ئەیلول 18, 2020

د. حانیە زاغی

و: د. محەمەدئەمین رستگار

(٤)
چەرخی تەکنەلۆجیا و پەیوەندی، هەروابێتەوە پێشکەوتنی مرۆڤ لە بواری جۆراوجۆردا، بووەتە هۆی ئیسراحەتی مرۆڤ و ژیانی لەچاو جاران ئاسانتر کردووە؛ بۆ نموونە ئەگەر ئەوسا بۆ گەشت و سەفەرێک، بە مانگ بەڕێوە دەبوو، ئێستاکە رەنگە هەر بە چەند سەعاتێک فڕین بگەیتە جێی مەبەست.

راستە ئەوڕۆکە ئیتر کاتمان بە جلشۆردن و قاپشوشتنەوە ناڕوات و جلشۆرک و قاپشۆرک بۆمانی دەشۆا، بەڵام هەرئەو کاتەی بۆمان گەڕاوەتەوە بە شت و بابەتی واوە دەیدەینە سەر، کە پێشتر باو نەبووە.
هاتنەئارای ئینتەرنێت و گشتگیرکەوتنی، جگە لەوەی تەکنەلۆجیای وەپێش خستووە، بۆ خۆی شۆڕشە هەرە گەورەکەی چەرخی ئێستایە؛ ئەوەتا کاری کردووەتە سەر هەموو لایەنێکی ژیانی مرۆڤ. هەر بۆ نموونە، مۆبایلێکت پێ بێ و چەند بەرنامەیەکت تێدا دابەزاندبێت، لە هەرکوێیەکی دنیایشەوە بووبێ، بە دەنگ و بە رەنگ، هەموو پەیوەندیەکت لەگەڵ کەسوکار و دۆست و برادەردا بۆ حاسڵ دەبێت. بۆ زانینەوەی مەتەڵ و نەزانراو، سەر دەکەیتە ئینتەرنێتدا و کۆمەڵێ وەڵامی بەکەڵکت دەست دەکەوێتەوە؛ ئەژمێرەبانکی خۆت بەسەر دەکەیتەوە و پارەی ئاو و کارەبای لێوە دەدەیت. ڕاستیەکی سەرسوڕهێنەرە بەڵام ئێمەی مرۆڤی سەردەم لە دنیای ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵاتیەکاندا دەژیین.
لەگەڵهاتنی ئینتەرنێتدا، زۆر سەیر هەموو بابەتێکی ژیان گۆڕاوە. ئیدی خوێندنەوەی کتێبی کاغەزین باوی نەماوە؛ کەس بۆ زانینەوەی وشە و ناسینی شوێن و شوێنەوار سەر ناکاتە زانیارستان و ئینسایکلۆپدیادا؛ سەرەتا و بنەتا، سەر و بنی ڕێگاکە، هەر دەگاتەوە بە پریاسکە سیحراویەکەی ئینتەرنێت؛ تەنانەت بۆ نووسینی نامەی تەواوکردنی خوێندن و بابەتی زانستی.
وەکو هەموو شتێکی دیکەی ئەم دنیایە ئینتەرنێتیش چاکە و خراپەی خۆی هەیە؛ ئەگەر مرۆڤ سەری باشەی تەکنەلۆجیا بگرێ، خۆی پێ پێش دەخات؛ ئەگینا خۆی پێ دەخاتە چاڵ و بەدبەختیەوە. جێی خۆیەتی پرسیار کەین لە کامە ڕوانگەوە تێی بڕوانین هەتا بمانخاتە سەر رێگای پێشکەوتن و چۆنی لەگەڵدا بجووڵێینەوە تێدا نەچین.
سەیرکردنی پەیتاپەیتای تۆڕە کۆمەڵاتیەکان، یەک لەو خووە خراپانەیە ئینتەرنێت تووشی کردووین؛ بۆ زۆر کەس بووەتە بووەتە نەخۆشی؛ تەنانەت خەڵکێک وای لێهاتووە بەبێ کەسوکاری خۆی هەڵدەکا بەڵام بەبێ ئینتەرنێت هەریز هەڵناکا، هەرگیز!
خۆی شوێنهەڵگرتن و متابعەی تۆڕە کۆمەڵاتیەکانی خەڵکی دی، هەر مڵۆزمی و فزوولیەکەی جارانە بەڵام شێوازەکەی گۆڕاوە. ئەوسا خەڵک بە بۆنی خوانی دەرودراوسێدا، زاری یەکتریان دەچەشتەوە؛ یان لە درزی درگا و شەقی دیوارەوە، چاودزکە و سەرتاتکێیان دەکرد، ئێستاکە سەر دەکەنە کۆمەڵتۆڕی یەکترەوە و هەواڵی یەکتر دەزاننەوە. ئەگەر جاران خەڵکی کونجکۆڵ و مڵۆزم لە بۆنی خۆراکەوە خوانی خەڵکیان دەزانیەوە یان لە درزی دەرگاوە چاویان تیژ دەکردەوە و گوێیان هەڵدەخست ئێستاکە بە شوێنگرتن و موتابەعەیتۆڕی کۆمەڵایەتی، نەناس و شاراوە، بە دزیەوە شوێنی یەکتر دەگرن؛ ئاکامی خراپیشی هەر دەبێ و خۆمان پێ لێ لا نادرێت. یەکەم دەردێکی مرۆڤ لەو سەرەتاتکێ و کۆنجکۆڵێیەوە بڵێی نەڵێی تووشی دەبێت، خۆبەراوردکردنە بە خەڵکی دی؛ حوکمدانێکی وا کە زۆر جار رێکی ناپێکێت؛ نەکەن هەناوی خۆتان بە ڕواڵەتی ژینی خەڵک بەراورد بکەن؛ بەراوردکردنێکە بە هیچ کلۆجێک یەک ناگرێتەوە.
ئەوەیان لایەکی خراپیەتی؛ لایەنێکی باشەیشی ئەوەیە ئێمەومانان لە سای ئینتەرنێتەوە دەستمان رادەگاتە بابەتی وا کە پێشترێ بۆمان نەدەلوا و دەستەبەر نەدەبوو. کەواتە با ئەمەیان رەچاو بکەین و، بیکەینە هەوێنی رۆشنبیری و پەروەردەیەکی باشتر؛ فیلمێکی بەپێزی پێ ببینین؛ دەنگوباسی دنیا بزانینەوە و بابەتی چاکی پێ شوێن بگرین؛ بە کات و تێچوویەکی زۆر کەم؛ چەن دیاریەکی بەنرخە تەکنەلۆجیا پێشکەشی کردووینە. با لەبیر نەکەین، ئەگەربێتو دنیای هزر و بیری خۆمان بگۆڕین، دنیایەکی بەکەڵکتر بۆ خۆمان و نەوەی دواترمان بۆ هەڵدەکەوێ.
ژمارەی دابێتەوە، دەپڕژێینە سەر بابەتی گیرۆدەبوونی منداڵان بە گەمەی کۆمپیۆتەری و تۆڕی کۆمەڵاتیەوە؛ باسی چۆنیەتیی دەربازبوونەکەیشی دەکەین.

© 2017 Hawler