شوبات 27, 2020

حەمەسەعید حەسەن

 

(١)
مامۆستا نەجمەدین مەلا لە ١٨٩٨دا، لە سلێمانی هاتووەتە دونیاوە.
لە کۆتایی ئەپریلی ١٩٦٢دا کۆچی دوایی کردووە.
لە دووی ئایاری ١٩٦٢دا لە گردی سەیوان بە خاك سپێردراوە.
دوای بەیاننامەی یازدەی ئاداری ١٩٧٠، دروست لە ٢ی ئایاری ١٩٧٠دا، (لەسەر وەسیەتی خۆی) ئێسکوپروسکی بۆ چیای ئەزمڕ گوێزراوەتەوە.
ئەوە یەکێک بوو لە چالاکییە گرنگ و جوانەکانی کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی کە منیش شانازیی بەشداریی تێدا کردنیم پێ بڕا. مێژووی نووسینی ئەم شیعرە، بۆ ئەو سەروەختە دەگەڕێتەوە.
*
مامۆستا گیان! ئەی مەشخەڵی ڕێی تاری کورد
ئەی یەکەم دڵسۆزی ڕاست و خەمخواری کورد

ئەی ئەو کوردەی کە دروشمت هەر خزمەت بوو
ڕەنجت تەنیا بۆ پێشخستنی میللەت بوو

تۆ هەڵگری چرای ڕێگەی زانیاری بووی
تۆ ڕابەری زانین و خوێندەواری بووی

تۆ تاکوو دوا لێدانی دڵە پاکەکەت
نەکەوتی لە خزمەتکردنی خاکەکەت

هەر هەوڵت دا، تا خوێن لە دەمارتا وەستا
ئەی بوێژ و نووسەری کورد، ئەی مامۆستا

مژدە بێ لەو گیانە پاک و خاوێنەی تۆ
لەو دەروونە ڕوونەی وەکوو ئاوێنەی تۆ

ئەو ئاواتەی کە دڵی تۆی بۆ لەت لەت بوو
کە ڕزگاری و ئازادبوونی گەلەکەت بوو

هاتۆتە دی ئێستا کوردستان سەربەستە
نەوەی تازەی بە عیشقی نیشتمان مەستە
*
(*) بیبلۆگرافیای یۆبێلی زێڕینی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد (١٩٦٩ - ٢٠١٩) غەفور عەبدوڵڵا، چاپخانەی کارۆ ٢٠١٩ سلێمانی.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 07 کانونی دووەم 2020 05:28
© 2017 Hawler