کانونی دووەم 20, 2020

من لەگەڵ ڕۆشنبیرانی سەردەمی خۆم نەکەوتم

داریوش ئاشووری بەشداری ڕوونوێنی کتێبێکی "موحسین موتەقی و ڕەزا ڕکویی" کرد بە ناوی "ئاشووری ڕۆشنبیرێکی جیابیر" کە لە کتێبفرۆشی و دەزگای چاپی هارمتان لە گەڕەکی پێنجی پاریس و بە ئامادەبوونی خەڵێکی خوێنەرەوە بەڕێوە چوو. لەم دانیشتنەدا نووسەران قسەیان لەسەر کتێبەکە کرد و دواتر داریوش ئاشووری دەقێکی کە بە فاری نووسیبوو بۆ ئامادەبوان خوێندەوە کە هاوکات بە فەڕەنسیش وەردەگێڕدرا.لەبەر گرنگی دەقەکە لێرەدا دەیکەینە کوردی و بڵاوی دەکەینەوە:

هاوڕێکانم بەڕێز موحسین موتەقی و ڕەزا ڕکویی، خوێندکارانی وڵاتی فەڕەنسە، لە کۆمەڵناسی و فەلسەفە بەو ئاشناییەی کە لەگەڵ نووسینەکانی من لە زمانی فارسی هەیانە و تێگەیشتنیان لە فەزای ڕۆشنبیری ئێرانی لە نیو سەدەی دوایی، بە پێویستیان زانیوە کە بە وەرگێڕانی هەندێک لە وتار و نووسینەکانم و نووسینی پێشەکییەکی دوور و درێژ، من وەک ڕووناکبیر و نووسەرێکی ئێرانی ـ هەڵبەتە بە ناوونیشانی hétérodoxe، بە کۆمەڵگەی زانستە ئینسانییەکان لە پانتایی زمانی فەڕەنسی، بمناسێنن.
هاوڕێیانی بەڕێزی دیکەم، دکتۆر فەرهاد خسرەوخاوەر ـیش بەو لوتفەی کە دەرهەق بە منیان هەیە و بە وردبینییە هەمیشەییەکەی خۆی، لە پێشەکی کتێبەکە، شڕۆڤەیەکی درێژ بەڵام وردی لە ڕاستای تێهزرینی من ئەنجام داوە.
من هەرگیز چاوەڕوانی وەها کتێبێک لەبارەی خۆم ئەویش بە زمانی فەڕەنسی نەبووم، ئەگەرچی لە نێو وتار و نووسراوگەلێک کە بە زمانە ئەوروپییەکان لەبارەی ئێرانی هاوچەرخ چاپ دەبن و تیایاندا قسە لەسەر ڕۆڵی ڕووناکبیرانی ئێرانی لە سەردەمی پێش و پاش شۆڕش لە ئێران دەکرێت، زۆر جاران ناوێک لە من و نووسینەکانیشم دەبرێت. کاری ئەم دۆستانەش، لە ڕاستیدا بەشێکە لە پڕۆژەیەکی ئەوان لە ئاستی کۆمەڵناسی و فەلەسەفە، کە ساڵیانێکە لەبارەی دیاردەی "ڕۆشنفکری ئێرانی" و ڕۆڵی مێژویی و کۆمەڵایەتییەکەی کاری لەسەر کراوە.
فەرهاد خسرەو خاوەر و موحسین موتەفی بە تەنیایی و پێکەوەش لەم بوارە توێژینەوەگەلێکیان بە فەڕەنسی و فارسی چاپ و بڵاو کردووە. ڕەزا ڕکویی ـش تا ئێستا کتێبی (L’Iranautrement) چاپ کردووە کە توێژینەوەیەکی گشتگیر و مایەدارە لەبارەی چۆنیەتی دروستبوون و کاریگەری فەلسەفەی مۆدێڕن لە ئێران و نوێنەرە سەرەکییەکانیان لە نێو وەرگێڕ و نووسەراندا.
 بەڵام بەدەر لە پڕۆژەی ئەم هاوڕێیانە بە زمانی فەڕەنسی، موتاڵا لەبارەی "ڕۆشنبیری ئێرانی" وەک دیاردەیەک لە مێژووی مۆدێڕنی وڵاتێکی "جیهانی سێیەم" لە چەندین دەیە پێش و بە شێوەی پڕۆژەگەلی لێکۆڵینەوەیی و تێزگەلی زانکۆیی، بە دەستی خوێندکاران و مامۆستایانی ئێرانی و نائێرانی، لە بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت لە زانکۆکانی ئەمریکا زۆر بەرچاو دەکەون. هۆکاری ئەم کونجکۆڵییە پەڕگیر و زۆرەش، پەیدابوونی دیاردەیەکی سەیری وەک شۆڕشی ئیسلامی و دروستبوونی پێکهاتەیەکی سیاسی نوێیە بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە کرۆکی دونیای ئەوڕۆییدا، چونکە کەس، بەو شێوەیەی کە ئێمە بینیومانە، چاوەڕوانی وەها شتێکی نەبووە.
