کانونی یەکەم 09, 2019

ترس لە کەوتن و داماڵینی ماسک

نزیکەی 15 ساڵە نووسینی ڕەخنەیی و ئەدەبی دەنووسم و و لەو ماوەیەدا بەر زۆر نووسەر کەوتووم، کە بەشێکیان تینووی ڕەخنە و ڕەخنەگرتن بوون و ئاواتیان خواستووە کەسێک ڕەخنە لە بەرهەمەکانیان بگرێت و ئاستی نووسین و توانای فیکرییان دیاری بکات. بەڵام لە پاڵ ئەم تایپە لە نووسەردا (کە بێگومان ژمارەیەکی کەمن) لیشاوێک لە نووسەری دیکە هەیە، کە ترسیان لە ڕەخنە هەبووە و ترسێکی زۆریان لە هەر ڕەخنەیەک پیشانداوە، کە ڕووبەڕووی تێکستەکانیان بکرێتەوە.

جارێک لە دانیشتێکی ئەدەبیدا سەبارەت بە ڕۆمانێکی نووسەرێک پاش ڕەخنەبارانکردنی ڕۆمانەکە ئیدی نووسەرەکە (کە خۆی ئامادە بوو) کەوتە پاکانەکردن بۆ دەقەکەی و باسی لەو شتانە کرد، کە ڕەخنەی لێ گیرابوو لە رۆمانەکەیدا. بێگومان پاکانەکانی زۆر خراپ بوون، بەوپێیەی ئەوەی کە ئەو باسی دەکرد هیچی لە دەقەدا نەبوو. واتە ئەوەی نووسەرەکە مەبەستی بوو، نەگەیشتبوو بە خوێنەر، بۆیە بەو پاکانەکردنانەش چارەسەر نەبوو! بۆیە هیچ کام لە قسەکانی جێگەیان نەگرت. بەڵام ئەم ڕۆمانووسە بێئاگابوو لەوەی خوێنەرانێک هەن خاوەنی چاوێکی تیژن و ئەودیوی دەق دەخوێننەوە. لێرەوە دەکرێت بڵێین دەکرێ ڕەخنە ئەو چاوی سێیەم بێت کە تێکست دەخاتە ژێر وردبینییەوە. بەبێ ئەم چاوی سێیەمە مەحاڵە بتوانرێت تێکستی ڕەخنەیی بەرهەم بهێنرێت.
من لە وتاریکی پێشووتردا باسم لە ترسان لە ڕەخنەکرد و لەوێدا نووسی بووم ئەوانەی لە ڕەخنە دەترسن ئەوانە نووسەری ساختە و خۆبەنووسەرزانن. نووسەرە ڕاستەقینەکان و داهێنەرەکان؛ هەرگیز لە ڕەخنە ناترسن. ئەوان دڵنیان لە تێکست و داهێنانەکانیان و هەموو ڕەخنەیەک دەخەنە خزمەتی پڕۆژە ڕۆشنبیریی و ئەدەبییەکەیانەوە. ئەوانەی لە ڕەخنە دەترسن، سنووری بیرکردنەوە و داهێنانیان لە بازنەیەکی داخراودا تێپەڕ ناکات و توانای گەشەی نوێیان نییە. بۆیە لە جێگەیەکدا وەستاون و تووشی چەقبەستن بوون، بۆیە هەموو دیدێکی ڕەخنەیی وەکو تانەی شەخسی و زۆرجاریش هەوڵی بەلاڕێدا بردنی ڕەخنەکە دەبەن و بۆ شتێک دەگەڕێن کە لە بەهای ڕەخنەکەی پێ کەم بکەنەوە. ئیدی هەر شتێک بێت گرنگ نییە گرنگ ئەوەیە ئەوان ڕەخنەکە لەبیر خوێنەر بەرنەوە و شتێکی دیکە بدۆزنەوە، کە خوێنەری پێوە سەرقاڵ بکەن.
ئەم تایپە لە نووسەر، کە ترسێکی زۆریان لە ڕەخنە هەیە، لەو تایپە نووسەرەن کە بڕوای تەواویان بە ئەدەبیات و نووسینەکانیان نییە، کۆشکێکیان لە وەهم بۆ خۆیان دروست کردووە و هەندێکجاریش تیراژی خەیاڵی بۆ کتێبەکانیان دەنووسن و ئەم تیراژە خەیاڵییە (کە خۆشیان باوەڕی پێ ناکەن) وەکو خاڵی بەهێز و سەرکەوتن بە خوێنەری دەفرۆشنەوە، بەڵام لە ئاستی کۆمێنێکی خوێنەرێک، کە سەرنجێک، یان ڕەخنەیەکیان لێ دەگرێت تووشی هەڵچوون و هەندێکجاریش پەلاماردانی بێسنوور دەبنەوە.
ئەگەرچی فەزای رۆشنبیریی کوردی پڕە لەم چەشنە نووسەرە ترسنۆکە لە ڕەخنە، هاوکات ڕەخنەگر، یان بەناو ڕەخنەگریش هەیە کە زیاتر لە سی ساڵە ڕەخنە دەنووسێت و بە زمانێکی دفوور لە ڕەخنە پەلاماری دەیان کەسایەتی و نووسەری داهێنەری داوە، بەڵام خۆی بچووکترین ڕەخنەی قەبوڵ نییە، زۆرجاریش دەبیستم لەسەر کۆمێنێتێک، یان ڕەخنەیەک هاوڕێیەکی لە پەیجەکەی کردووەتە دەرەوە. یان بلۆکی کردووە. ئەوەی دەمەوێت پێداگریی لێ بکەم ئەوەیە کە پێویستە هەموان لە خەمی فروانکردنی ڕووبەری ڕەخنەییدا بین، بە نووسەر و هونەرمەند و ڕەخنەگرانەوە، هەموان خەمی ئەوەیان هەبێت ڕەخنە و ڕەخنەگریی بەردەوامی هەبێت، چونکە بەبێ بوونی ڕەخنە مەحاڵە هیچ کولتوورێک پێش بکەوێت.
 ترس لە ڕەخنە، کە لە کولتووری ئێمەدا هەیە و بەردەوامی برەو پێ دەدرێت، ترسێکە نووسەرە ساختەکان دروستیان کردووە، چونکە دەترسن بەهۆی ڕەخنەوە بکەون و ماسکی ڕوویان بکەوێت و ڕووی ڕاستەقینەی تێکستەکانیان بۆ خوێنەر ئاشکرا بێت. چونکە تێکستەکانیان ماسکی جوانکاریی و نوێگەریی و زۆرجاریش ئینساندۆستیان لە ڕوودایە، بەڵام بەلابردنی جوانی تێدا نادۆزرێتەوە و تەنها تێکستگەلی کۆنخواز و دژەمرۆیین، کە پێویستە ڕەتبکرێنەوە.

 

ئارام كۆشكی-سلێمانی

© 2017 Hawler