شوبات 27, 2020

ڕۆمان بێ ژن دەقێکی مردووە

گێڕەرەوەکەی ڕۆمانی"پیاوی شیرفرۆش"ـیئانا برێنز، کە خەڵاتی بووکەریشی پێ درا، حەزی لێیە لە ڕێگەی کارەکەی کتێب بخوێنێتەوە، تەنانەت ئەو کاتانەیش کە بە پێیان دەڕوات حەزی لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی سەدەی نۆزدەیەمە. ئەو حەز دەکات پەنا بەرێتە بەر ئاسایشی تۆمارەکان و پاپیرۆسەکانی سەدەی پێشوو، بەڵام لە کۆمەڵگە خەفەقانەکەی ئەودا لە سەردەمی گێرمەوکێشەکانی ئیرلەندای باکوور، بە هەڕەشەیەکی گەورە هەژمار دەکرێت. تەنانەت باشترین هاوڕێکەی، ئەو خووەی ئەو بە "نیگەرانکەرانە و لادەرانە و شەڕەنگێزانە" هەژمار دەکات. ڕاوی گێژ دەبێت: "دەتەوێت بڵەی ئەگەر بێتوو بە سێمێتکس (ماددەی تەقینەوەی پلاستیکی) لە نێو شەقامەکان بسووڕێمەوە کێشە نییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە لە نێو خەڵک (جەین ئەیر) بخوێننمەوە؟"


پێویست ناکات ژنێک ئیلا دەبێت لە نێو توندوتیژیی دەمارگرژانە گەورە بووبێت تا پەیوەندی لەگەڵ کێشەکانی ڕاوی دروست بکات. ژنێک کە لە کۆفی شۆپێک، یا لەسەر کورسی پارکێک و یا لە نێو ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی کتێب دەخوێنێتەوە، هەمیشە ئەو ڕیسەکەی لەبەردەمدایە کە کەسێک (ئەویش زۆر جاران پیا) هێواش هێواش لێی نزیک ببێتەوە و لێی بپرسێت: "تا ئێستا هیچت لە . ئممم. پاتریک ئۆبرایان خوێندووەتەوە؟" و یا بەلانی کەمەوە شتێکی ناپەیوەست بە ڕۆمانەوە بڵێت!
شتێک لەمەڕ کتێب خوێندنەوەی ژنان و لایەنە شاراوەکانی ڕۆمان هەیە. لە دێرزەمانەوە ئەم بەرپرسیاریەتییە لەسەر شانی ژنان بووە کە پێویستییەکانی مرۆڤایەتی ئاسان بکات و زۆر خوێندنەوە کارێکە کە لەگەڵ زاتی کۆمەڵگە وێک نایێتەوە.
دەمیان بار، نووسەر و دامەزرێنەری ناوەندی ئەدەبی لە لەندەن پێی وایە دەکرێت هێشتا خوێندنەوە بە چالاکییەکی یاخیگەرایانە و مەترسیدار بۆ ژنان هەژمار بکرێت. ئەو دەڵێت: "هێشتا پیاوانێک هەن کە ئەگەر بێتوو ژنێک کتێبێک هەڵگرێت، بە مەترسی و هەڕەشەی دەزانن." کاتێک دەمیان بار بۆ ناوەندەکەی خۆی لەگەڵ نیکۆڵا ستۆرجێن ـی وەزیری یەکەمی سکۆتلەندا قسەی کرد، سەری سووڕمابوو لەو هەموو سووکایەتییانەی کە خاتوو ستۆرجێن لە کاتی قسەکردن لەسەر ڕۆمان کردنی کە گوتبووی "خەڵکی دەڵێن خوێندنەوەی چیرۆک هیچ گرنگییەکی نییە و دەبێت کار لەسەر کارگێڕی خەڵکی بکەم"، بۆچی کتێبخوێندنەوە بۆ سەرۆک و ڕابەرێک کەمبەهاترە لە یارییەکی گۆڵف؟!
هێلین تیلۆر مامۆستای دیاری ئینگلیزی لە زانکۆی ئیکستێر، لە کتێبە نوێیەکەی خۆی "بۆچی ژنان چیرۆک دەخوێننەوە: حیکایەتەکانی ژیانی ئێمە"، کەوتووەتە تاوتوێکردنی قووڵ و وردی ئیحساساتی ژنان. ئەو زیاتر لە ٤٠٠ ژنی لەم بارەوە دواندووە تا تێبگات کە پەیوەندی ئەوان لەگەڵ چیرۆک چییە. وەڵامەکان لە ڕووی توندی وهەستکردن بە گوناه بە هۆی خوێندنەوە و لادانەوە، شایەنی تێڕامانن.
