تشرینی یەکەم 17, 2019

ئاخر من کراسێکی پترم دڕیوە

تۆزوخۆڵ
هەندێک هیشکە بەردیش
کەڵەکەکان ڕمان.
              
لافاوێکی تر
کەشتیەکان بۆ دوور دەبا
بەو پەڕە کاغەزانە نووح بە.
            
کە دێی بەهارێک و پایزێکت پێیە
کە دەڕۆی،
یەکێکیان دەبەی.
            
ڕووناکی گشتییە
پەنجەرە دەیکاتە تایبەتی.
                                                              
پەلە مەکە لە ڕۆیشتن
با زوو نەگەی بە بیابان!
                                  
ڕقت لە خاک نەبێتەوە
مەگەر ئەوکاتەی ناهێڵێ ئاسمان ببینی!
                  
ئەستێرە زیادنییە لە شەو
گوڵ زیادنییە لە باخچە
هیچ شتێک زیادنەبێ،
لە تەماشا.
              
مردووەکان،
هەموو شتیان بۆتە خەون.
           
ئاسان نییە بزربوون
منداڵەکان بە ئاسانی گەورەنەبوون.
            
کەمێک خۆشەویستی بەشی مرۆڤ دەکا
کە خوا بەشی شێری نەما
           
دوو پێ مەخە ناو کەوشێک
دوو چیلکەی ڕەقت لێماوە، وتی.
دوو چاوت هەیە دووی تریش قەرزکە
ئەوجا نامبینی، وەڵامم داوە.

دنیا بەبەرتەوە دەسووتێ
هەوڵی کوژاندنەوەی مەدە.
           
ژیانێکی باشتر ئەوەیە،
لە پیرییەوە دەست پێبکەی تا دەگەیتەوە منداڵیی.
          
با مەلا و واعیز بۆخۆیان بڵێن،
مردن هیچ شتێکی تازەی پێ نییە
دووبارەیەکی وەڕزکەرە وەک دەنگی بۆق!

ئەو هەموو چزووە لە ڕوحتا چۆن ماوی؟
وتی، من گوڵم! تامی خۆم داوە بەوەی
پێیوەداوم.


ئەو ژنانە ڕووت ڕووت
ئەو پیاوانە ڕووت ڕووت
ئەوەی جلی هەمەجۆری پۆشیوە دنیایە.

ئەوەی دڵۆپە خوێنێک ببینێ و لێی نەسڵەمێتەوە
کە گۆمی خوێنی دی مەلەی تێدا دەکا.

دەنگی شکانی پووشکە مێروولەش هەستی پێ ناکا.

 

تێكستی:
دڵشاد عەبدوڵڵا

© 2017 Hawler