کانونی دووەم 20, 2020

نووسەران بۆ دەخرێنە زیندان؟ بەهۆی چ شتێکەوە نووسەران خراونەتە زیندان؟ ئەم هاوکێشەیە لەمێژووی کۆن و نزیکدا چۆن بووە؟ ئەی لە ئێستادا چی بەسەر هاتووە؟ ئەم وتارە هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە دەدات، یان دەیەوێت بە کورتی و لە چەند سەرنجێکدا بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانەدا بگەڕێت.
سەرەتا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ نێو مێژوو، دەبینین لە کۆندا نووسەران و بیرمەندان لەلایەن دوو دەسەڵاتەوە تووشی لیپێچینەوە و سزادان و ڕاوەدونان و کوشتن بوونەتەوە، کە ئەوانیش دەسەڵاتی دینی و دەسەڵاتی سیاسی بوون. لە لایەن دەسەڵاتی دینییەوە بەتایبەت پیاوانی ئایینییەوە تەکفیر کراون و ئەم مێژووەش بەردەوامی هەبووە و بەداخەوەش تا هەنووکە بەردەوامی هەیە و مێژووی هەموو ئایینەکان بەدەر نییە لە سانسۆرکردن و ئەم خاڵە ناشیرینانە. بە دیوێکی دیکەدا دەسەڵاتی سیاسیش هاوشانی دەسەڵاتی دینی دیسان کۆتووبەندی بۆ نووسەران و بیرمەندان داناوە. ڕەنگە نموونەی هەرە دیار لە مێژوودا ژەهرخواردکردنی سۆکراتی بیرمەند بێت، کە بەهۆی بیروڕاکانییەوە، کە دەسەڵاتداری ئەوکاتی دەوڵەتشاری یۆنان بە بەهانەی ئەوەی کە ئەم بیرمەندە مێشکی گەنجان تێکدەدات سزای ژەهرخواردکردنی بەسەر سۆکراتدا سەپاند. لە مێژووی نزیکیشدا ڕەنگە دەسەڵاتی ستالین لە ڕووسیا و سەدام حسێن لە عێراق دوو نموونەی هەرە دیار بن، کە دەزگای تایبەتی سانسۆریان هەبووە و نووسین و بیروڕاکانی دەیان نووسەر و بیرمەندیان سانسۆرکردووە و دەیانیشیان تووشی سزای جۆراوجۆر کردووە.  
وەک دەبینین لەمێژووی نووسین و بڵاوکردنەوەدا گەلێک نووسەر بەهۆی نووسین و بیروڕاکانیانەوە خراونەتە زیندان، یان لە وڵاتەکەی خۆیان وەدەرنراون، یان هەوڵی تیرۆرکردنیان دراوە و هەندێکیشیان تیرۆر کراون. ئەمە بێجگە لەوەی فەتوای کوشتن بۆ بەشێکی دیکەش دەرکراوە، یان ژەهرخوارد کراون. بەڵام زۆر بە دەگمەن لە مێژوودا ڕوویداوە نووسەرێک لەسەر ئەوەی ڕەخنەی لێ گراوە، نووسینە بازاڕییەکانی ڕەخنە کراوە، هەوڵی ئەوەی دابێت نوووسەر و ڕەخنەگرێک بخاتە زیندانەوە، یان خەونی ئەوە ببینێت زیندان بکاتە ماڵی دووەمی نووسەران و ڕەخنەگران. مەگەر ئەو نووسەرانەی کاریان بۆ دەسەڵاتێکی دیاریکراو کردبێت، وەکو سەردەمی ستالین، کە ڕاپۆرتیان دژی نووسەران دابێتە دەسەڵات.