تاوتوێکردنی تایبەتمەندییەکان و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و مێژوو ڕۆشنبیران، زیاتر لە هەمووان لەبارەی ئەو وڵاتانەوە ئەنجام دەدرێت کە تێیاندا و لە نێو دونیای مۆدێڕن، شۆڕشێکی گەورە ڕووی داوە. لەم ڕووەوە وابزانم ڕوسیە و چین و ئێران لە هەموویان سەرنجڕاکێشتر و گرنگترن، بەڵام ئەوەی مایەی سەرەکی ئەم کونجکۆلییەیە، ڕۆڵی مێژوویی کاردانەوەی ئایدیا سیاسییە مۆدێڕنەکانە لەم کۆمەڵگایانە.
ئێران لەم نێوەندەدا تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە لە دەرەوەی هێڵی سەرەکی شۆڕشە مۆدێڕنەکان بە خواستی سیکۆلاری و هیومانیستییان لەسەر بنەمای باوەڕکردن بە "پێشکەوتنی مێژوویی ـ progressismehistorique"، لە کۆتایی سەدەی بیستەم، بە بوونی دەنگ و هەرای ڕاگەیاندنەکان، شۆڕشێک ڕووی داوە کە خەیاڵ و هزری گەڕانەوە بۆ سەدەکانی نێوەڕاستی لە مێشکدایە.
خاڵی سەرنجڕاکێشی دیکە، ڕووخاندنی ڕژێمێکی پاشایەتی ـ وەک بنەمای سیکۆلاریزم ـ و یەکگرتنی مەلا دوژمنەکانی ڕژێمی شا کە لە ڕۆشنگەری مۆدێڕن بە ئاراستەدار دەناسران و ڕەوتگەلی سیاسی مۆدێڕن و دژی ئەو ڕژێمە هەر لە چەپی کارکسیستی و لینینیسی و مائۆئیستییەوە بگرە تا ناسیۆنالیزمییە موسەدقی و نیشتمانییەکان، بوو. لە کاتی دروستبوونی ئەم هاوپەیمانییەتە، وەک ئەڵقەی پەیوەندی، دەبوو ڕەوتێکیش هەبێت کە وەک ڕۆشنبیری دینی خۆی بناسێنێت. لە سەردەمی پێش شۆڕش، لە نێو نووسەران کەسانێکی پێشڕەو هەبوو کە ناودارترینیان جەلال ئال ئەحمەد و عەلی شەریعەتی بوون.
ئەوەی کە فەزا زانکۆیی و سیاسی و ژوورنالیستییەکانی دونیای ڕۆژئاوای سەبارەت بە ئێران کونجکۆڵ کردووە، ئەم دیاردە سەیرەی نێو دونیای ئەورۆیە کە پاش هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، دوژمنی سەرەکی "جیهانی سەرمایەداری"، بە هێنانەکایەوەی "جیهاد" بە ناوی دینی ئیسلام، ئاڵای دوژمنایەتی لەگەڵ دونیای سیکۆلاری مۆدێڕن بەرز کردەوە.
بۆیە تێڕوانین بۆ دونیای ئیسلام، بەتایبەت ئێران، و ئەو مەترسیانەی کە بە هۆیەوە هەڕەشەیە لەسەر ئاسایش و ئارامی دونیا، جێگەی سەرەنجی سەرەکی ڕۆژئاوایە. ئەو سەرەنجەی کە ئەوڕۆکە لە دونیای ڕۆژئاوا بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بەتایبەت ئێران هەیە، بەرهەمی ئەم نیگەرانییە هەمیشەیەیە.
ئەوەی کە بە "ڕۆشنبیری ئێرانی" دەناسرێت، لە گوتەزای هەمان دیاردەیە کە لە سەدەی نۆزدەیەم لە ڕوسیە بە (intelligentsia) ناو دەبرا و ئێستا ناوێکی دونیایی بۆ دیاردەگەلی ڕۆشنبیری لە وڵاتانی ناڕۆژئاوایی دروست بووە کە ئەویش (intelligentsia)ـە.
ئەگەری چی لە ڕووی واتاوە (intellectuel) لەگەڵ (intellectualisme) خزمایەتییەکی ڕیشەییان هەیە، بەڵام لە ڕووی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و مێژووییەوە، بەتایبەت ڕۆڵی شۆڕش لە کۆمەڵگە پێشمۆدێڕنەکان، بۆ نمونە ڕوسیە و ئێران و چین، سەرەتا زادەی بەریەککەوتنی کۆمەڵگە "ڕۆژهەڵاهەڵاتییەکان" لەگەڵ ئایدیۆلۆژیا و بیرۆکە لیبراڵییەکانی سەردەمی ڕۆشنگەرین لە فەڕەنسا و منداڵەکەی، شۆڕشی فەڕەنسان و لە قۆناغی دووەمیشدا، زادەی مارکسیزم ـ لینینیزم ـی ڕووسی و شۆڕشی بەلشەڤیکین لەو سەرزەمینە.
