تشرینی یەکەم 17, 2019

یەکەم کتێب کە خوێندمەوە ژیانی من وەک مشکێک بوو

جویس کارۆڵ ئوتس نووسەر و شاعیر و شانۆنامەنووسی ئەمریکی لە ساڵی ١٩٣٨ی زایینی لە نیۆیۆرک لەدایک بووە و هەر لە تەمەنێکی کەمدا بوو دەستی بە نووسین کرد و لەو کاتەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ بەرهەمی ڕۆمان و شانۆنامە و کورتەچیرۆک و شیعر و کتێبی بەڵگەنامەیی هەیە. ئەو تا ئێستا چەندین خەڵاتی ئەدەبی پێ دراوە کە بەنێوبانگترینییان خەڵاتی کتێبی نیشتمانی ئەمریکا و خەڵاتی ئۆ. هونەری و گۆگنهایم. ئەوتس لە ساڵی ١٩٧٨ تا ئێستا لە زانکۆی بەنێوبانگی پرینسۆن وانە دەڵێتەوە و هێشتا لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا خەریکی نووسینی ڕۆمانە.

دواهەمین ڕۆمانی ئەم نووسەرە ناوی "ژیانی من وەک مشکێک"ـە کە بەم تازەییە لە لایەن دەزگای چاپی فۆڕت ستیت خراوەتە بازاڕەوە. ڕۆمانەکە باسی کچێکی مێرمنداڵ بە ناوی "ڤیۆلێت" دەکات کە ئەزموونی کارەساتی تاڵی کوشتنی کوڕێکی ڕەش پێست دەکات لە لایەن براکانییەوە. ڕۆژنامەی گاردیەن بە بۆنەی چاپبوونی ئەم ڕۆمانەیەوە گفتوگۆیەکی لەگەڵ ساز داوە کە لێرەدا دەیخەینە ڕوو:

ـ لە پێشەکی کتێبەکەتاندا نووسیوتانە کە ئەم چیرۆکە پێشتر و بە ناوونیشانی جیاواز و وەک کورتە چیرۆک لە گۆڤارەکان بڵاو کراوەتەوە، ئێستا چی بوو کە لە ڕۆمانێکدا چاپت کرد؟
ئوتس: ماوەیەکی زۆر لەبارەی ژیانی کچێکەوە بیرم دەکردەوە کە خانەوادەیەکی لادەری بە دەمارگرژی قەومییەوە هەیە و هەر لەبەر ئەوەش تووشی گێشەی زۆر دەبێتەوە. ئەو وەک ئەوان نییە، بەڵام حەز دەکات لەگەڵیان بژیت. دونیایەک دیمەن و ئیپۆزود و یادداشتم لەبارەی ئەم ژیانەوە کۆ کردەوە و چەندین ساڵ بەر لە ئێستا دەمزانی کە چیرۆکەکەی ڤیۆلێت چڵۆن چیرۆکێکە.

ـ زۆرێک لە ڕۆمانەکانی ئێوە ئامێزەیەکن لە مشتومڕ و کێشمەکێشمەکانی بنەماڵە. لەم دواهەمین ڕۆمانەشتاندا کەمێک زیاتر واوەتر چوونە و هەوڵتان داوە لە نێوان وەفاداری بە بنەماڵ و ژیانی سەربەخۆ کار بکەن.
ئوتس: واپێدەچێت کە کۆتایی چیرۆکەکە کەمێک بەرەو چیرۆکەی کلاسیکییەکانی ئەم وڵاتە بێت کە هەڵگری پرس و کێشەی کۆنی بنەماڵەیین و بە جۆرێ: ڕەنگە چیرۆکێکی دووبارە لە ژیانی لاوترینەکانی ئەمریکایی لە بنەماڵەکانیان بێت، بەڵام ددەمویست ئەم چیرۆکە بنووسم چونکە حەزم لێ بوو ڕۆمانێکی تایبەتم بۆ دۆستێکی هەمیشەییم ئالین شواڵتێر هەبێت. ئاخر دەزانن کە ئەو لە لایەن بنەماڵەکەیەوە وەلاوە نراوە و چەندین ساڵە بە تەنیا دەژیت. ڕاستە کە لێرە هەموو حەزیان لێیە سەربەخۆ بژین، بەڵام باوەڕ بکەن هەموومان وابەستەی بنەماڵەکانمانین.

ـ هەمیشە لە گفتوگۆکانتددا بە ڕاگەیاندنەکانت گوتووە کە زۆرینەی ڕۆمانە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی توندوتیژییەوە، لە کارەساتەکانی شاری دیترۆیتەوە وەرگیراون. خۆتان ئەزموونێکی تایبەتتان لەم شارە هەیە. ئیلهامی دواهەمین ڕۆمانیشتان هەر لەم شارەوە وەرگرتووە؟
ئوتس: بەڵێ. لە ڕۆمانی ڤیۆلێتدا، زۆرینەی دیمەنەکان لە شاری دیترۆیتەوە وەرگیراوە، بەڵام سەفەر بۆ شارە پیشەسازییەکانی ئەمریکایش لە دروستکردنی دیمەنەکانی ڕۆمانەکە بێ بەش نەبووە. ئەگەر بمەوێت ئەم پرسە وەسف بکەم، دەبێت جۆرێک لە وشە وەک ئاڵۆزکاوی شاری دابهێنم. لەم شارانەدا، نژادپەرەستی، ڕەگ و ڕیشەیەکی چەندین ساڵەی هەیە و خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە کەمتر قسە لەبارەی ئەم ڕەگ و ڕیشانەوە دەکرێت، چونکە پرسەکە دەبێتە باسێکی سیاسی و حیزبی.