دایکێک باسی ئەوە دەکات کە چۆن بە ئەندامانی بنەماڵەکەی دەڵێت بۆ جلشووشتن بە مەکینە ئەچێتە قاتی خوارەوە تەنیا لەبەر ئەوەی دەرفەتی ١٠ دەقەی بەهادار بۆ خوێندنەوەی ڕۆمان بدۆزێتەوە. یەکێکی دیکە بۆی نووسیوە کە بەهای خوێندنەوەی ڕۆمان بۆ ئەو یەکتۆز کەمترە لە بەها و گرنگی هەناسەکێشان. ئەوانی دیکە لەوە دەترسێن کە لە کاتی کار، دەستیان کەشف بێت.
بیرۆکەی ئەوەی کە چیرۆک پانتاییەکی ژنانەیە، لە لایەن کەسانێک کە سەروکاریان لەگەڵ کتێبدا هەیە، بە گریمانە هەژمار دەکرێت. لەبەر بنەمای توێژینەوەکەی کتێبی نیڵسۆن، ژنان لە هەموو گرووپەکانی ڕۆماندا جگە لە فانتێزی، زانستی ـ خەیاڵی و ترسناک، لەسەرووی پیاوانەوەن. کاتێک کە پیاوێک چیرۆکێک دەخوێنێتەوە، حەزی لە خوێندنەوەی بەرهەمێک نییە کە لە لایەن ژنانەوە نووسرابێت، لە کاتێکدا تیلۆر بانگەشەی ئەوە دەکات ژنان بەرهەمی پیاوە ڕۆماننووسەکان دەخوێننەوە و پیایاندا هەڵدەڵێن وزۆر بە کەمی قەزاوەتی شەخسییان لەسەر دەکەن.
ژنان لە چاو پیاوان نەتەنیا کتێبکڕی زۆر باشترن ـ ڕاپرسییەکان نیشان دەدەن کە ٨٠%ی کتێبفرۆشییەکانی بەریتانیا و ئەمریکا و کەنەدا قەرزاری ژنانن ـ بەڵکو زۆرتر لە پیاوان دەچنە نێو فێستیڤاڵە ئەدەبییەکانەوە و دەبنە ئەندامی کتێبخانە وئەنجوومەنە ئەدەبییەکانو گوێ لە کتێبی دەنگی دەگرن و وێبلاگنووسی ئەدەبین.
یان مەکئەیوان، جارێکیان نووسی: "کاتێک کە ژنان دەست لە خوێندنەوە هەڵدەگرن، ڕۆمان دەمرێت." مێژووی چیرۆک بەردەوام مێژووی خوێنەرانی ژن بووە. لە سەدەی ١٨، ڕۆمان جێگەی خواست و حەزی ژنانی چینی دەوڵەمەند و خواپێداو بوو کە خوێنەوارییەکی فەرمییان لەبواری زانست و سیاسەت نەبوو. نووسەران و ڕەخنەگرانی پیاو کە یەکەمین ڕۆمانیان نووسی و هەڵیانسەنگاند، مەشروعیەتیان دایە فۆڕم، بەڵام تیلۆر دەڵێت "نووسەرانی ژنی چیرۆکە ئیحساسی و دڵدارانەییەکان بە خێرایی وەپێشیان کەوتنەوە. ژنان وەک ڕێگەی فێربوونی ژیانیتر و خەیاڵ سوود لە کتێبەکان وەردەگرن تا لەو ڕێگەیەوە پەیوەندی و چیرۆکەکانیان ڕێگەخۆشکەربن بۆ بەچاڵێنجکێشانیهەڵکەوتەیان بەرامبەر پیاوان.