ئەگەر لە ڕیشەی ئەم خەونە بپرسین دەشێ بگەینە ئەو بڕوایەی کە هەرگیز نووسەرە ڕاستەقینەکان خەونی ئەوە نابینن نووسەرێک بخرێتە زیندانەوە. هەرگیز خەونی ئەوە نابینێت زیندان بۆ بیروڕا دابمەزرێت و ئازادی سنووردار بکرێت. ئەرکی نووسەری ڕاستەقینە فراوانکردنی ڕووبەری ئازادی و تێکشکاندنی هەموو سنوورێکە کە بۆ بیروڕاو و ئایدیاکانی نووسەران دابنرێت. ئەوەی خەونی ئەوە ببینێت نووسەرێک بخرێتە زیندانەوە، یان بیروڕای نووسەرێک سنووردار بکرێت و ڕووبەری دەربڕینی بیروڕا تەسک بکرێتەوە، بێگومان نووسەر نییە، ئەگەر نەک بیست کتێب خاوەنی سەد کتێبی چاپکراویش بێت، چونکە هەرگیز نووسەرە ڕاستەقینەکان خەونی تەسککردنەوەی ڕووبەری ئازادی و سنووردارکردنی بیروڕا نابینن، ئەوە تەنها کاری نووسەرە ساختەکانە.
نووسەرە ڕاستەقینەکان هەمیشە دەکۆشن بۆ فراوانکردنی ڕووبەری ئازادی و بەرگری لە هەموو چەوساوەیەک دەکەن لە هەر جێگەیەکی دونیا بێت. داوای ئازادی نەک تەنها بۆ ئینسان، بەڵکو بۆ ئاژەڵ و پەلەوەرەکانیش دەکەن. ئەوان خەم لە هەڵوەرینی گەڵایەک و فرمێسک بۆ ڕەقبوونەوەی باڵندەیەک دەخۆن کە لە شەوێکی زستانێکی تووش دا ڕەق دەبێتەوە. ئەوان قەفەزی نوێ دروست ناکەن بۆ باڵندەکان، بەڵکو لە خەمی شکاندن و سووتاندنی سەرجەم قەفەسەکاندان. لێ تەنها نووسەرە ساختەکانن، یان خۆبەنووسەرزانەکانن کە خەونی ئەوەیان هەیە بەردەوام قەفەسی نوێ بۆ نووسەران دروست بکەن، چونکە خۆیان لە قەفەسێکی هەمیشەیدان و توانای ئەوەیان نییە لێی ڕزگار بن.
ئەو نووسەرەی خەون بەوەوە ببینێت کە ژمارەی قەفەسەکان زیاد بکات، نووسەران بخاتە کونجی زیندانەوە و مەودای بیروڕاکان سنووردار بکات، نەک نووسەرێکی ساختەیە، بەڵکو ژەهری فاشییزم لە خوێنیدایە، ئەوە نووسەرە دەربارەکانی سەردەمی ستالین بوون کە ڕاپۆرتیان لە دژی هەریەک لە میخائیل بۆڵگاگۆف و بۆریس پاسترناک نووسی تا ئازادی نووسینیان لێ زەوت بکەن. ئەو نووسەرەی لە ئێستادا هەمان کار بکات و بۆ هەر دەسەڵاتێکی بکات، خۆ ئەگەر بۆ بڕوا چەوتەکانی خۆیشی ئەوە بکات هیچی کەمتر نییە لەو نووسەرانەی سەردەمی دەسەڵاتی ستالین، کە رۆژانە زیندانی نوێی بۆ نووسەران دروست دەکرد.
ئەوەی دەمەوێت لێرەدا پێداگریی لەسەر بکەمەوە ئەوەیە کە نووسەرە ڕاستەقینەکان خەونی ئەوە نابینن زیندان هەبێت، خەونی ئەوە دەبینن نەک نووسەران، بەڵکو هیچ کەسێک لە زیندان نەبێت. ئەوان خەونی ئەوەشیان هەیە هەموو باڵندەکانیش ئازاد بن و تا دوا سنووری فڕین لە شەقەی باڵ بدەن. نەک خەونی ئەوە ببینن زیندانی نوێ بۆ نووسەران بخولقێنن. 

 

ئارام کۆشکی

© 2017 Hawler