ئاب 12, 2020

ئارام كۆشكی - سلێمانی

 

ساڵی پێشوو هاوڕێیەک هاتە لام و لافی ئەوەی لێ دەدا کە شارەزای سێ زمانە و دەیەوێت دەست بە وەرگێڕان بکات. منیش وێڕای دەستخۆشی ئەوەی کە کاری وەرگێران چەندە گرنگە بۆ ئێمە، گوتم تۆ دەتوانی لە ڕێی وەرگێڕانەوە خزمەتێکی زۆری زمان و کولتووری خۆت بکەیت.

ئەم هاوڕێیە وەکو خۆی باسی دەکرد زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و فارسی، هەرسێکیانی دەزانی و داوای لێم کرد کتێبێکی پێ پێشنیار بکەم بۆ وەرگێڕان. تا ئێرە ئاساییە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نەبوو ئەوە بوو کە ئەم هاوڕێ بەڕێزە هیچ پێشینەیەکی نەک لە وەرگێڕاندا، خوێندنەوەشی هەر نەبوو، بەڵکو دەیویست لە وەرگێڕانەوە دەست بە خوێندنەوەش بکات. من ناوی ڕۆماننوسێکی دیاری وەکو نەجیب مەحفوزم لێ پرسی کە چ کارێکی خوێندووەتەوە و تا چەند ئاگاداریەتی، ئەم هاوڕێیە تەنها ئەوەی بیستبوو کە مەحفوز میسرییە، ئیتر ئاگاداری هیچ ڕۆمانێکی نەبوو. ئاگادارییەکی ئەوتۆشی لە ئەدەبیاتی ئینگلیزی و فارسی نەبوو، کە جێگەی دڵخۆش بێت. لە حاڵەتێکی ئاوهادا من تەنها ئەوەم لەدەست هات گوتم هاوڕێی ئەزیز سەرەتا دەبێت خۆت بدۆزیتەوە و حەزت چ بوارێکە، بە لای کەمەوە سووکە شارەزاییەکی لێ پەیدا بکە ئەوسا دەست بکەرە وەرگێڕان.
ئەوەی جێگەی سەرنج و داخە ئەوەیە کە بەشی زۆری ئەوانەی ئێستاکە کاری وەرگێڕان دەکەن، بەبێ ئاگاداری دنیای نووسەرێک، یان بابەتێک دەست بە وەرگێڕان دەکەن، کە هەر ئەمەشە دەبێتە هۆی ئەوەی کارەساتی وەرگێڕان دروست بێت و کتێبگەلێکی زۆر بە ناوەرۆکی بۆش بخرێنە نێو کتێبخانەی کوردییەوە.
وەرگێڕان خۆ هەر بە زمانزانین ناکرێت؛ وەرگێڕان هەر بە حەز و سەلیقە ناکرێت. وەرگێڕان تەنها بە خۆشویستنی تێکستێک، یان کتێبێک ناکرێت. وەرگێڕان پرۆسەی داهێنانەوەی تێکستە لە زمانێکی نوێدا. وەرگێڕی ڕاستەقینە داهێنەرە لەو زمانەی بۆی وەردەگێڕێت. کاتێک تێکستێک بە زمانی کوردی دەخوێنینەوە بەر لەوەی بۆن و بەرامەی نووسەرمان پێ بگات، بۆن و بەرامەی وەرگێڕ بە خوێنەر دەگات، چونکە ئەگەر هەمان تێکست وەرگێڕێکی دیکە وەری‌بگێڕێتەوە ئەوکات بە هەمان شێوەی وەرگێڕی یەکەم وەری‌ناگێڕێتەوە، کەواتە بەر لە نووسەر وەرگێڕە دەگاتەوە لای خوێنەر. بۆیە وەرگێڕان داهێنانەوەی تێکستە لەنێو زمانێکی نوێدا.
هەمیشە تێکستی ئەو وەرگێڕکارانە چێژبەخشتر و ئەمینتر و مانادارترن، کە بە عەشق و سووتانەوە بە دیار وشە و ڕستەکانەوە وەرگێڕدراون. هەر وەرگێڕێک تێکستێکی خۆش نەوێت، لەگەڵیدا نەسووتێت و عاشقی هەموو وشە و ڕستەکانی نەبێت ئەستەمە بە جوانی بیگەیەنێتە خوێنەر. هەر بۆیە هەموو وەرگێڕانێکی خراپ، بەرهەمی وەرگێڕێکی بێسەلیقەیە کە تێکستەکەی خۆش نەویستووە، یان هەزمی نەکردووە و تەنها وەکو بوونەوەرێکی ئۆتۆماتیکی کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە.
لەو دە ساڵەی ڕابردوودا بەر دەیان وەرگێڕ کەوتووم کە بەشی هەرە زۆریان وەکو جۆرێک لە سەرگەرمی و کاتبەسەربردن، یان بۆ دەستخستنی سوودی ماددی سەرقاڵی وەرگێڕان بوون، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا بەر چەندین وەرگێڕی دیکە کەوتووم، کە تێکستیان بە خۆشەویستییەوە وەرگێڕاوە و ئاشقی پاڵەوانی چیرۆک و رۆمانەکان، یان ئایدیای نێو کتێبەکان بوون، بۆیە دەستیان بە وەرگێڕانی کردووە. هاوڕێیەکی وەرگێڕ باسی لەوە کرد کاتێک بڕیاری وەرگێڕانی ڕۆمانێکی داوە بەر لە وەرگێڕانی هەشت جار ڕۆمانەکەی خوێندووەتەوە، دوای وەرگێڕانیشی شەش جاری دیکەی خوێندووتەوە ئەوسا تەسلیمی ناوەندی بڵاوکردنەوەی کردووە. ئەم جۆرە لە وەرگێڕ پێی دەوترێت وەرگێری کارامە، کە ئەو جۆرەی وەرگێڕە هەست بە بەرپرسیاریی دەکات و دەقەکە لە زمانە نوێیەکەدا لە ڕێی ئەمەوە دادەهێنرێتەوە.
خاڵێکی دیکەی گرنگ کە پێویستە ئاماژەی بۆ بکەم ئەوەیە کە مادام وەرگێڕان داهێنانەوەیە، کەواتە مەرج نییە دوو وەرگێڕ بە هەمان سەلیقە و رستەسازییەوە و وشەسازییەوە دەقێک وەربگێڕن، چونکە پاشخانی مەعریفی و ئەو کەلوپوورە وشەیەی وەرگێڕ خاوەنییەتی رۆڵی لە داهێنانەوەی دەقەکەدا دەبێت. بۆیە زۆرجار دەبینین دوو وەرگێڕ کە هەمان دەق وەردەگێڕن زمانیان جیاوازە، ڕەنگە زمانی وەرگێڕی یەکەم سادەتر و ڕوانتر بێت، بەڵام زمانی وەرگێڕی دووەم بەو شێوەیە نەبێت. بێگومان ئەم حاڵەتەش هەندێکجار دەکەوێتەوە سەر سەلیقەی خوێنەریش، ڕەنگە هەندێک خوێنەر زمانی وەرگێڕی یەکەمیان زۆر بەلاوە باش بێت و دوومیان بەلاوە باش نەبێت، ڕەنگە بۆ هەندێکی دیکە شتەکە پێچەوانە بێت. بۆیە لێرەدا سەلیقەی خوێنەریش ڕۆڵی هەیە لە چێژکردنی تێکستی وەرگێڕدراودا. بۆیە دیسان وەرگێڕان لە داهێنانەوەوە نزیک دەبێتەوە.

© 2017 Hawler