نیسان 07, 2020

زۆرترین بینراو فه‌رهه‌نگ

Error: No articles to display

ئارام کۆشکی_هەولێر

 

هەندێک شاعیر هەن لەو نەسلەی شاعیرن، کە بۆ شیعر دەژین و تەنها شیعر ناسنامە ڕەسەنەکەی ئەوانە، بەڵام هەندێکی دیکە هەن لەگەڵ شیعرنووسیندا ناسنامەی دیکە وەردەگرن و کە کاری رۆژنامەوانی دەکەن کارە ڕۆنامەوانییەکەیان شاعیربوونیان دەشارێتەوە، یان کاڵی دەکاتەوە. بەشێکی دیکەیان کە لەگەڵ نووسینی شیعردا چیرۆک دەنووسن، یان هەوڵی نووسینی دەقی دیکە دەدەن، ئیدی شاعیربوونیان هێدی هێدی بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات و ناسنامە شاعیرێتییەکەیان ون دەکەن. شاعیرگەلێکی دیکەش هەن لەگەڵ نووسینی شیعردا دەبنە وەرگێڕ و نووسەر و توێژەری ئەدەبی، بەڵام شاعیربوونیان دەوڵەمەندتر دەبێت و ئەم ژانرانەی دیکە دەبنە خزمەتکاری شاعیربوونەکە و ڕوانینی نوێ و دونیای دیکەیان لەبەردەمدا دەکاتەوە. بێگومان پێچەوانەی ئەم چەشنەش هەیە کە هەرزوو خودە شاعیرەکە دەبێتە قوربانی و ئیدی شیعر سەرگەردان دەبێت.

ئەم چەشنانەی لەسەرەوە باسکران نموونەن، کە هەم لەنێو شاعیرانی کورددا دەیانبینینەوە و هەم لەنێو شاعیرانی جیهانیدا. چەشنێکی دیکە هەیە هەر بەهرەیەکی دیکەی هەبێت دەیکاتە قوربانی بۆ شیعر و تەنها و تەنها بۆ شیعر دەژی. بەڵام شاعیرگەلێکی دیکە هەن پارێزەری ئەم ناسنامەی شاعیربوونەن و ئەمە دەکەنە کاری هەمیشەیی و بوون و ڕەسەنیەتی خۆیان و بەهرەکانیان تەنها لەنێو شیعر و جیهانە فراوانەکەیدا دەتوێننەوە و بۆ شیعر دەژین و قوربانی بۆ دەدەن و وەکو ئەوەی شیعر تەنها پەناگەیان بێت و لە هیچ پەناگەیەکی دیکەدا ئارام نەبن.

یەکێک لەو شاعیرانەی لەم نەسلەی دواییە "دڵشاد عەبدوڵڵا"یە، کە ئەوەندەی من ئاگادار بم نزیکەی چل ساڵە دەنووسێت و زیاتر لە بیست ساڵیشە خوێنەری شیعرەکانیم و کتێب لە دوای کتێب چاودێری ئەزموونەکەیم کردووە و چەند جارێکیش لەبارەیەوە دواوم. بەڵام هەست دەکەم هێشتا دەشێ زۆر شتی دیکە لەسەر ئەزموونی ئەم شاعیرە بوترێت، چونکە ئەزموونەکەی نەخوێنراوەتەوە و هەڵنەسەنگێنراوە و ئەوەندەش دەوڵەمەندە کە چەندینجار هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.

دڵشاد عەبدوڵڵا، هەر لە سەرەتای ئەزموونییەوە هەوڵی ئەوەیدا لە ژێر تارمایی و سێبەری ڕوانگەییەکان و ئەو لێشاوە شیعرە باوەی هەشتاکان بێتە دەرەوە، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان مۆد بوو، ئەگەرچی لەسەرەتاکانی ئەزموونەکەیدا زۆر لەمەدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام بەتەواوی هەست بەو ڕاپسکانە شیعریانە دەکرێت، کە لە ئەزموونی ئەمدا و بەشێک لە هاونەوەکەی هەستی پێ دەکرێت. دڵشاد هەر لە "بەفرنووس"ەوە ئیدی بەدوای ناسنامەی خودە شیعرییەکەیدا دەگەڕا و لە "بزربوونی ناوێک" و "ئامیتا..." و زۆر جێگەی دیکەدا ئەزموونگەرانە نووسی. خەونی ئەوەی هەبوو جێگەی دیکە و سەرزەمینی دیکەی شیعریی بدۆزێتەوە. هەموو ئەمانە هەوڵ بوون کە من لاموایە لە بەشێکی زۆریاندا سەرکەتوو بووە و لە بەشێکی دیکەشیاندا ڕەنگە نەیتوانیبێت منی خوێنەری شیعر ڕازی بکات.