هەر بۆیە، ئەوەی بە ناوی بیرۆکەی مۆدێڕن و دونیابینی مۆدێڕن گەیشتە گۆشە و کەناری دونیا، لەوانەش ئێران، کەم و زۆر هەموویان لە چوارچێوەیەکی ئایدۆلۆژیای سیاسی مۆدێڕن بووە، لە لیبرالیزمەوە تا سوسیالیزم و کۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزم و فاشیزم و هەروەها پێکهاتەیەک لە هەموویان بە بیرۆکە و ئامانجی خۆجێیی و دینی، هەروەک ئەوەی لە ئێران بینیمان. و "ڕۆشنبیران" هەڵگری ئەم بیرۆکەیە بوون بۆ نێو کۆمەڵگەکەی خۆیان.
بەڵام لە دەوری ئەم ڕەوتانە، کەسانێشکیش هەبوون کە بە "ڕۆشنبیر" دەناسران، بەڵام ڕووخسارگەلێکی ناسراو لە جۆری ئایدۆلۆژییە ناسیۆنالیست یا کۆمۆنیست یا "ڕۆشنبیرە دینی"ـیەکان نەبوون و دەتوانرێت لە پلەی ئازادیخوازان پۆلێنبەندییان بکەین کە زەین و تێهزرینیان لە فەزای ئازادبیرکردنەوەی زانستی و فەلەسەفیی مۆدێڕن نێزیکە. منیش بە کۆمەڵە کارە زانستی و ئەدەبی و فەرهەنگییەکانم دەکرێت لەم پۆلە کەسانە پۆلێن بکرێم. لە ڕوانگەی دۆستانی نووسەری ئەم کتێبەوە، ئەوەی کە ناساندنی منی بە زمانی فەڕەنسی مانادار کردووە و زەحمەتیان بۆی کێشاوە، هەر لەو ناوونیشانە کورت دەکرێتەوە کە لەسەر بەرگی کتێبەکە هەیە: (un intellectuelhétérodoxeiranien).
لە ڕوانگەی منەوە، ئەمەش ناوونیشانێکە کە دەرخەری ئەوەیە من وەک ڕۆشنبیر و نووسەر لە نێو زمانی فارسی کردوومە. مەبەست و ئامانجی ئەوان لەم ناوونیشانە، هەروەک چۆن لە پێشەکییەکەیاندا باسیان کردووە، ئەوەیە کە من لە ڕێگەی دوور و درێژی هزری و نووسینی خۆم، هەمیشە بە ئاراستەیەکدا نەچوومە کە ڕۆشنبیرەکانی سەردەمی خۆم ڕۆیشتوونە، و ئەگەرچی لە ژیانی سیاسنی نەوەی خۆشم جیا نەبوومە، سەرنجی من بۆ پرسی زمان و فەرهەنگ، ڕێگەیەکی تاکەکەسی خستووەتە بەر پێی من کە ڕەنگە دەستکەوتگەلێکی تایبەتیشی بۆ زمان وف ەرهەنگ و ئەندێشەی کۆمەڵایەتی و فەلسەفی ئێران هەبووە. منیش ئەم لێهەڵێنجانە قبوڵ دەکەم، بەڵام شڕۆڤە لەبارەی (hétérodoxie)ی خۆم بەوان دەسپێرم کە لە زمانی فەڕەنسیش، زمانکراوەن.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بە گاڵتەوە شتێک بڵێم. ئێمە لە زمانی فارسی دەستەواژەیەکمان هەیە: "خروس بی‌محل" یا "هەمان کەڵشێری ناوەخت"ـە. مەبەست لە کەڵەشێر ئەوەیە کە لەو کاتەدا ناقووقێنێت کە هەموو کەڵەشێرەکان بەرەبەیان دەقووقێنن، واتە بێ کات و سات دەخوێنێت، هەروەک شاعیری گەورە سەعدی گوتوویەتی: "ئەمشەو مەگەر بە کات ناقووقێنێت ئەم کەڵەشێرە.." من ئەم دەستەواژە عامیانەیەی ئێران لەبارەی وەرگێڕانی هترۆدۆکسی لەمەڕ خۆمەوە بە گونجاو دەزانم.
کەڵەشێری ناوەخت، ئەگەر چی "لە کاتی خۆی" لەگەڵ کەڵەشێرەکانی دیکە ناقووقێنێت و بە تەنیایی دەخوێنێت، بەڵام ڕەنگە کاتێکیش بێتە پێشەوە کە سۆڵۆی دەنگی ببیسترێت. و گوایا ئەم کاتە لە کۆمەڵگەی ڕۆشنبیری ئێرانی، چ لە ئێران و چ دەرەوە، بۆ منیش گەیشتبێت کە بووبێتە هۆی ئەوەی دۆستانێک کاتێکی زۆری خۆیان بۆ وەرگێڕان وقەڵەمی فکری من سەرف بکەن.
هەرچۆنێک بێت سوپاس کە لێرەدا ئامادە بوون.

 

شۆڕش غەفووری - هەولێر

© 2017 Hawler