تشرینی یەکەم 21, 2020

پلانی پاراستنی دارستانەکانی سلێمانی

ساڵانە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بە دیاریکراوی لە شاخی ئەزمەڕ و گۆیژە چەندینجار ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمار دەکرێت و هەموو جارێکیش بەشێکی زۆری دارستانی چیای ئەزمەڕ و گۆیژە دەسووتێ و لەناو دەچێت. ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە خەریکە ئەم ئاگرکەوتنەوەیە لە حاڵەتەوە دەردەچێت و دەبێتە دیاردە. هەر ئەم چەند مانگ لەمەوبەرە، چەندین دۆنم دارستانی چیای گۆیژە سووتا و بە هەزاران درەختی لەبەین دا؛ پاش ئەم ڕووداوەش هیچ ئامادەکارییەک نەکرا بۆ ئەوەی ڕووداوی لەو چەشنە دووبارە نەبێتەوە.

 

کاتێک دوو ساڵ لەمەوبەر بە سەدان دۆنم زەوی لە چیای گۆیژە سووتا و بە هەزاران درەختیش لە ناوچوون، بەڵام دیسان هیچ پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە نەبوو بۆ پاراستنی دار و ڕووبەری سەوزایی چیای ئەزمەڕ و گۆیژە. تازەترین ئاگرکەوتنەوەش لەوەی شەوی هەینی (4ی ئەیلوول) بوو کە دیسان سەدان دۆنم زەوی لە چیای گۆیژە و نزیک شوێنی نیشتەجێبووانی شوقەکانی شاری گۆیژە سووتان و بە هەزاران درەختیش لەناو چوون. ئەمە ڕووداوێکە کە چیتر نابێت ئاوها بە سانایی تێبپەڕێت و ناکرێت ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی بدرێت. لێرەدا پێویستمان بە وەستان و بەخۆداچوونەوە و بەرنامەی نوێ هەیە. نەک بۆ سەوزکردنی ڕووبەرە باهێرەکانی شار، بەڵکو بۆ پاراستنی ئەوەی وا وەختی خۆی سەوز کراوە.

ئەوەی تێبینی دەکرێت لە 10ساڵی ڕابردوودا دەست کراوە بە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە شاری سلێمانی و ئەم بەرنامەیەش کەموکورت جێبەجێ کراوە و گلەیی و گازندەش لەسەر ئەمە زۆرە، (کە لێرە دەرفەتی ئەوە نییە بچمە سەریان)، بەڵام بە ڕووکارە گشتییەکەی جێگەی دەستخۆشییە. بەڵام لەگەڵ ئەم پلان و بەرنامانەدا گرنگە پلان و بەرنامەی پاراستنی ئەو ڕووبەرە سەوزیانە هەبێت کە پێشتر هەبوون، کە بە دڵنیاییەوە دەیڵێم ئەوە نەبووە بەو پێیەی کە بە بەڵگە لەبەردەستمە دەیان ڕووبەری سەوزایی ئێستا دەستدرێژی کراونەتە سەریان و لەبری سەوزایی کراونەتە شوێنی بازرگانی. نموونەی هەیە دیار ئەو دەیان و سەدان دۆنمە ڕووبەرە سەوزییەی ڕێگەی تاسڵوجە-سلێمانی، عەربەت-سلێمانی بوو کە بەشی هەرە زۆری بڕدراوەتەوە و کراوەتە پڕۆژەی بازرگانی. هاوکات پارێزگاری نەکردن لە ڕووبەرە سەوزاییەکانی چیای ئەزمەڕ و گۆیژە. ئێستا ئەگەر ساڵانە 10 هەزار درەخت لەو دوو چیایە بڕوێنرێت، کە من بە گومانم لەم ژمارەیە، ئەوا دوو هێندە لەو ژمارەیە بەهۆی سووتانەوە لە ناودەچێت. کەواتە ئەرکە گرنگەکە چییە؟

هەنووکە ئەرکە گرنگەکە چەندە زیادکردنی ڕووبەری سەوزاییە، دوو هێندە گرنگە پارێزگاری لەو ڕووبەرە سەوزاییانە بکەین کە بەشی زۆریان درەختەکان تەمەنیان لە سەرووی 30 ساڵەوەیە. ئەو ژمارە زۆری درەخت کە شەوی هەینی ڕابردوو لە چیای گۆیژە سووتا بەشی هەرە زۆریان تەمەنیان لە سەرووی 30 ساڵەوە بوو. بۆ پاراستنی ئەو ڕووبەرە سەوزاییە چەند پێشنیارێک دەخەنە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان:

  • گرنگیدان بە بوونی ئاگربڕ لەنێوان زۆرنەکانی داراستانەکەدا. هاوکات ڕنینەوەی پووش و پەڵاش لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کە دەبێتە ڕێگریکردن لە کەوتنەوەی ئاگر.
  • بوونی تیمی پارێزگاری لە تیمی ئاگرکوژێنەوەی تایبەت بە دارستانەکانی گۆیژە و ئەزمەڕ، کە ئەمە دەبێتە ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی کارەساتباری لەم شێوەیە.
  • دابینکردنی بودجەی تایبەت بە سەوزکردنەوەی ئەو ڕووبەرانەی وشک هەڵگەڕاون.
  • ڕێکخراوە ژینگەییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان ببنە گروپی فشار بۆ پاراستنی ئەو ڕووبەرە سەوزاییەی کە ماوە.
  • سزادانی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە کردنەوەی ئەم جۆرە لە ئاگرکەوتنەوە و ئەگەر بەسەریاندا ساغ بوویەوە سزای توند بدرێن و جۆری سزاکەشیان بڵاو بکرێتەوە تا کەسانی دیکە لەم جۆرە کارانە نەکەن.

 

ئارام كۆشكی - سلێمانی

 

© 2017 Hawler