ئەوەی لە ئەزموونی ئەم شاعیرەدا بۆ من سەرنجڕاکێشە ئەو "ڕۆشنبیرییە شیعرییە"یە، کە بۆ هەر شاعیرێکی راستەقینە پێویستە. ئەمەش بەتەواوی لە دەقەکانی ئەم شاعیرەدا هەستی پێ دەکرێت و لە زۆر جێگەدا خوێنەر ئەگەر رۆشنبیرییەکی شیعریی نەبێت ڕەنگە دەرەقەتی توانا شیعریی و گوزارشتە قووڵەکانی ئەم شاعیرە نەیەت. بەڵام زۆرجار هەر خودی ئەمەش بە زیان بۆ دەقەکانی شکاوەتەوە و ڕەنگە هەر ئەم هۆیەش بێت، کە وەکو پێویست و چڕی و فراوانی ئەزموونەکەی پێشوازی لە ئەزموونەکەی نەکراوە.

دڵشاد لە چەشنی ئەو شاعیرانەیە کە ناتوانێ دەستبەرداری شیعر بێت. یان بە جۆرێک لە جۆرەکان گیرۆدەی شیعرە. ئەوکاتێک وتاری رۆژنامەوانی، یان تێڕامانی ئەدەبیش بنووسێت شیعر و زمانی باڵای شیعریی لە کۆڵی نابنەوە و وەکو ئەوەی زمانی بە شیعر پژابێت و ئیتر هەر بە شیعر بدوێت و بە شیعر قسە بکات. من ئەمەم لای شێرکۆ بێکەسیش هەست پێ کردووە، کە ئەویش زۆرجار ئەوەندە گیرۆدەی شیعر بوو وتار و قسەکانی رۆژانەشی بەشێک لە شیعریەتیان تێدا بوو. شیعر ئەوەی هەر بەجێنەهێشت، تا ئەو شیعریی بەجێهێشت.

لەم ماوەیەی پێشوودا نوێترین کتیبی شیعریی دڵشاد عەبدوڵڵام بەناوی "وەرزی سپی" خوێندەوە، کتێبەکە ئەزموونێکی دیکەی شیعریی ئەم شاعیرەیە، ئەزموونێک، کە دەتوانم بڵێم وەرزێکی دیکەی شیعرییە، وەرزێک کە زۆرجار گەڵاکانی شەفافن و زۆرجاریش لێڵ. بە پێچەوانەی بەشێک لە کتێبەکانی دیکەی شاعیرەوە ئەم وەرزە شیعرییە هەناسەی کورتن، نەک قەسیدەی درێژ. بەڵام دڵشاد لەمەشدا دیسان جوانی و شیعرییەت ئاوێتەی یەکتری دەکاتەوە. دیسانە لە ڕێی ئەم گەڵا شیعریانەوە کۆشکێکی دیکەی شیعری ئەفراندووە، کە خوێنەر ئاوێتە دەبێتەوە لەگەڵ شیعریی خاوێن، یان سەباح ڕەنجدەر گوتەنی شیعریی بێگەرد، کە من ناوی دەنێم شیعریی ڕەسەن.

شیعریی ڕەسەن ئەو چەشنەی شیعرە، کە وزەیەکی خاوێنی شیعریی تێدایە و تەنها لە پێناو شیعردا نووسراوە نەک لەپێناو پەیامی دیکەدا. شیعریی ڕەسەن تەنها پەیامی شیعریی هەیە و دوورە لە پەیامی ئایدیۆلۆژی و ئاینی و لەپێناو مرۆڤ و داهێنان و وزەی نوێگەرانەدا نووسراوە. بۆیە لەم سەردەمەی کە هەموو شتێک دژی شیعرە، هەموو شتێک کە لە بەهای شیعریی و ڕەسەنی دوور دەکەوێتەوە، بوونی ئەم جۆرە لە شیعر و بەردەوامی ئەم شاعیرانە دەبنە ئەو خوێیەی کە ناهێڵن جیهانەکەمان بۆگەن بکات*، جیهانێک کە بە ڕووکەش جوان و بریقەدارە، بەڵام لە ناوەوە بۆگەن و وێرانەیە.

من لێرەدا گەشتەکەی خۆم لەگەڵ ئەم وەرزە شیعرییەی دڵشاد عەبدوڵڵادا بە کۆتا دەگەیەنم و چاوەڕوانی وەرزەکانی داهاتووی شیعریی ئەم شاعیرەم.

 

 

 

*ئەم ڕستەیە داڕشتنەوەی ئەو ڕستەیەی نیکۆس کازانتزاکیسە، کە دەڵێت: "شیعر ئەو خوێیەیە کە ناهێڵێت جیهان بۆگەن بکات".

 

       

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 13 شوبات 2020 09:13
© 2017 Hawler