نیسان 07, 2020

زۆرترین بینراو فه‌رهه‌نگ

Error: No articles to display

ئارام كۆشكی - سلێمانی

 

چەند ساڵێک لەمەوبەر هاوڕێیەکی نووسەر لە بەیاننامەیەکدا وازهێنانی خۆی لە نووسین ڕاگەیاند، ئەم وازهێنانەش تاڕادەیەک بووە هۆی ئەوەی خۆی بیری خەڵک بهێنێتەوە، کە نووسەرە و لە کایەی نووسیندا کار دەکات. نەک بە تێکستی نوێ و داهێنەرانە ئەو کارە بکات، چونکە نووسەرە ڕاستەقینەکان تەنها بە تێکستەکانیان ئامادەیی خۆیان لەنێو دونیای ئەدەبدا دەناسێنن. هەر ئەم هاوڕێ نووسەرە هەر پاش ماوەیەکیش دەستی کردەوە بە نووسین. بەهەرحاڵ باسکردنەوەی نموونەی ئەم هاوڕێ نووسەرە (ئەگەرچی نەمدەویست هەرگیز باسی بکەمەوە)، بەڵام نموونەکەم پێویست بوو بۆ ئەوەی پرسیاری ئەوە بخەمەڕوو ئێمە چ چاوەڕوانییەکمان لە نووسین هەیە؟ ئایا نووسەر مافی ئەوەی هەیە چاوەڕوانی لە نووسین هەبێت؟ خودی کردەی نووسین چییە تا ئێمە چاوەڕوانی پاداشت، یان خەڵات، یان ڕێزلێنان بین؟
بەر لە هەر شتێک کردەی نووسین، یان هەر کارێکی دیکەی هونەری کردەیەکی ئارەزوومەندانەیە و پێویست ناکات نووسەر هەر شتێکی نووسی، یان هەر کارێکی هونەری ئەنجامدا چاوەڕوانی ئەوە بێت، کە لەبریدا پاداشت بکرێت (چ ماددی یان مەعنەوی)، ئەگەر بە وردی سەرنج لە ژیانی گەورە نووسەر و بیرمەند و هونەرمەندانی دونیا بدەین دەبینین بەشی هەرە زۆریان بە ژیانێکی سەختدا تێپەڕیون و هەندێکیان تا کاتی لە دونیادەچوونیشیان هەر لەو ژیانە سەختەدا ژیاون. نووسەران و هونەرمەند و بیرمەندان لە چەشنی مۆمن دەسووتێن بۆ ڕووناککردنەوەی ئەوانی دیکە، یان ئایندەی مرۆڤایەتی، نەک لەپێناو خۆیاندا بسووتێن.
ئەوەی زۆرجار نیگەرانم دەکات ئەو چاوەڕوانییە ناپێویستەی بەشێک لە نووسەران و هونەرمەندانی کوردە لە دەستخۆشیکردن و خەڵاتکردن و ڕێزلێنان و باسکردن. زۆرجار چیرۆکنووسێکی گەورە، یان نووسەرێکی جیدی بە خەڵاتێکی بچووک لە کافێیەکی لاکۆڵاندا ڕازی دەبێت، کە هەر دێڕێکی نووسینەکانی سەد خەڵاتی لەو چەشنە دەهێنێت، یان چاوەڕوانی خەڵاتێکی بچووکە کە بۆ شکۆی نووسینەکانی ئەو شیاو نییە. بەڵام ئەمە بەر لە هەر تەفسیرێک جۆرێکە لە خۆبچووک بینین، یان ئاگادارنەبوون لە پەیامی نووسین و ئەرکی نووسەریی. هەر نووسەرێک چاوەڕوانی خەڵات و دەستخۆشانە و پیاهەڵدانبوو، ئەوە بە دڵنیاییەوە داهێنانی کۆتایی هاتووە. هەموو نووسەرێکی ڕاستەقینە هیچ چاوەڕوانییەکی لە نووسین نییە، ئیتر ئەو چاوەڕوانییە ماددی بێت یان مەعنەوی. من نامەوێت بڵێم کە دەستخۆشیکردن لە نووسەران و هونەرمەندان گرنگ نییە، بێگومان گرنگی خۆی هەیە و زۆرجاریش دەبنەوە بە وزە و دەچنەوە گیانی نووسەران و هونەرمەندان، بەڵام نووسەران و هونەرمەندا خۆیان چاوەڕوانی ئەوە ناکەن. ئەوان بێباکن لە هەموو دەستخۆشانەیەک، بەڵام کە ڕێزیان لێ دەنرێت سوپاسی ئەو ڕێزلێنانە دەکەن و ئەگەر شیاوی ئەوان بوو قەبوڵی دەکەن. زۆرجاریش دەکرێت ڕەت بکرێتەوە.
