ئازار 30, 2020

زۆرترین بینراو فه‌رهه‌نگ

Error: No articles to display

ناوی گۆشە چیرۆكەكانی حەسەنۆك

(1)
بەردێك كە نەتوانرێت هەڵبگیرێت...
  لە ڕۆژگاری كۆندا، هەر ئاواییەك پاڵەوانێكیان هەبوو، پاڵەوان بەهێزترین پیاوی ئاواییەكە بوو. پاڵەوانی (خێر ئاباد) ناوی (قادر) بوو و كەسێكی میهرەبان بوو. خەڵكی ئاوایی زۆریان خۆشدەویست. ئەو شاگردی زۆری هەبوو، فێری هونەری (زۆرانبازی)ی دەكردن.
كاتێ وەرزی بەهار دەهات، پاڵەوانەكان ئاگادار دەكرانەوە، كە پێویست بوو بەردی گچكە و گەورە بەرز بكەنەوە. هەركەسێك گەورەترین بەرد بەرزبكاتەوە، خەڵات وەردەگرێت. خەڵاتی ئەو كەسە مەڕێكی قەڵەو، یان بزنێكی شیردەر بوو.
  لەنێوان شاگردەكانی (پاڵەوان قادر)دا، گەنجێك هەبوو ناوی (سەلمان)بوو. سەلمان بەژنێكی بەرز و بازوویەكی بەهێزی هەبوو. ئەو ئاشەوان بوو، هەموو ئاشەوانەكان ئەسپیان هەبوو. بە ئەسپ بەردی ئاشەكەیان دەچەرخاند و گەنمەكەیان دەكردە ئارد. بەڵام (سەلمان) بۆخۆی بەردی ئاشەكەی دەچەرخاند، بۆیە ڕۆژبەڕۆژ بازووەكانی بەهێزتر و جەستەی بەگوڕ تر دەبوو. (پاڵەوان قادر) (سەلمان)ی زۆر خۆشدەویست، چونكە ئەو شەو و ڕۆژ كاری دەكرد.
وەرزی بەهار بەدەركەوت، پاڵەوانەكان بۆ نمایشكردن گەیشتنە مەیدانی ئاوایی و (سەلمان)یش لەنێوانیاندابوو.
  لەگۆشەیەكی مەیدانەكەدا بەرداشێكی كۆنی لێبوو. (پاڵەوان قادر) لەسەر بەرداشەكە دانیشت، تاوەكو نمایشی پاڵەوانەكان ببینێت. بەردی گچكەو ناوەنجی و گەورە لەمەیدانەكە بوون. پاڵەوانەكان یەكە یەكە دەهاتنە پێشەوە و بەردیان بەرز دەكردەوە. لە بەردی گچكەوە دەستیان پێكردبوو بەرەو بەردی گەورە دەچوون. كاتی بەرزكردنەوەی بەردە گەورەكە هات، تەنها دوو پاڵەوان لە مەیدانەكەدا بوون. ئەوانیش پاڵەوان (مراد)و پاڵەوان(سەلمان)بوون. پاڵەوان (مراد) بەرەو ڕووی بەردە گەورەكە هەنگاوی نا، ئارەقە لە سەر و ڕوخساری دەتكایەوە، هەردوو دەستەكانی بە دەوری بەردە گەورەكە هەلقەكرد، بۆ ئەوەی بەرزی بكاتەوە، بەڵام هەرچەندی تەكان و هێزی دایە بەرخۆی، نەیتوانی بەرزی بكاتەوە، سەری خۆی شۆڕكردەوە و بەلایەكدا ڕۆیی. پاڵەوان (سەلمان) هاتە پێشەوە، دەستەكانی بەوێنەی زنجیر بە دەوری بەردەكە هەلقە كرد، هەموو هێزی خۆی لە بازووەكانیدا كۆكردەوە و بەردەكەی بەرەو سینگی بەرزكردەوە. خەڵكی ئاوایی بارەكەڵڵایان پێوت و بوو بە هیاهو. ئەویش بەردەكەی فڕێدایەوە سەر زەوی.
  پاڵەوان قادر پێی وت: ((ئافەرین پاڵەوان! مەڕە قەڵەوەكە بە تۆ بڕا)) پاڵەوان (سەلمان) لە بەردەم پاڵەوان (قادر)دا چۆكی داداوە و دەستی ماچكرد و وتی: ((دەمەوێ لەگەڵ پاڵەوان قادر كێبڕكێ بكەم!)) پاڵەوان قادر شیلەبزە گرتی و وتی: ((تۆ بەهێزترین گەنجی، ئەگەر من ببەزێنی، دەبیتە پاڵەوانی ئاوایی!)) ئەمەی وتو بەرەو ڕووی بەردە گەورەكە هەنگاوی نا، هەر دوو دەستی بەدەوری بەردەكەدا هەلقە كرد، بە یەك تەكان بەردەكەی بەرزكردەوە. خەڵكی ئاوایی باركەڵڵایان پێوت و هیاهویان بۆ كرد. گەڕاوە و لەسەر بەردئاشەكە دانیشتەوە، پاڵەوان سەلمان وتی: ((لە سەر بەرداشەكە هەڵسەوە!)) پاڵەوان قادر لەسەر بەرداشەكە بەرز بووە و وتی: ((دەتەوێ چی بكەی؟))
  پاڵەوان سەلمان وتی: ((بەرداشەكە بەرز بكەمەوە!)) ئەمەی وت و بەرەو ڕووی برداشەكە هەنگاوی نا. پاڵەوان قادر و خەڵكی ئاوایی بە سەرسووڕمانەوە چاویان لێدەكرد. ئەو بەرداشەكەی تەكاندا، كونێك لە ناوەڕاستی بەردەكە بوو. هەردوو دەستی لە نێو كونەكە گیركرد، هەناسەیەكی قوڵی هەڵكێشا و بەرداشەكەی بەرەو سینگی بەرزكردەوە و بەدەوری خۆیدا خولایەوە، ئینجا دەستەكانی لێكئاوەڵا كرد و بەردەكەی بەزەمین دادایەوە. خەڵكی ئاوایی دەستیانكرد بە هەراوهۆریا.
  (پاڵەوان قادر) دەستێكی لە شانی داو پێی وت: ((ئافەرین!))، (پاڵەوان سەلمان)، ئەویش دەستی پاڵەوان قادری ماچكرد.
  (پاڵەوان قادر) بەرەو ڕووی بەرداشەكە هەنگاوی نا. هەردوو دەستی لە كەلێنی بەردەكە گیركردن. هەناسەیەكی قوڵی هەڵمشت، زۆر هەوڵیدا تا بەردەكە بەرزبكاتەوە، بەڵام نەیتوانی. خەڵكی ئاوایی بە سەرسووڕمانەوە تەماشایان دەكرد! دووبارە دەستی بەدەوری بەردەكە هەلقەكرد و هێز و گوڕی دایەوە بەرخۆی، بەڵام دیسان نەیتوانی بەرزی بكاتەوە. دواتر بەرداشەكەی ماچكرد و لێی دووركەوتەوە. خەڵكی ئاوایی وتیان: ((پاڵەوان قادر، بۆچی بەردەكەت ماچكرد؟ بەرزی بكەرەوە!)) پاڵەوان قادر شیلەبزە گرتی و وتی: ((بەردێك كە نەتوانی هەڵیبگری، پێویستە ماچیكەیت و بەجێیبهێڵی.)) لەو ڕۆژەدا پاڵەوان سەلمان دڵی زۆر خۆشبوو.

© 2017 Hawler