ئاب 11, 2020

دەمەو ئێوارە بوو، كە هاتمە بەردەرگه‌ و باران دەباری، لەگەڵ بارانباریندا "من و یاسین" دواین لەبارەی ئەو ترسەی لەدڵمدا هه‌بوو. دواتر ئەو ڕووی خۆی وەرگێڕا و منیش چاوم لەسەری هەڵنەگرت، لەپڕ هەورە تریشقە ونی كرد و دیار نەما، بەڵام من نەمزانی بۆ ئەمە ڕوویدا. هەمیشە چاوەڕێم باران لەگەڵ خۆی بیبارێنێتەوە.. تەق تەق تەق دەنگی دەرگه‌ دێت، بچۆ ده‌رگه‌ بكەوە بزانە باوكتە؟ هەمیشە ناومێد دەبم بەو لەده‌رگه‌دانە. لەدوای ڕۆشتنی یاسین هەمیشە نائارامم، حەز ناكەم هیچ پیاوێك ببینم.ویستم بە ته‌نیا بژیم لە گوند و كار بكەم بۆ بژێویی، بەڵام لەبەر "دڵسۆز"ی كچم، لە شار مامەوە، چونكە لە گوند هەڵی نەدەكرد. "دڵسۆز" ئێستا تەمەنی (26) زستانە. من بەڵێنم پێداوە، كە باسی پێوه‌ندیی نێوان خۆم و یاسینی باوكی بۆ بكەم، بەر لە هاوسەرگریی لەگەڵی.. تازە ماڵمان باری كردبووە ئەو گەڕەكەی ماڵی یاسینەوە. من، بە ڕێكەوت ئەوم بینی، ئەویش ئەوساتە بوو، كە زبڵم دەكردە ناو سەلەی دەرەوە. منی بینی و سڵاوی تازە دراوسێیەتیی لێكردم، ئەو ڕێكەوتانە زۆرجار ڕووی دەدا، من و ئەو لە تەمەنێك دابووین، لە سەرەتادا هۆگربوون لەلای ئەو دروست بووبوو، چونكە لە هەر شوێنێك دەبووم، بەدوامەوە بوو، سەیری دەكردم، هەمیشە چاوەڕێی دەرفەتێك بوو، تا قسەم لەگەڵدا بكات.منیش بەشەرمێكی كچانەوە سەیرم دەكرد، وەك ئەوەی، كە داواكاریم هاتبێ‌. ئەو كاتانەی كەمن فلووتیشم لێدەد،ا ئەو زیاتر لەو ژوورە دەمایەوە، كە به‌رانبه‌ر ژوورەكەم بوو، واپێدەچوو ژوورەكەی خۆی بێت. شەوانەش، كە من فلووتەكەم لێدەدا، دەمبینی پەنجەرەكەی واڵا كردووە، بە سۆزێكی زۆرەوە گوێی دەگرت و لێی دەڕوانیم. خووی بەوە گرتبوو هەموو شەوێ‌ بەرلەخەوتن گوێ‌ بۆ لێدانی فلووتم بگرێ‌. كە دەشهاتمە دووكانی كۆڵانەكەمان بۆشت كڕین، هەمیشە حیسابەكەی بۆ واسڵ دەكردم. تا ڕۆژێكیان بە مەراقەوە پێی وتم: با بتكەم بە شاژنی خۆم، لەماڵێك بژین پڕ بێت‌ لە میوزیك و جوانیی، پرتەقاڵەكەم چیت گوت. قایلی بەمە؟ منیش هیچ گوێم پێنەدا و تووڕە بووم بۆ وتنی ئەمە، بەڵام لە دڵیشەوە پێم خۆشبوو. زۆرجاریش، كە بە ماندوویی دەیبینیم دەیووت: بۆ ئاوا شەكەت دیاری، دەڵێی پرتەقاڵی، ئاوت تێدا نەماوە. منیش وا خۆم پێشان دەدا، كە تووڕە بووم، كە دەیبینیم ئەو جۆرە قسانەی بۆ دەكردم.