ژان پۆڵ سارتەر، لەو نووسەر و بیرمەندە دیارانەی دونیایە، تاکە نووسەرە تا هەنووکە خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب ڕەتکردەوە. ئەو نەیتوانی پێچەوانەی بڕواکانی ئەو خەڵاتە قەبوڵ بکات. چەند ساڵێکیش لەمەوبەر بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی سلێمانی خەڵاتی بۆ پێنج چیرۆکنووس دیاری کرد، من ئاگاداری ئەوەم عەتا محەمەد لەو چیرۆکنووسانە بوو کە خەڵاتەکەی ڕەتکردەوە، تەنها لەبەر ئەوەی پێوەری ئەوە دیاری نەکرابوو، کە ئەو خەڵاتە لە پای چی دەدرێت بەو پێنج چیرۆکنووسە. کەواتە گرنگە نووسەران و هونەرمەندان وشیاربن بەوەی لە دەوروبەریان چی دەگوزەرێت و هەمووکات لەگەڵ شەپۆلدا گوزەر نەکەن، چونکە زۆرجار شەپۆلەکان ڕوون نین و بەرەو ونبوون دەبزوێن.
لەم چەند رۆژەی پێشوودا هاوڕێیەکی وەرگێڕی دیکە وەکو جۆرێک لە ناڕازیبوون نامەی ناڕازیبوونی خۆی بڵاوکردەوە و باسی لەوەش کردبوو، کە ئیتر هیچ کارێکی وەرگێڕان ئەنجام نادات. ئەو هاوڕێیە ئەوەشی نووسی بوو کە ئەو دێڕانە بە منەت بە کەس نافرۆشێت. بەڵام هەر خودی نووسینی ئەو دێڕانە جۆرێک بوون لە منەتکردن بەسەر خوێنەراندا. نووسەرێک/وەرگێڕێک/هونەرمەندێک (لێرەدا هەرسێکیان بەکاردەهێنم چونکە دەشێت هەر کامێکیان لە هەمان دۆخدا بن)، ئەگەر منەت بەسەر خوێنەر و گوێگرانیدا ناکات چ پێویست دەکات، کە بانگەشەی وازێهنانی خۆی ڕابگەیەنێت. بەسەدان نووسەر و هونەرمەند هەیە لە جێگەیەکدا دەوەستن و دەست بە کارێکی دیکە دەکەن، بەبێ ئەوەی کارکردنیان لە دونیای نووسین و هونەردا بەکەس بفرۆشنەوە، چونکە نووسین کردەیەکی ئارەزوومەندانەی خودییە. نووسەر بەر لەوەی بۆ ئەوانی دیکە بنووسێت، بۆ ئارامی رۆحی خۆی و پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانە دەنووسێت کە لە بوونیدا هەیە.  
زیاتر لە بیست ساڵە دەنووسم، تا ئێستا نە چاوەڕوانی خەڵاتم، نە هیچ دەستخۆشانەیەک و منەتیش بەسەر هیچ کەسێکدا ناکەم. ئەوە تا ئێستا کردوومە تەنها وەکو حەزێکی خۆمە لەنێو دونیای نووسین و خوێندنەوە، کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی ئەم دونیایە دەستم نەکەوتووە، بۆیە پەنام بۆ ئەم دونیا ئەفسووناوییە بردووە. بێباکانە دەنووسم و بەرپرسیارانەش مامەڵە لەگەڵ وشە و ڕستەدا دەکەم. بێباکم لەوەی دەخوێنرێمەوە یان نا، خەڵات دەکرێم یان نا، من بۆ ئارامی ڕۆحی خۆم دەنووسم و چاوەڕوانی هیچم لە نووسین نییە، نیگەرانیم لە دەزگای چاپ و دۆخی خراپی خوێنەر و کتێبی کوردی من ناوەستێنێت، چونکە نیگەرانی من گەورەترە لەو نیگەرانییە بچووک و ڕۆژانەییانەی ئێستا. نیگەرانی من لەو هەموو نادادیەیە، کە لەنێو ئەم گەردوونەدا بەردەوامە. نیگەرانی من لەو تەمەنە کەمەی ئینسانە، کە بەشی ئەوە ناکات خۆی و دەوروبەرەکەی بەتەواوی بناسێت.
نووسەری ڕاستەقینە خەمی گەورە و خەونی گەورەی هەیە، هەر نووسەرێک خاوەنی خەم و خەونی گەورە نەبوو، زوو چرای داهێنانی دەکوژێتەوە. زۆرن ئەو نووسەرانەی کە لە پەنجا ساڵی تەمەنیاندا نەیانتوانیوە پەنجا لاپەڕە داهێنان بکەن، بەڵام داهینەرە ڕاستەقینەکان کە هەمیشە کەمن، ساڵانە بەرهەمی نوێی داهێنەرانەیان پێشکەش دەکەن، چونکە لای ئەوان نووسین پرۆژەی تەواوکاری بوونە، نەک شتێکی ڕووکەش و جۆرێک لە سەرگەرمی. نووسین بۆ کاتبەسەربردن و سەرگەرمی نییە، نووسین پڕۆژە و پرسیار و گەڕانە بەدوای وەڵامدا، بۆیە نووسەرە داهێنەرەکان چاوەڕوانی پاداشت ناکەن لەبری ئەوەی دەنووسن. بۆ خەڵات و ڕێزلێنان نانووسن، بۆ چنگەکەوتنی دەستکەوی ماددی و پلەوپایە نانووسن. بەڵکو ئەوان ئارامی لەنێو دونیای نووسیندا دەبیننەوە.

© 2017 Hawler