ئەیلول 18, 2020

ڕانانێکی کورت بۆ "سێ کچەکەی حەوا"ی ئەلیف شەفەق

ئارام كۆشكی - سلێمانی

 

لەنێو ئەو فەوزا گەورەیەی کاری وەرگێڕان و نووسینی کوردیدا، زەحمەتە دەقە جوانەکان بدۆزرێنەوە و کەشف بکرێن. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێک وەکو جۆرێک لە نەزیفی وەرگێڕان وەهایە، کە بەشێک لە وەرگێڕەکان (ناڵێم هەمووی) هەر تێکستێکیان بەردەست بکەوێت وەری دەگێڕن، لە کاتێکدا هەموو تێکستێک شایستەی ئەوە نییە بچێنە نێو زمان و وڵاتێکی دیکە. بۆ ئێمەی کوردیش هەموو تێکستێک شایستەی وەرگێڕان نییە.

وەرگێڕ بەرپرسیارە بەرامبەر تەواوی ئەو کتێبانەی وەری دەگێڕێت. هەم لە ڕووی ئەمانەتی وەرگێڕان و هەم لە ڕووی بەپێزی ناوەرۆکی تێکستە وەرگێڕدراوەکەوە. یەکێک لەو نووسەر و وەرگێڕە بەرپرسیارانە "فەرهاد چۆمانی"یە. تا ئێستا زۆربەی نووسین و وەرگێڕانەکانیم خوێندووەتەوە. هەستم بەوە کردووە، کە نووسەر و وەرگێڕێکی بەرپرسیارە و ئەو دەقانەشی هەڵیدەبژێرێت بۆ وەرگێڕان دەقی شایستەن.
هەفتەی پێشوو "سێ کچەکەی حەوا"م خوێندەوە، کە پێنجەم رۆمانی ئەلیف شەفەقە دەیخوێنمەوە و بەلامەوە لە ڕیزی ڕۆمانە سەرکەوتووەکانیدایە. هەم لەڕووی کاراکتەرسازیی و هەم هەڵبژاردنی تێمە و هەم تەکنیک و شێوازی نووسین. رۆمانەکە چیرۆکی خێزانێکی ئیستابوڵی دەگێڕێتەوە، کە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لەنێوان بڕوادار و بێبڕواییدا دابەش بوون. بەشێک لەم خێزانە لەژێر سێبەری ئاییندا ڕۆژگار دەگوزەرێنن و بەشێکی دیکەیان دوور لە ئایین و لە فەزایەکی تەواو دژدا درێژە بە ژیان دەدەن. لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا کەسێکی گومانکار هەیە، کە هەم بەشێک لە ئیمان و بەشێک لە گومان و بێبڕوایی لە خانیدایە، ئەو کەسەش "پەری"یە، کە کاراکتەری سەرەکی رۆمانەکەشە.
پەری نموونەی ئەو مرۆڤە رۆژهەڵاتییەیە، کە هەم باوەڕی هەیە، هەم گومان، لەنێوان ئەم دوو دونیایەدا بەتەواوی گیری خواردووە. کاتێک لە دایکی نزیک دەبێتەوە دەبێتە کەسێکی باوەڕدار و دایکی ئەوەندە بە جیدیەتەوە سرووتە دینییەکان جێبەجێ دەکات، بەتەواوی دەبێتە شوێن باوەڕی پەری، کە ئەم ئایینە دەشێ پەیڕەو بکرێت. کاتێکیش لە باوکی نزیک دەبێتەوە (کە کەسێکی بێ باوەڕە) ئیدی ئیمان لە دڵیدا بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات و بڕوا بەو تێز و ئەرگۆمێنتانە دێنێت، کە باوکی سەبارەت بە ئایین و خودا باسیان دەکات.
رۆمانەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی چەندینجار و لە چەندین شوێنی جیاوازدا ئەم پرسیارانە دەخرێنەڕوو و هەمووجارێکیش نووسەر لە گۆشەیەکی دیکەوە هەوڵی خستنەڕووی وەڵام دەدات. بەشێکی زۆری ڕووداوەکانی ئەم رۆمانە لە شاری ئیستابوڵ ڕوودەدات. پەری فیگەری سەرەکی رۆمانەکەیە. رۆماننووس بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر دوانەی پەری و ئیستابوڵی پێکەوە گرێداوە، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاوێتەی کردوون، یان وەکو ئەوەی من هەستم پێ کرد کە ئاوێتەبوون. چۆن پەری کەسێکی گومانگەرایە و نە بەتەواوی بڕوادارە و بە بەتەواویش بێبڕوایە. ئاوهاش شاری ئیستابوڵ بەهەمان شێوە نیوەیەکی بڕواداری هەیە، کە بەشە ئاسیاییەکەیە و نیوەیەکی گومانگەراشی هەیە، کە نیوە ئەرورپییەکەیەتی. ئەم تێهەڵکێشەی نێوان ئەم شارە و فیگۆری سەرەکی ئەم رۆمانە بۆ من ئێجگار سەرنجڕاکێش بوو. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ئیستابوڵ و پەری هەر بەو شێوەیە دەمێننەوە؟
تا دوا لاپەڕەکانی ڕۆمانەکە ئەم گفتوگۆیانە درێژەی هەیە. پەری هەر بە گومانکاری دەمێنێتەوە و لە کۆرسەکانی مامۆستا "ئازوور"ی تیۆلۆژیستیش هەر مرۆڤە گومانکارەکەیە و لە گفتوگۆ توندەکانی نێوان دوو دەستە خوشکەکەشی "مونا و شیرین" دیسان ئەو وەکو کەسێکی گومانکار بەردەوامی بە گومانەکانی خۆی دەدات و وەکو مرۆڤێکی هەڵواسراو لەنێوان دوو جیهاندا جۆلانە دەکات. بەڵام ئایا مرۆڤ چۆن بگاتە یەقین و ئایا گەیشتن بە یەقین بۆ مرۆڤێک، بەتایبەت مرۆڤی رۆژهەڵاتی چ مانایەکی هەیە؟
لە رۆژهەڵاتدا مرۆڤی رۆژهەڵاتی هەر کاتێک چاو دەکاتەوە و دونیا دەبینێت، بەشێک لە باوەڕ و ئایینی پێوە دەلکێنرێت. لە پرۆسەی پەروەردەبوون و گەشەسەندیشدا زۆرجار ئەم بڕوا و ئایینە گەشە دەکەن و بۆ ئەو تاکە دەبنە یەقین. زۆرجاریش لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت. بەڵام زۆرن ئەو کەسانەی تا کۆتایی تەمەنیان چەشنی "پەری" هەر بە گومانکاریی دەمێننەوە. پەری نموونەیەکی زەقی مرۆڤی رۆژهەڵاتییە، کە نە خاوەنی ئیمانێکی پتەوە و نە بێبڕوایەکی تەواوەتییە. بەڵام زێدی پەری چ پەیوەندییەکی بە بابەتەکەوە هەیە؟
بێگومان زێدی پەریش بە چەشنی مرۆڤی رۆژهەڵاتی دابەش بووە، لەتێکی لە رۆژهەڵاتە و لەتەکەی دیکەشی لە ڕۆژئاوایە. لەنێو شارەکەشدا بەتەواوی لە وێنەگەورەکەی شارەکەدا (مەبەست لە تەواوی دانیشتوانی شارەکە و پێکهاتەکەیەتی) هەست بەوە دەکرێت، کە ئیستابوڵ شارێکی دوولەتی گومانکارە، چەشنی پەری.
لە رۆمانەکەدا هەردوو فیگۆریی شیرین و مونا، کە دوو دەستەخوشکی پەرین و پەری لە ئۆکسفۆرد دەبێتە دەستەخوشکیان، بەتەواوی دوو نموونەی جیاوازن لە پەری. شیرین ئەگەرچی بە ڕەچەڵەک ئێرانییە، بەڵام کەسێکی بێ بڕوایە. بەڵام مونا، ئەگەرچی بە ڕەچەڵەک میسرییە، بەڵام ئەو بڕوادارە. لێ پەری لەو نێوانەدا هەر بە گومانکاریی خۆیەوە تا دوا ڕستەکانی رۆمانەکە بەردەوامە.
من تا کۆتایی رۆمانەکە بیرم لای ئەو پرسیارە بوو ئایا گومانکاریی دەمانگەیەنێت بە کوێ؟ وەکو لە رۆمانەکەدا دەیبینین، پەری چارەنووسێکی بەختەوەرانە و ئاسوودەی نییە، بەڵام ڕوونیش نییە لە دواجاردا چی بەسەردا، بۆیە شەفەق ئەم کۆتاییەی بۆ خوێنەر جێهێشتووە و ویستووەیەتی بە جۆرێک لە جۆرەکان خوێنەر بەشداری پێ بکات لە دیاریکردنی کەسێکی گومانکاریی وەکو "پەری"دا.
دەستخۆشی بۆ "فەرهاد چۆمانی" و سوپاس بۆ ماندووبوونەکانی. دەستخۆشی بۆ دەزگای فام و بەرهەمە ناوازەکانیان. هیوام سەرکەوتنیانە.

© 2017 Hawler