من كە لە ژوورەكەم لە ئاوێنە سەیری خۆمم دەكرد، دەمبینی، كە یاسین لە ئاوێنەكەوە لەپشتمەوە دیارە و بۆم پێدەكەنێ‌، منیش نیگایەكی شیرینم بۆی دەكرد. من سەرەتا هەستم بەو خۆشەویستییەی ناخم نەدەكرد، كە خۆشمدەوێت، بەڵام هەستم شاردبووه‌وە تاماوەیەك، تا وایلێهات نەمتوانی ڕەتی بكەمەوە و بووین بە خۆشەویست. هەركە دەیبینیم هەردوو دەستی بۆ سڵاو بەرز دەكردەوە، بۆ ئەوەی خەندەم ببینێ‌ و بە دەستەكانی ڕووخساری دەشاردەوە. ئەم یارییانەی هەبوو بۆم. ئەو هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابوو منیش وەك ئەو لێی نزیك بم. من هەمیشە ڕەتم دەكردەوە. بەڵام لە كاتی دەستگیراندارییدا سنوورەكانی تێپەڕاند و بەبێ‌ ویستی خۆم لێم نزیك بووه‌وە و تا وایلێهات تۆ دروست بووی. هێشتا ئەڵقەی دەستگیرانییم لەدەستی ڕاستەوە نەبردبووە چەپ، هەموو شەوێ‌ سەرینەكەم تەڕ دەبوو، نیگەرانی ئەوە بووم چۆن بتوانم ئەو ساوایەی لەناو مندا دروست بووە، بیشارمەوە، پێش ئەوەی هاوسەرگریی بكەم. بەڵام نەمهێشت كەس بەمە بزانێ‌. دەمویست ئەمەی پێبڵێم. ئەوەبوو دەمەوئێوارەیەك بارانێكی بەخووڕ دەباری و هاتمە بەرده‌رگه‌، بۆ یەكەمین جار بەنیگەرانیی یاسین منی بینی، هات بۆلام و من نیگەرانی خۆمم پێی گوت: زۆر نیگەرانم لەو نزیكبوونەوەی ئەو ڕۆژە، كه‌ ساوایەك دروست بوو، من دەبێ‌ چیبكەم؟بەڵام ئەو پێی گوتم: دوای ماوەیەكی كەم، ئیتر هاوسەرگریی دەكەین، خەمت نەبێت پرتەقاڵەكەم. هەندێ‌ قسەی ترمان كرد، وردە وردە باران تەڕی دەكردین. ئیتر ئەو ڕووی وەرگێڕا دواوە و لەگەڵ هەورە تریشقەدا دیارنەما و ون بوو. تاسام و چۆكم كەوتە عەرزەوە. نەمدەتوانی كەس تێبگەیەنم: ڕۆشتووە بۆ گەشت، بەڵام دێتەوە. هەمیشە ئەو درۆیەم لەگەڵ هەمووان دەكرد. زیاتر دایكم لێی دەپرسیم: چەند مانگێكی بەسەرڕابوورد نەهاتەوە، بە ماڵە باوانیشی نەوتووە بۆكوێ‌ دەچم، بەتۆی نەوتوە كەی دێمەوە؟ نا، بۆ هاتنەوەی بەمنی نەوتووە. بەڵام، دەزانم دێتەوە. هەر شتێكی لێبەسەربێت، كە نەتوانم چاوەڕێی بم، دەبێ‌ چاوەڕێ‌ بم، لەبەرئەوەی ناتوانم لەگەڵ كەس دابم، تادەهات زگم بەرزتر دەبووەوە، باوەڕیشم نەدەكرد بەو مردنەی، لەبەرئەوەی گۆڕی نەبوو. ئەو ساتەم لەبیرە، كە هەر لە خەیاڵ دەچوو، ون بوو، نازانم بۆكوێ‌ چوو. من هەر ته‌نیا دەتوانم چاوەڕێی ڕووداو بم، نازانم دەبێ‌ چبكەم. تا دێتەوە لێم ناگەڕێن چاوەڕێی بكەم و بڵێم ئەگەر هەرشتێكت لێبەسەرهاتبێ‌ دوای تۆ ناژم، ئەمە درۆیەكی گەورەیە، كە ئەم قسانە بكەی، لەبەرئەوەی ڕەنگبێ‌ دوای ئەو هەستوسۆزێكی دیكە داگیرت بكات و عەشقی یەكەمت لەبیر بكەی.