ـ واپێدەچێت ویستووتانە لەم ڕۆمانەدا لەبارەی نادادپەروەری کۆمەڵگەی بنەماڵەسالاری ئەمریکا قسە بکەن. مەبەستتان لە سیاسیبوون چییە؟
ئوتس: دەی، دەبێت ئەوەتان پێ بڵێم کە دەبوو ئەم چیرۆک بگێڕمەوە. بەشی سەرەکی چیرۆکەکە لە ڕووداوێکەوە وەرگیراوە کە بکوژێکی زنجیرەیی بە ناوی تێد کازانسکی، لە لایەن براکەی خۆیەوە دەدرێت بە دەست پۆلیسەوە، بەڵام بە مشک ناوی دەبەن. بابەتێکی زۆر گرنگە. ژیانی مرۆڤێک گرنگە یا وەفاداری بە بنەماڵەیەکی گەندەڵ. وەفاداربوون بە خێڵ و حیزبێکی سیاسی لە زۆر کاتدا لەم کۆمەڵگەیە لە پێش هەموو شتێکەوەیە. دەمویست لە ئێستادا کە یاسای مەدەنیو ئەخلاقی لەم خوولەی سەرۆکایەتی ترامپ چووەتە ژێر پرسیارەوە، بە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەکە ویستوومە پرسەکە ڕووبەڕووی چالنج و کێشە بکەمەوە.

ـ وا پێدەچێت ژیانی خۆتان هاوشێوەی قارەمانە سەرەکییەکەی چیرۆکەکە بێت.
ئوتس: بەڵێ ڕاستە. ڤیۆلێت کچێکە کە هەموو ڕۆژێک هەوڵ بۆ ژیان دەدات. باوکی زۆر لە باوکی خۆم فردریک ئۆتیس دەچێت کە هەمیشە بۆ گێڕانی چەرخی ژیانی ناچار بوو کاری دووەمی هەبێت. هەڵبەتە من وەک ڤیۆلێت بنەماڵەیەکی قەرەباڵغم نەبوو.

ـ دەی کەمێک لەبارەی ژیانی ئەدەبیتانەوە قسەمان بۆ بکە. ئێوە یەکێکن لە پڕکارترین نووسەرەکانی ئەمریکا. کەمێک لەبارەی نووسەری و ڕۆژانەتانەوە قسەمان بۆ بکە.
ئوتس: باشە. پێشتر هەموو ڕۆژێک چەندین سەعاتم بە نووسین دەبردە سەر، بەڵام ئەزموونی لەدەستدانی دوو هاوسەرەکەم لە ژیاندا کەمێک کاریگەری نەرێنی لەسەرم هەبووە. کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی هاوسەری یەکەمم لەدەست دا، ئیتر توانای نووسینم بۆ نەمایەوە. کاتێکیش ئەم ئەزموونەم ساڵی پار و لە مانگی ئەپرێل بۆ دووبارە بووە، بە تەواوی تووشی خەمۆکی بوومەوە. ئێستا زۆربەی کاتەکانم بە نووسینی شانۆنامە و یادداشت هەڵگرتنەوە لە دیمەنەکانی ژیانم بەسەر دەبەم. ئەگەر پاڵپشتی دۆستان نەبوایە، کەمترم دەنووسی.

ـ لە شوێنێک گوتبووتان زیاتر لە نووسین حەزتان لە کتێب خوێندنەوەیە. یەکەم کتێب کە لە منداڵی خوێندتانەوە، چی بوو؟
ئوتس: ئالیس لە سەرزەوینی سەیر و سەمەرە کە لە نووسینی لویس کارۆلە.

ـ دوا پرسیار ئەوەیە کە چۆن کتێبەکانتان دەستەبەندی دەکەن؟
ئوتس: زۆر سیستماتیک نییە. کە لاوتر بووم کتێبی زۆرم نەبوو، بەڵام لە هاوسەری دووەممەوە چارلی، کۆمەڵێک کتێبی زۆر باشم بۆ ماوەتەوە کە لە هەموو ماڵەکەدا دانراون. چارلی هیچ کتێبێکی فڕێ نەدەدات و نەیدەبەخشی، هەر لەبەر ئەمەشە پلەبەندی و ڕیزکردنی ئەم هەموو کتێبە کارێکی قورسە. هەر شوێنێکی بەتاڵم دەست کەوێت کتێبەکانی تێدا دەچنم.

 

شۆڕش غەفووری - هەولێر

© 2017 Hawler