تشرینی یەکەم 17, 2019

نامەگۆڕینەوەی چیخۆڤ لەگەڵ لیدیا ئالكسیۆنا ئاڤیلۆڤا

ئا. پ. چیخۆڤ و لیدیا ئالكسیۆنا ئاڤیلۆڤا

لیدیا ئالكسیۆنا ئاڤیلۆڤا (1864 ـ 1943) كە سەردەمی كچێنی، بە ئۆستراخۆڤا بەناوبانگ بوو، نووسەرێك بوو كە ساڵانی 1890 ـ 1900 ناوی دەركرد. چەند كتێب بە ناوەكانی بەختەوەر و چەند چیرۆكێكی دی لە 1896، دەسەڵات و چەند چیرۆكێكی دی 1906، یەكەمین خەم 1913 و ڕوخساری مرۆی 1914 بڵاو كردنەوە. تۆلستۆی چیرۆكی "یەكەمین خەم"ـەكەی ئەوی زۆر بەدڵ بوو و، بە تۆزێك دەسكارییەوە خرایە نێو كتێبەكەی وی بە ناوی لە كەوشەنی خوێندنەوەدا.
لیدیا ئاڤیلۆڤا لە 1889 لە ماڵی س. ن. خۆێكۆڤی خوشكی، كە خاوەن ئیتمیازی ڕۆژنامەی پیتربۆرگ بوو، لەگەڵ چیخۆڤ ئاشنا بوو. ئەو ماڵە هەمیشە مەكۆی نووسەرانی وەك پلشچیۆڤ و میخاییلۆفسكی و لیكین و پۆتاپێنكۆ و مامین سیبریاك و تیخۆنۆڤ بوو. ئەی. ئا. بۆنین دواتر ئاوا باسی ئاڤیلۆڤای كرد: "هەموو شتێكی تێدا جوان و دڵڕفێن بوو. دەنگی، نیگای شەرمن و چاوە شینە مەیلەوخۆڵەمێشی و سەرنجڕاكێشەكانی.. هەموویان سەرنجگر بوون."
نامەگۆڕینەوەی لەگەڵ چیخۆڤ سەرەڕای چەند جار وەستانێك، تا كۆتاییی ژیانی نووسەر هەر بەردەوام بوو، بەڵام نامەكان زۆر كەمن. تەنیا 31 نامەی چیخۆڤ و 3 نامەی ئاڤیلۆڤا ماونەوە. لەسەر داوای ئاڤیلۆڤا نامەكانی بۆ نێردرانەوە. خۆی لە دەفتەری بیرەوەرییەكانیدا دەنووسێ: "چەند ساڵێك پاش مەرگی چیخۆڤ، ئەو نامانەی بۆم ناردبوو، لە ماریا پاڤلۆڤنام وەرگرتنەوە. زۆر باشی ڕاگرتبوون. ماریا پاڤلۆڤنا پێی گوتم: "بە قردێلەیەك و جوان بەستبوونی و لە مێزی كارەكەیدا پارێزرابوون." بەبێ ئەوەی چاوێكیشیان پێدا بخشێنمەوە، لە سۆبەكەم هاویشتن. زۆر بەداخم كە وام كرد، بەڵام زۆر جاران لە خۆمم دەپرسی، باشە بۆچی نامەكانی منی كۆ كردوونەوە و ڕایگرتوون؟ وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر ئەستەم نییە. هەرچی نامەی بۆ چیخۆڤ نووسراون، ئاوا بە قردێلەیەك بەستوونی و لە مێزەكەیدا ڕایگرتبوون. چیخۆڤ لە كۆتاییی هەموو ساڵێكدا ئەو نامانەی بۆی هاتبوون، بەپێی پیتی ئەلفوبێ ڕێكی دەخستن و لە ڕیزی خۆیاندا هەڵیدەگرتن. چەند نامەیەكی ئاڤیلۆڤا ماون، لە كۆتاییی 1904ـدا ماوەیەکی کورت پێش مەرگی چیخۆڤ گەییشتبوون و دیارە كاتی ئەوەی نەبووە بیانخاتە شوێنی تایبەتی خۆیان.
لە 1919ـدا نەسكە ئەسڵییەكانی نامەكانی چیخۆڤ لەگەڵ باقیی بەڵگە و كاغەزەكانی ئاڤیلۆڤا لە سندووقەكەیدا دزران. نامەكانی چیخۆڤ بۆ ئاڤیلۆڤا كە لەم كتێبەدا چاپ كراون، لە ڕووی نەسكی تایپكراویانەوە كە ماریا پاڤلۆڤا بۆ چاپی یەكەمی كتێبە شەش بەرگییەكەی ئامادەی كردوون، نووسراونەتەوە.
بە وتەی ئاڤیلۆڤا، ئەو نامەیەكی چیخۆڤیشی بە واژووی "ئالخین" لا بووە، كە لە كاتی پێویستدا نەیخستووەتە بەردەستیان، هەربۆیە تایپكراوەكەیشی نەماوە. ئەو نامەیەیش وەك باقیی نامەكانی دی لە 1919ـدا بزر بوو. بەڵام ئاڤیلۆڤا كە وشە بە وشەی لەبیر مابوو، سەرلەنوێ دەینووسێتەوە. چارەنووسی ئەو نەسكەش هەر دیار نییە. ئەو لە 27ی نۆڤەمبەری 1939ـدا لە بیروەرییەكانیدا دەنووسێ: "ئەمڕۆ كۆپیی نامەكەی ئالخینم لەناو برد. حەیف بوو. ئەو نامەیەم پاش ئەوەی نەسكە ئەسڵییەكەی لەناو چوو، سەرلەنوێ نووسییەوە. وشە بە وشە و دێڕ بە دێڕیم لەبەر بوو. تەنانەت بچووكترین وردەكارییەكانی نامەكەیشم ڕێك وەك نامەكە و دەستوخەتەكەی ئانتۆن پاڤلۆڤیچ نوویسبووەوە. كە دەمدی ڕێك لە نەسكەكەی خۆی دەچێ، دڵم دادەكەوت و هێور دەبوومەوە. ساڵانێك پاراستبووم. بەڵام ئەمڕۆ فەوتاندم. دەزانن بۆچی؟ چونكە پاش مردنی من خەڵك دەزانن ئەوە لەبەرگیراوەیە و ئەسڵەكە نییە. كێ ئەوكات دەزانێ بۆچی وام كردووە؟ ئەرێ ئەوە شك و گومانی نەدەخستەوە؟ ئەرێ خەڵك لێم دڕدۆنگ و بێمتمانە نەدەبوون؟ ئەرێ لە ئەسڵبوونی باقیی نامەكانیش نەدەكەوتنە گومانەوە؟ تاقە یەك درۆ، ئاگر لە خەرمانی باوەڕ و متمانە بەردەدا. كاتێك بەڵگەیەكی هەڵبەستراوی ئاوا ڕوون و ساویلكانە هەبێ، چۆن دەكرێ متمانە بە باقیی قسەكان بكەی. چۆن بڕوا دەكەی ئەوە قسەی ئانتۆن پاڤلۆڤیچ بێ، كە گوتوویەتی: دەبێ "پاك و پیرۆز" منتان خۆش بوێ؟ جا كێ چووزانێ ئەو قسەیەی من ڕاست بووە، یان درۆ، كە گوتوومە ئەو لە كلینیكەكەی نەیتوانی عەشق و خۆشەویستیی خۆی بشارێتەوە و گوتی: "تاقە یەك ڕۆژ.. لەبەر دڵی من بمێنەوە!" تاقە درۆیەكی وەك ئەم نامەیە دەتوانێ لە هەموو شتێكتان دڕدۆنگ بكا.
ئاڤلیۆڤا لە 1939ـدا كاتێك ئەو یادداشتانەی دەنووسی، حەفتاوپێنج ساڵان بوو و، بیرەوەریی دڵدارانەی خۆی كە دواتر بە ناوی "چیخۆڤ لە ژیانی مندا" بوو، تەواو كردبوو.
لەگەڵ تێپەڕینی ساڵەكاندا، شێوەی بیركردنەوەی بەرانبەر ڕابردوو گۆڕانی بەسەردا هات. مانای ژیان بایەخێكی دیكەی وەرگرت. لە پەراوێزی نەسكی "لەبارەی ئەشقەوە"ـی ئاڤیلۆڤا ئەم یادداشتە بەرچاو دەكەوێ: "گەلێ ساڵان بەسەردا هاتوون و ڕابردوون. تاڵی ڕەشم لە پرچیدا نەماون و پیر بووم. ژیانم ئەستەم و بێزاركەر بووە. ئەوە ژیان نییە و لێی بێزارم. ڕۆژ بە ڕۆژ پتر چێژ لە تەنیایی و بێدەنگی و ئارامییەكەم وەردەگرم. خەون و خولیاكانم هەر بیركردنەوەن لە ئانتۆن پاڤلۆڤیچ چیخۆڤ. لەو خەیاڵانەی خۆمدا دەیبینمەوە، كە هەردووكمان گەنجین و پێكەوە دەژین. لەو كتێبۆكەیەدا هەوڵم داوە، سەرەداوی ماشەرێكی هەوریشمینی ئاڵۆز بدۆزمەوە. ویستوومە ئەو مەسەلەیە یەكلا بكەمەوە، ئاخۆ ئەوە من بووم ئەوم خۆش دەویست یان ئەو منی خۆش دەویست؟ یان هەردووكمان یەكترمان خۆش دەویست، سەری ئەو ماشەرە ئاڵۆزەم پێ نادۆزرێتەوە."
ئاڤیلۆڤا لە نەسكەكانی یەكەمی بیروەرییەكانیدا لەبارەی چیخۆڤەوە پرسیاری ئاوای نەدەكرد و باسی ئەشق و دڵداریی نەدەهێنا گۆڕێ، یان زۆر بە كورتی بەسەریاندا تێدەپەڕی. هەموو باسوخواسەكان بریتی بوون لە ئاشنابوونی لەگەڵ چیخۆڤ و گێڕانەوە و باسی نامەكان و یەكەم شەوی نمایشی مەلی دەریا و سەردانی چیخۆڤ كاتێك بەهۆی نوێنبەربوونی بە ژێدەنگەكانی قوڕگییەوە لە كلینیكەكەی ئۆسترۆئۆمۆڤ خەوێنرابوو. تەنانەت لە چاپی بیرەوەرییەكاندا كە "لەسەر بنەمای لێكتێگەییشتن" بۆ كۆكردنەوەی بابەتەكان بۆ ڕێكخستن و چاپی كۆبەرهەمەكانی چیخۆڤ هەوڵی بۆ درابوو، هیچ بابەتێكی شەخسی نەدەبینرا. ئەو، دواتر لە 1918ـدا لە بیرەوەرییەكانیدا ئیتر وەك نووسەرێكی دەرەجە یەك، نە لە ئەدەبیات و نە لە ژیانیشیدا باسی چیخۆڤ ناكاتەوە. ئەو، لە حاڵێكدا كە چیخۆڤ لەگەڵ تۆلستۆی و گۆركی بەراورد دەكا، دەڵێ: "من لەبارەی چیخۆڤەوە نەمگوتووە ئەو مرۆڤێكی بێوێنە و نووسەرێكی مەزنە. بەدڵنیاییەوە وا نییە. ئەو، تەنیا بەهرەیەكی سەمەرەی هەبوو و كەسێكی سەرنجڕاكێش و دڵگر بوو."
چاپی "ڕۆمانی بیرەوەرییەكان" گەلێ مشتومڕ و بیروڕای جیاوازی لێ كەوتەوە و ناوی ئاڤیلۆڤای كە لە یادان چووبووەوە، هێنایەوە ڕیزی ئەو نووسەرانەی وا لە چیخۆڤ دەكۆڵنەوە. ئینجا بووە هۆی ئەوەی سێبەر و تارماییگەلی نهێنیی ئەشقێكی شاعیرانە و شاراوە لە ژیانی ڕووناكی چیخۆڤدا بیچم بگرن و دەركەوتن. كتێبەكە لە لایەن خوێنەرانەوە پێشوازییەكی گەرموگوڕی لێ كرا. ئەوان لەنێو دڕ و وشەی نامەكاندا كەوتنە كنە و پشكنین بە شوێن مانا و نهێنییەكانی دڵداریی شاراوەدا. ئاشكراكردنی ئەو نهێنییانەیان لە لایەنی ئەدەبی و هەواڵەكانی ڕۆژانەی ژیانی نووسەر بەلاوە گرینگتر بوو (دیارە لە داهاتووشدا هەر وا دەبێ).
بابەتی سەرەكیی نامەكانی چیخۆڤ بۆ ئاڤیلۆڤا لەبارەی بەرهەمە ئەدەبییەكان و كاری شێلگیرانە و ورد و شێواز و زمانی كورتەچیرۆكەوەیە. چیخۆڤ هەمیشە بە دڵ و داو هزر و ئەزموونە ئەدەبییەكانی خۆی دەخاتە بەردەستی هەمووان، بەتایبەتی ژنە نووسەرەكانەوە. ئەو بە لەبزێكی خۆمانە و پڕسۆزەوە ڕەخنەی لە چیرۆكانی شاڤۆرۆڤا و كیسلێیۆڤا دەگرت. نامەكانی ئەو، لەگەڵ ئەم نووسەرانەدا زۆر پڕ ناوەرۆك بوون. بەڵام لەو نامانەیدا كە ئاڤیلۆڤای ناردوون، زۆر بە تێبینی و پارێزەوە ڕەخنەی لێ دەگرێ و ئامۆژگاریی دەكا. وێ دەچێ بە بچووكترین و نەرمونیانترین ڕەخنەیش زویر بووبێ.
چیخۆڤ لە سەرەتاكانی 1899ـدا هانای بۆ ئاڤیلۆڤا برد یارمەتیی بدا. ئەو بۆ چاپی كۆچیرۆكەكانی پێویستی بە چیرۆكەكانی ڕابردووی بوو، كە لە گۆڤار و ڕۆژنامەی جۆراوجۆردا بڵاو ببوونەوە. ئاڤیلۆڤا بە دڵ و گیان كاتێكی زۆری بۆ تەرخان كرد.
ئاڤیلۆڤا سێ نامەی كۆتاییی خۆی، كە پارێزرابوون، پێشكەشی ئەو كۆچیرۆكانە كرد، كە داهاتەكەیان بۆ بریندارانی جەنگی ڕووس و ژاپۆن تەرخان كرابوو.
ئەو نامانە، ڕەنگدانەوەی باری دەروونیی ئاڵۆز و ناهاوسەنگی ئەو سەردەمن.

 

وەرگێرانی: ڕەسوڵ سوڵتانی

© 2017 Hawler