بەڵام من دەرفەتی ئەوەم نەبوو، كە واشبڵێم، لەبەرئەوەی بەدروستبوونی زگمیان زانی و زۆر ناشیرین دەریان كردم. لەبەرئەوەی تۆیان لەزگم بەحەرامزادە دانا، چونكە هاوسەرییم پێكنەهێنابوو. جا "دڵسۆز"ـەكەم ڕۆشتم و لە دووریی هەمووانەوە بە تەنیا ژیام، ناڕەحەتی زۆرم چەشت تا شوێنێكم دۆزیییەوە بۆ حەوانەوە و ئازاری زۆرم بینی تا تۆ بووی لەمن. بەڵام منداڵیی تۆ لە منداڵیی من نەچوو، لەبەرئەوەی من ڕێگەم بەوە نەدا، كە ته‌نیا لە منداڵیی سۆزت بدەمێ‌ و لە گەورەبوونت دەرت بكەم. كە منداڵ بووین، دایكم شەوانە لەنێو جێگەكەی دەهاتە دەرەوە و بەتانیی بەسەردا دەداینەوە، كە لەسەرمان لاچوو بوو، خۆمان گرمۆڵە كردبوو و دەستمان لەنێو ئەژنۆمان دابوو، كە گەرم دەبووینەوە قاچمان درێژ دەكردەوە. هەموومان تێكەڵ دەنووستین لە ڕیزێك، دایكم دوو دۆشەكی بە پانیی دادەنا لە خوار یەكترەوە، تا درێژ بێت و بەشی هەمووان بكات، ئەو ڕاخستنە هەر كە بچووك بووین بەشی دەكردین، ئیتر كە گەورەبووین قاچمان لێوەی دەهاتە خوار، تا خوارەوەی چۆكمان. كەچی ئێستا هەموومان لە ڕیزێك نانووین و گەورە بووین، من لەو ماڵەدا نەماوم و دەركراوم، نازانم ئێستا هەمووان چۆن دەژین، ئێستاكە وەك ئەوسا نییە خەووخۆراك كۆمان بكاتەوە، بیری سفرەی بەیانیان دەكەم، نانخواردن لەگەڵ ئەواندا خۆش بوو، كە باوكم لە سەرووی هەمووانەوە دادەنیشت و سەیری هەمووانی دەكرد، بیری گاڵتەوپێكەنین و تووڕەبوونەكانی دەكەم، بیری هەموو شتێكی دەكەم، ڕەنگبێ‌ ئێستا مردبێ‌ و هەمووانی جێهێشتبێ‌. بیری حیكایەتەكانی هەندێ‌ شەوانی دایكم دەكەم بەرلەخەوتن، كە دەیوت: هەبوو نەبوو.. كە (یاسین)ـیش بەگۆرانیی بۆی دەوتم: ((هەبوو نەبوو عەشقێ‌ ڕۆژێ‌ لەڕۆژان ئازیزێ‌)).. كچەكەم لە منداڵیییەوە هەر وادەزانێ‌ باران باوكی بۆ دەبارێنێ‌، هەر سەرەتاتكەی بوو. ئێستاكە كچەكەم لەو مانای چاوەڕوانیییە تێدەگات، چونكە ئەو ئیتر گەورە بووە. حەزی دەكرد باوكی بینیبا و پێی وتبا: باوكە من ئیتر گەورە بووم لەباوەشم ناگری؟ تا باوكیشی بەسۆزەوە باوەشی پێدا كردبا و دەستی بەپرچی داهێنابا.من وا هەست دەكەم یاسین دێتەوە و لەگەڵماندا دەژی، نازانم بۆ وا هەست دەكەم، هێشتا دەتوانم چاوەڕێ‌ بم تا دێتەوە. بۆنی دەكەم، وا هەست دەكەم لە دوورەوە دێت، نزیك دەبێتەوە و لە كارەكانی "سەلما"كەی دەپرسێتەوە. لەوەدەچێت ئەوجارەیان ئەو لەده‌رگه‌دانە ئەوبێت، نا، بۆدەبێ‌ ئەوبێت، ئەو نییە. لەبەرئەوەی ئێرە پێنازانێ‌ و ڕەنگبێ‌ بشمبینێ‌ نەمناسێتەوە، ئەو، دەمەوئێوارە بوو، كە لەگەڵ باراندا ڕۆشت. نا، نابێ‌ ئەوبێت، لەبەرئەوەی ئێستا باران نابارێ‌ تا لەگەڵ خۆی بیبارێنێ. دەبێ‌ ئەوبێت؟ نا، ئەونییە. دڵسۆزەكەم، ده‌رگه‌یە مەیكەوە، با ناومێد نەبم.

 

 ئەژین فەھمی

© 2017 Hawler