ئایار 31, 2020

زۆرترین بینراو فه‌رهه‌نگ

Error: No articles to display

ئارام کۆشکی

 

زۆر بە کەمی کتێبی دەروونی دەخوێنمەوە، بەتایبەت ئەو جۆرە کتێبەی کە وەکو رێنمایی کۆمەڵایەتیی و دەروونین و دەخوازن مرۆڤ ئاڕاستە بکەن. من خوێنەری لەو جۆرە کتێبانە نییە، کە رێگەکانی ژیان و هاوڕێیەتی و هاوسەرێتی و باشتر ژیان و سەرکەوتن، پیشانی مرۆڤ دەدەن. خوێنەری لەو جۆرە کتێبانەیە، کە بێشومار رێگە لەبەردەم خوێنەردا واڵا دەکەن و تا لەنێویاندا رێگەی خۆی هەڵبژێرێت.
لەم چەند رۆژەی رابردوودا کتێبێکی "خاڤێر کریمێنت"م خوێندەوە لەسەر "بێشعوری" خوێندەوە کە "سەروەر عومەر" کردوویەتی بە کوردی و کتێبەکە، کتێبێکی دەروونی تەنزئامێزە لەسەر کەسانی بێشعور. ئەوەی سەرنجڕاکێشە لەم کتێبەدا ئەوەیە، کە نووسەری کتێبەکە هەر لە سەرەتای کتێبەکەوە دان بەوەدا دەنێت، کە خۆی یەکێک بووە لە بێشعورەکان و چەند ساڵێکی زۆری ژیانی بە بێشعوری بەسەر بردووە. نووسەر خۆی کاری پزیشکی یەکێک لە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤی کردووە و کلینکی تایبەتی خۆی هەبووە. بەڵام بێشعورێکی پلە یەکیش بووە. ڕۆژێک ڕووبەڕووی ئەوە دەکرێتەوە، کە ئەو بێشعورە، بەڵام ئەو لەسەرەتادا بۆی ئەستەمە قەبوڵی ئەوە بکات، بۆیە سەردانی پزیشکێکی دەروونی دەکات، هاوکات هاوڕێی خۆیشی بووە بۆ ئەوەی رای ئەو بزانێت. ئەویش هەمان شتی پێدەڵێت. بەڵام خاڤێر تووڕە دەبێت و ئەوە بە ئیهانە وەردەگرێت و بە دڵشکاوییەوە لە کلینکەکە دەچێتە دەرەوە. بەڵام بیرکردنەوە لە خۆیی و کردەوەکانی دوای شەش مانگ تەلەفوون بۆ پزیشکە دەروونییەکەی هاورێی دەکاتەوە و پێی دەڵێت،"من بێشعورم". ئەویش دەڵێت هەموومان دەمانزانی تۆ بێشعوری بەس خۆت ئەوەت نەدەزانی!
دوای ئەوەی ئەم پزیشکە (نووسەری کتێبی بێشعوری) بەتەواوی تێدەگات، کە ئەویش یەکێکە لە بێشعورەکان ئیتر واز لە کاری پزیشکی دێنێت و ئەو کتێبانە دەست دەخات، کە باس لە بێشعورەکان دەکات و هەوڵی چارەسەرکردنی خۆی دەدات و پاشانیش کلینکێکی تایبەت بە چارەسەرکردنی بێشعورەکان دەکاتەوە. هەر لەو دەمەدا بیرۆکەی نووسینی ئەم کتێبەی لا دروست دەبێت.
ئەم کتێبە لە پێنج بەش پێکهاتووە، کە لە بەشی یەکەمدا نووسەر لەرێی بەسەرهاتی کەسێکەوە دەیەوێت پێناسەیەک بۆ بێشعوری بکات و دواتریش کورتەیەک لەسەر مێژووی بێشعورەکان دەخاتەڕوو، ئەمە بێجگە لەوەی لەم بەشەدا هەوڵی ئەوەشی داوە چەند رەفتارێکی دیاری کەسانی بێشعور بخاتەڕوو کە بەو رەفتارانەدا دەتوانرێن بە ئاسانی بناسرێنەوە. لە پێناسەی بێشعوریدا نووسەر دەنوسێت:
"رەنگە نەتوانم پێناسەیەکی دروستی بێشعوری بکەم، بەڵام ئەگەر کەسێکی بێشعور ببینم دەیناسمەوە" دواتریش دەڵێت، "بێشعور کەسێکە بەشێوازێکی تەواو خۆپەسەندانە و بە ئەنقەست، بێشەرمانە و بێزراوانە رەفتار دەکات و لە دروستکردنی کێشە و گرفت لە کارەکاندا و ئازاردانی ئەوانی دیکە لە دڵەوە خۆشحاڵە."
بەشی دووەم تەرخان کراوە بۆ جۆرەکانی بێشعوری. لەم بەشەدا هەر لە بێشعوری کۆمەڵایەتییەوە خراوەتە ڕوو تا بێشعوری عیرفانباز و بیرۆکرات. هەرچی بەشی دواتریشە تایبەت بە رەنگدانەوەی بێشعوری لەسەر لایەنەکانی دیکەی ژیان وەکو بازرگانی کاتێک دەبێتە جۆرێک لە بێشعوری، یان کاتێک دەوڵەت دەبێتە دەزگایەکی بێشعوری. بێگومان هەموو بەشەکانی ئەم کتێبە یەک لە یەکتری گرنگترن، بەڵام بۆ من بەشی چوارەم یەکێک بوو لە گرنگترین بەشەکان، چونکە ئەویش تەرخان کراوە بۆ "ژیان لەگەڵ بێشعورەکاندا"، لەم بەشەدا نووسەر پێنج نموونەی دیاری هێناوەتەوە یەکەمیان لەسەر کارکردن لەگەڵ بێشعورەکانە و دووەمیان لەسەر هاوڕێیەتی بێشعورەکانە و هەرچی نموونەی سێیەمە هاوسەرگیرییە لەگەڵ کەسانی بێشعور. دوو جۆرەکەی دیکەش تەرخان کراوە بۆ بێشعوری زگماک و منداڵانی دایک و باوکانی بێشعور. گرنگی ئەم بەشە تەنها لە خستنەڕووی ئەم پێنج جۆرەدا نییە، بەڵکو کۆمەڵێک رێنمایی تایبەت و گرنگی تێدایە بۆ چۆنێتی مامەڵکردن لەگەڵ کەسانی بێشعور.
بەشی پێنجەم و کۆتایی ئەم کتیبە تەرخان کراوە بۆ قۆناغەکانی چارەسەرکردنی بێشعوری و سەرەتا نووسەر باس لە ئامرازەکانی چارەسەر دەکات و دواتریش چەند رێگەیەکی تایبەتی چارەسەر دەخاتەڕوو وەکو چارەسەری بە کۆمەڵ و چارەسەری تاکەکەسی...هتد.
ئەوەی لێرەدا خرایەڕوو ناساندنێکی کورت بوو بۆ کتێبەکە و دەرفەتی ئەوە نییە لەسەر تەواوی بەشەکانی کتێبەکە هەڵوەستە بکەین. نووسەر لە تەواوی کتێبەکەدا دەیەوێت بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەوە بێت ئایا بێشعوری خووە، یان نەخۆشی. لەکۆی کتێبەکەدا بۆ مان دەردەکەوێت، کە پێدەچێت زۆرجار وەکو خوویەک وابێت و زۆرجاری دیکەش نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتی بێت. دەستخۆشی بۆ "سەروەر عومەر" و خانەی رێنما بۆ لە چاپدانی ئەم کتێبە.

© 2017 Hawler