موتاڵا و بەدواداچوونەکانی تیلۆر، یەکەمین هەوڵ و کۆششن لە تێگەیشتنی چۆنیەتی بەهای چیرۆک بۆ ژنانی هاوچەرخ بەدەر لە تەمەن و چینی کۆمەڵایەتی و گرووپەیلی قەومی. ئەو دەڵێت کاتێک ناوونیشانی کتێبەکەی بە پیاوەکان دەڵێت، بەرگریکارانە ڕووبەڕووی دەبنەوە و دەڵێن "خۆ ئێمەش چیرۆک دەخوێنینەوە." تیلۆر دەڵێت "منیش دەڵێم دڵنیام ڕاست دەکەی، بەڵام پیاوانێکی زۆر کەم ئەم کارە دەکەن". تیلۆر باس لەوە دەکات: "کاتێک باسی توێژەکانی بنەوە دەکەم تا تێبگەم بۆچی ڕۆمانێکی تایبەتیان خوێندووەتەوە، ئەوان هەرگیز وەڵامێکی ئیحساسی نادەنەوە، بەڵکو زۆرینەیان دەڵێن: ئاخر زۆر حەزمان لە چیرۆکەکانی شەڕی جیهانی یەکەم و یا سەردەمی ڤیکتۆریایە، یا ئەوەی کە لە زانکۆ، کۆلێژی مێژوومان تەواو کردووە و دەمانەوێت بەدواداچوون بۆ بابەتێکی تایبەت بکەین و یا حەزمان لێیە کتێبەکانی مارتین ئیمیس بخوێنینەوە، چونکە کارەکتەرەکانیان زۆر تایبەت و خۆشن".
لویز داوتی نووسەری ٩ ڕۆمان و کتێبە پڕفرۆشەکەی "حەساری دارسێو"، دەڵێت خوێنەرە پیاوەکانی پەسنی کتێبەکانی دەدەن و (ڕەنگە وەهاش نیشان بدەن) و بەنمونەیەک لە توێژینەوەی ئینسانناسی لەقەڵەم دەدەن. ئەو ئاماژە بە یادداشتێکی پیاوێک دەکات لەسەر کتێبی "هەر ئەو شتەی کە حەزت لێیە"، نووسیبووی: "لە ڕۆمانەکەی ئێوەوە لەمەڕ ئەوەی ژنان چ ئیحساسێکیان هەیە، زیاتر فێربووم لەو چەندین دەیە توێژینەوەیەی کە وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕوپاگندەی بازرگانی کار دەکەم."
جاناتان کو، نووسەری کۆمەڵەی "ڕاتێرز کڵاب"، ڕاکێشانی خوێنەرانژن و پیاو وەک یەک نازانێت، بەڵام هەست بەوەش دەکات کە ژنان و پیاوان لە چیرۆکدا بە دوای شتگەلی جیاوازەوەن. ئەو دەڵێت: "من حەز بە گشتبێژی و گشتاندن ناکەم، بەڵام هەڵبژاردەی خوێنەرەپیاوەکان زیاتر خەیاڵی و هەیەجاناوییە، لە کاتێکدا کە ژنان زیاتر بە دوای چیرۆکگەلی ئەدەبییەوەن. ئەمەش نیشانم دەدات کە ژنان بۆ درککردنی خۆیان کتێب دەخوێننەوە و پیاوانیش بۆ هەڵاتن لە خۆیان".
تیلۆر دەڵێت دۆزینەوەی پیاوێک کە خوێندنەوەی چیرۆکێک کاریگەری لەسەر ژیانی سۆزداری و مەعنەوی هەبووبێت، زۆر قورسە. لە کاتێکدا کە ئەو ژنانەی کە بۆ کتێبەکەی هاوبەشییان لەگەڵی کردووە، بەردەوام ئاماژە بەو ئیحساسە دەکەن کە ڕۆمانەکان پێیبەخشیون و حەز و ویستی خۆیان بۆ چیرۆکەکان "تەماعکارانە" وەسف دەکەن. لە کاتێکدا کە بۆ زۆرێک، خوێندنەوە چالاکییەکی تەواو شەخسییە، ـ "باشترین هاوڕێم"، "باشترین عەشقم" ـ چالاکییەکە کە ژنان لەگەڵ یەکتری هاوبەشی پێ دەکەن و قسەی لەسەر دەکەن. پێشینەی گرووپەکانی کتێب، بۆ گرووپەکانی خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز لە سەدەی ١٧ و هۆڵەکانی پاریسی سەدەی ١٨ و هەروەها گرووپەکانی مافی ڕەئی پێشکەوتوو کە تیایدا ژنان بۆ فێربوون کۆ دەبنەوە، دەگەڕێتەوە. تیلۆر دەڵێت: "هاوبەشیپێکردنی خوێندنەوە شتێکە کە بێ گومان ژنان بە شێوەی ئۆتۆماتیک بە شێوازگەلی نەسلی و کۆمەڵایەتی و زانکۆیی ئەنجامی دەدەن."
