ئەیلول 21, 2019

پـــــــــــــــــــیاوێک وونـــــــــــــبوە

پیاوێک وونبوە
تکایە بیدۆزنەوە !
.........
لە کوچەو کۆڵانە غەریبیەکان
لە شۆستەو شەقامە یاخیەکان
لە شاری مات و بێ دەنگ
دەگەرێین و نایدۆزینەوە !
........
پیاوێک وونبوە
شەوانە پاسەوانی ماڵە
بەیانیان سفرە دەرازێنێتەوە
مەغریبانیش رۆژو دەشکێنێ
کەچی لێمان وونەو نایدۆزینەوە !
..........
لەترسی خەمی زەمانەو
نەخۆشی زەهایمەر
هەر زوو خۆی لێ وونکردین
لەگەرماو سەرما خەمخۆرمانە
ئەو هێندە خەمی ئێمەیەتی
نیو هێندە خەمی خۆی نیە !
........
لەمنداڵی یەوە
لە نێو تەشت و کەف و پەنجەی دایک
بوو بە تابلۆیەکی نوستالیژی
بۆیە نیگای
هەمیشە لەبەرچاو و لەنێو دڵمانە
........
لەکاتی نوێژکردندا
بەدوای پارچە وونبوەکانی دەگەرێین
کەچی لە مەعبەدی خودا
دەروێشانە خۆی لێمان وون دەکات !
.........
پیاوێک وونبوە
لەیەک دەرگا چووە ژوور
سەدەها دەرگا بەدوای دەگەرێین
کەچی نایدۆزینەوە !
..........
لەکاتی نەخۆشکەوتنی هەر ئازیزێک
بەر لەهەموو کەس
لە نەخۆشخانەیە
دەستێکی گوڵ و دەستێکی نزا
رۆحی تێکەڵ بەرۆحمان بووە
هەست بەترپەی دڵ و خەمی ناخمان دەکات
کەچی لێمان وونەو نایدۆزینەوە !
...........
لە زەوی پڕ بەرەکەتدا
درەختی ژیانمان سەوزتر دەکات
لە هەناوی ئاسمانی سپیش
لەگەڵ باران بارین
سڵاوی ژیاندۆستیمان لێ دەکات
........
پیاوێک وونبوە
بەیانیان لەگەڵ منداڵانی گەڕەک
گەمەی( کاروان و کاشی دەکات) و
ئێوارانیش
لە خانەی بەساڵاچوان
هەمووان تێرنان دەکات و جێیان دێڵێ !
........
پیاوێک وونبوە
ئەو ئێمە دەبینێ و
ئاگای لە هەموومانە !
ئێمە ئەو نابینین
بەڵام هەمیشە
هەست بە (وجوود) ی دەکەین
...........
پیاوێک لێمان وونبوە
تا لە دەرگای نەدەین و
ڕاماننەکێشێ بۆلای خۆی
دڵنیام کەسمان نایبینینەوە !

 

ئـــــاری ئـــــاغۆک

© 2017 Hawler