكراوەتەوە. وتارەكە لە بارەی ڕۆمانی شەوانی باكۆیە. بێگومان هێشتا ئەو ڕۆمانەم نەخوێدۆتەوە، وەلێ هەر كەسێك خانمباز بخوێنێتەوە، دەزانێ ئەو بەڕێزە نەك ڕۆماننووس نییە، بگرە گاڵتەجاڕیش بە دنیای ڕۆمان دەكات. بۆیە نە سنووری بەزاندووە، نە باسی پۆڕنۆش دەكات، وەك ئەوەی كاوانی تێی گەیشتووە. بەڵكو شكۆی ژن لە ڕۆمانەكانی دەشكێنێ. كاوانی لەو وتارەیدا دەنووسێت:_

*نووسیویەتی:_(( ڕێواسی سپیی نییە)). بەڵام ڕێواسی سپی هەیە، لە ناوچە هەرە ساردەكان و ژێر بەفر دەڕوێت و دەكرێ لەم بارەیەوە، كاوانی زانیاریی لە ڕیش سپی و پیاو ماقووڵانی خۆی وەربگرێت!!.

*نووسیویەتی:_(( گەنم شیرین نییە)). نووسەر لێرەدا، لە مانای دەربڕینی ڕۆمانەكە نەگەیشتووە. چونكە ئەسمەرو گەنم ڕەنگییەكان شیرینن. بۆیە ئەم دەربڕینە شیاوە و هەڵەی تێدانییە.دواتریش گەنم وەك وەسفێكی نایاب بۆ كچەكە بەكار هاتووە. وەك گەنمی قەندەهاری بوو، خۆ مانای وانییە كچەكە گەنمە، بۆ لە یەك چوونە.

*نووسیویەتی:_((چۆن لە ماوەی مانگێك مەمك لە بنی مەمكەوە بۆتە پرتەقاڵ)). لێرەوەش كاوانی بە هەڵەداچووە. چونكە دەبوو بزانێت مەمك بە دەست لێدان و گرتن و گوشین، بە خێرایی و لە ماوەیەكی زۆر كورتدا گەورە دەبێت. بە تایبەتی كە ئەو كچە گوڵفرۆشی یانەكە بووە. مەگەر لە یانەكان، كەسی سەیری مەمك دەكات و تێی ڕادەمێنێت؟.

* نووسیویەتی:_((چووە گەرماوەكە دووشێكی وەرگرت هەڵەیە)). بەڵام ئەم ڕستە لە دەربڕین زۆر ئاساییە و لەگەلێك ڕۆمان كەوتۆتە بەرچاوم. دووشێكم وەرگرت، بە مانای گەرماوێكم كرد. بۆنموونە زۆرجار دەگوترێت:-پشوو بدە، یان پشووێكی وەرگرت. خۆ پشووش دەدرێت وەرناگیرێت.

*نووسیویەتی:_((لیمۆ گەورەترە لە شەمامە)). بەڵام ئایا لیمۆ هەموویان یەك قەبارە و یەك شێوە و یەك قورساییان هەیە؟.

*نووسیویەتی:_(( پێش ئەم ڕۆماننووسە شێرزاد حەسەن و حوسێن عارف)) باسی ئەم بابەتە دەكەن كەمەبەستی پۆڕنۆیە. بڕوام وایە بە قووڵی لە بەرهەمەكانی شێرزاد حەسەن نەگەیشتووە.كەس ئەوەندەی ئەو ڕۆماننووسە دیارەی كورد، شكۆ بۆ سێكس و جەستەی ئافرەت دانانێت و بە هیچ شێوەیەك پەیامی ئەو لە گەڵ پەیامی نووسەری شەوانی باكۆ یەكناگرێتەوە. بگرە بەراورد كردنیشیان، بێ ئاگایەكی گەورەیە لە ئەدەب و ڕۆمان. چونكە شێرزاد حەسەن لە نووسینەكانیدا، هەمیشە دژی ئەو ئەقڵە دەوەستێتەوە كە ژن وەك كاڵا لە خزمەت پیاودا دەبینێت.هاوكات ئەم بەڕێزە لە نووسینەكانیدا، چەند بۆچوونێكی سەیر دەردەبڕێت،بۆنموونە دەڵێت:_((هیچ ڕۆمانێك نییە بەتاڵ بێت لە داهێنان)).بەڵام ئایا هەموو ڕۆمانێك داهێنانی تێدایە؟ یاخود دەنووسێت:_((حەیفە لەسەر ئەو ڕۆمانە نەنووسیت ئەگەر لە ئاستی پێویستیش نەبێت)). هەر نووسەرێك هەستی كرد ئەوەی دەینووسێت لە ئاستی پێویست نییە، باشترین و سەرەتاییترین هەنگاو هەڵیبێنێ ئەوەیە، كە واز لە نووسین بێنێت و قەڵەمەكەی دابنێت.! دواجار دەڵێم، بە هیچ شێوەیەك ئارەزووی ئەوەم نەبوو كۆمێنت لە بارەی ئەو سەرنجە سادە و ساكارو بێ ئەرزشانەی كاوانی بدەم. بەڵام چونكە ئەمە نووسینە و لە ڕۆژنامەیەكی بەربڵاوی وەكو هەلێریش كە دەچێتە هەموو شوێنێك بڵاوكراوەتەوە، ئیدی بە پێویستمزانی وەك خوێنەرێكی ئاسایی ئەو سەرنجانە بخەمەڕوو. هیوادارم وردتر بێت لە نووسین. بە تایبەتی ئەگەر دەیەوێت لە بواری خوێندنەوەی ڕۆماندا بابەت بنووسێت!!.

 

سەدیق سەعید ڕواندزی

© 2017 Hawler