کیت ماس، ڕۆماننووس و شانۆنامەنووس و بەڕێوەبەری دامەزراوەی خەڵاتی چیرۆک بۆ ژنان، بانگەشەی ئەوە دەکات کە "کڵەپەکانی کتێب" هۆکارێکی ئەقڵانییان بۆ ژنان فەراهەم کردووە تا بتوانن بێ هەستکردن بە گوناه، کاتێکی خۆش لەگەڵ هاوڕێ ژنەکانیان بەسەر بەرن. ماس دەڵێت: "ئەم هەستە دروست دەبێت کە ئامانجێک لە کارەکەدا هەیە و ئەو ئامانجەش تەنیا پڕکردنەوەی کاتی بەتاڵە نییە. بەم کارە، ژنان ڕێگە بە خۆیان دەدەن کاتێک بۆ دەرچوون لە ژیانی هەرڕۆژەیی خۆیان دابین بکەن." هەروەها ژنان سوود لە کتێب وەردەگرن بۆ هاوڕێیەتی و هەڵسەنگاندنی خواست و حەزەکانی یەکتری، "بۆ من ئەگەر کەسێک بۆ کتێبی (بەرزاییەکانی بادار) بەها دانەنێت، کەمێک کەمتر لەو خۆشم دەوێت".
سەرنجڕاکێشە کە زۆربەی ئەو ژنانەی لە کتێبەکەی تیلۆر قسەیان کردووە باس لەوە دەکەن کە چیرۆک چۆن جووڵە و بزاوێکی کۆمەڵایەتی پێ بەخشیون. زۆرێک لەو کەسانەی بەشداری کتێبەکەیان کردووە، خۆیان لە چینی کرێکار و هەژار داناوە کە ئەو ماڵەی تێیدا گەورە بوونە هیچ کتێبی تێدا نەبووە، بەڵام لە ڕێگەی کتێبخانە و قوتابخانەو هاوڕێکانیانەوە، خۆیان بەرزتر کردووەتەوە.
تیلۆر دەڵێت قبوڵبوون وەک خوێنەرێکی باش بۆ ژنان، لەمێژە وەک ڕێگەیەکە بۆ دەستکەوتنی هەڵکەوتی باشتر و بەرزتری کۆمەڵایەتی.
زۆر نووسەری ژن هەن کە لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ خوێنەرانی ژن، گوماندارن. ڕۆکسێن گێی، جارێکیان ئاماژەی بەوە کرد کە "لەگەڵ نووسەرانی پیاو وەک ڕووناکبیر ڕەفتار دەکرێت، کەچی لەگەڵ نووسەرانی ژن وەک هاوڕێ". ئەمەش نیگەرانییەکی گەورەی کیت ماسە وەک دامەزرێنەری خەڵاتی چیرۆکی ژنان. ئەو دەڵێت: "ئەم بیرۆکەیەهەیە کە بیروڕای پیاوان بەهای زیاترە و ئەگەر شتێک بە چالاکی ژنانە هەژمار بکرێت، بەهاکەی کەمترە. دەبێت ڕێگە بدرێت ژنانی هونەرمەند لەسەر دەستکەوت و نووسین و کارەکانی خۆیان زیاتر ورد ببنەوە، بێ ئەوەی داوایان لێ بکرێت وەڵامە دەرەکییەکان وەبەرچاو بگرن".
هیلاری مێنتڵ لەگەڵ تیلۆر، باسی ترسی خۆی لە بچووک لەقەڵەمدان وەک ژنێک و ناوبردنی وەک نووسەرێک کە توانای نووسینی لەبارەی کۆمەڵگەوە بچووکە کردووە، چونکە ناتوانێت لە بێسەروبەرییەکانی خۆی لەبارەی خواستەکانی ژنان دوور بکەوێتەوە. تیلۆر دەڵێت: "سەیر نییە کە هیلاری مێنتڵ ویستوویەتی لە کۆمەڵەی "تۆدۆر" بە تەواوی لە دونیای ژنان دوور بکەوێتەوە، چونکە ویستوویەتی بە فەرمی بناسرێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا: چ شتێک بۆ نووسەر لەوە باشترە کە هەست بکات ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو ژنانە قسە دەکات کە ئەو بە هاوڕێیی خۆیانی دەزانن؟ بۆچی نووسەران دژی دەوەستنەوە؟ ئەمە لە ڕاستیدا حەقیقەت و کەمێکیش پەڕجوویانەیە. ئێمە چیرۆک دەخوێنینەوە تا ئیحساساتمان کەشف بکەین. ئێمە لە کۆتایی ڕۆمانێکی دڵدارانە دەگرین، چونکە ئازار بە گرفتاری و بەدبەختییەکانی خۆمانەوە دەکێشین؟"

 

و: شۆڕش غەفووری - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler