تشرینی دووەم 12, 2019

د. سالار عوسمان: لە پاڵ بواری کتێب گەرەکمانە پەیوەندییەکی فراوان لــەگەڵ جیھان دروست بکەین

ئەمساڵ نەرویج مافی میوانی شەرەفی پێبەخشراوە لە خولی ٧١ـھەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب کە لە فرانکفۆرت دەکرێتەوە، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانیش دەڵێت، لە پێشانگاکەدا چەندین کەسایەتی و نووسەر و ڕووناکبیری کوردستان کۆڕ و سیمینار پێشکەش دەکەن و ھەرێمی کوردستانیش ھەوڵ دەدات ئەندامێتیی میوانی شەرەفی پێ ببەخشرێت ھاوشێوەی وڵاتان و ھەرێمەکانی تر.

 بە میوانداری شەرەفی سەرپەرشتیاری وڵاتی نەرویج، خولی ٧١ـھەمین پێشانگای کتێبی فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا بە دروشمی "خەونێک لە ئێمەدا" و بە بەشداریی زیاتر لە ١٠٠٠وڵاتی جیھان و دەھەزار ڕۆژنامەنووس و ژمارەیەکی زۆر نووسەر و ھونەرمەند و ئەدیبە جیھانییەکان و سەرۆکوەزیرانی چەندین وڵات و ھەرێم بەڕێوە دەچێت.
د. سالار عوسمان، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: "ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی ھەرێمی کوردستان بە ستاندێک بەشداری پێشانگاکە دەبێت، شاندی ھەرێمی کوردستانیش بریتییە لە شاندی وەزارەتی ڕۆشنبیری کە پێکھاتوون لە خەرمان ھیرانی، فرمێسک مستەفا، شێروان عەوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن بە وەکالەت، سەرباز جەوھەر، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانەکان و بەندە، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان."
بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، دەشڵێت: "ئەمساڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە ڕێگای چەند ناونیشانێکی کتێبەوە جیاواز لە زمان و ناوەڕۆک بەشداری کردووە، لە پاڵ بواری کتێبیش گەرەکمانە پەیوەندییەکی فراوان لەگەڵ دامودەزگا کولتووری و ڕووناکبیری و چاپەمەنییەکانی جیھان دروست بکەین، ھەروەھا خاڵێکی تری چالاکییەکان بریتییە لە ڕێزلێنان لە نووسەران و ڕووناکبیران و ھونەرمەندانی کورد، ئەم کەسایەتیانەی ڕێزیان لێدەگیرێت بریتین لە دانا عەلی سەعید شانۆکار، نەوزاد قه‌فتان کەسایەتی ڕووناکبیر، لوقمان بەرزنجی ڕۆژنامەنووس و نووسەر، بەکر شوانی نووسەر و وەرگێڕ، وەجیھە عەبدولڕەحمان سعید کەسایەتیی ڕۆژئاوای کوردستان و بەرزان ھەستیار."
د. سالار روونیشی کردەوە: "ھەر لە چوارچێوەی پێشانگاکە سیمینار و کۆڕ بۆ نوسەر و ڕوناکبیر بەختیار عەلی، ڕۆماننوس جان دۆست، نووسەر و ڕۆماننووس بەیان سەلمان دکتۆرا لە زمان و ئەدەبی کوردی، دكتۆر حه‌مه‌ مەنتک، ئەم ڕووناکبیرانەی کە سیمیناریان، ھاوکات، پیشانگەی نێودەوڵەتی فرانکفۆرت بۆ کتێب گەورەترین فیستیڤاڵی رۆشنبیری نێودەوڵەتییە کە گرنگی بە پەرتووک و ئەدەب بەگشتی دەدات.
ئەم پیشانگەیە گرنگترینە لەسەر ئاستی جیھان کە تەمەنی دەگاتە زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ و ساڵانە دەیان ھەزار ڕۆشنبیرو نووسەرو توێژەر لە ھەموو وڵاتانی جیھان تیایدا کۆدەبنەوە و ھەروەھا دەیان ھەزار ناونیشان و بابەت لەخۆ دەگرێت بەھەموو کلتوورو نەریتەکانەوە، ئەم پیشانگەیە لە ٦ ھۆڵی گەورە پێکھاتووە کە لەسەر ١٧١ ھەزارو ٧٩٠ مەتر دووجا دروستکراوە.

لە KDP.infoەوە

© 2017 Hawler