ئاب 22, 2019

لەنێو چیرۆكەكانی بەرهەم علی دا

پێنوسێك،بەدەم ئاوازی ژیانەوە ڕێگاكانی ژیانی دەبڕی.بارانی خوناویش وەك شەبەنگ تك تك دەچۆڕایە ناخی پێنوسەكەیەوەو بۆ هەر ڕێگاو سەفەرێك هاودەمی بوو.ئاخر ئەم پێنوسە،لە بەردەوامی (خەبات)دا،و لەهەناوی(ڕوناهی)دا،هەمیشە (گەشبین)دەینواند.پێنوسیك بەنێو ئاسمانی پاك و بێگەردی (هەولێر)دا.لێوان لێو بوو لەسامانی وشە.
بەدەم ڕێگای ئاسۆی ژیانەوە،وچانی نەئەداو بەردەوام بوو لە گەران بەدوای حەقیقەتەكاندا.تا ئەوەی بیكاتە (بیرەوەری گەنجانی كوردستان)هەناسەیەكی ئارامی دەدا و بەشێوەیەكی تەنز ئامێز (پشیلە چاو بەڵەكەكانی) وڵاتی دەنوسیەوە.ئاخر ئەم پێنوسە پێنوسێك بوو جیاواز دەگمەن.بێ وێنە كە بووبوە.(ئاوێزە)و من و تۆ و ئەوانی دەنوسیەوە.تا لەگەڵ خۆی لەدۆزەخی نا هۆشیاری قوتارمان بكات و بمان گەیەنێتە ئاسۆیەكی ڕوون.كە بۆئەوەی بزانین هەم جوانی گوڵێك ببینین و وە دواجاریش پێكهاتەكانی بزانین.خودایە چەندە ناوازەو دڵ ڕفێن بوو.ئەو سەفەرەم.لەتەك ئەو پێنوسەدا.شنەبای ئارام و سەمای گەڵای دار سنەوبەرەكانیش لەولاوە بوەستێ كە لەسەر ڕێگاكان بوون.هەمووان سەمایان دەكرد وپێ دەكەنین.باڵندەكانیش بەئاسمانەوە بەشێوەیەكی خۆشحاڵی و ساترەئامێز دەیان خوێند. كە ئەندێشەی مرۆڤی سەراسیمە دەكرد.ئاخر ئەو ڕێگایە پڕی ژیان ولێكدانەوە بوو .بۆ خۆ ناسین ..لێوان لێو بو لەتراژیدیاو كۆمیدیا لەژیان و مەرگ. لەجوانی و ناشیرینی. لەهەموو جۆرێك كە بەئاستەم دەتوانرا چاوەكانت لێك بنێیت...لەسەر ئەم ڕێگا نەمریە كە هەموومانی دەگەیاندە ئاسۆ لەبن دار عەرعەرێكدا پیاوێكم بینی پیاوێكی دەگمەن كە زیلانی دار عەرعەرەكان سەریان نەوی كردبوو بۆ سەر سەری بۆئەوەی ببنە سایەی ئارامیەكانی. ئەو پیاوەی كە بینیم جەنابیان (عەزیز نەسین) بوو.كتێبێكی بەدەستەوە بوو دەیخوێندەوە پرسیم لێی ئەم كتێبە چیە ؟ و كتێبی كام نوسەرە؟ وا بەعەشقەوە چوویتە ناخیەوە.(عەزیزنەسین) زەردەیەك گرتی و كتێبەكەی پیشان دا م.لێی نوسرابوو (چیرۆكەكانی گەڕەك) بەپێنوسی (بەرهەم علی) هەناسەیەكم هەڵكێشاو بە زەردەیەكەوە وتم:مامۆستا زۆر ڕۆچوویتە ناو ئەم كتێبەوە .مامۆستا نەسین:هەروا بەدەم خوێندنەوەی كتێبەكەوە بێ ئەوەی كتێبەكە دابخاتەوە بەمنی وت:ئاخر لەوە ئەچێ لەناوازەیی و جیاوازی ئەم كتێبە بەقەدەر من تێی نەگەیشتبن..ئاخر ئەمانەی لەم كتێبەدا نوسراون.بۆئێوەیە بۆ مرۆڤایەتی ئەم كتێبە پێمان دەڵێت: وەك( چارڵی چاپلن )بن كە چۆن دەیویست لەڕێگەی زەردەخەنەكانیەوە.مرۆڤایەتی بهێنێتە گریان..نەسین بەردەوامی بە قسەكانی داو وتی ئەم كتێبە پێمان دەڵێت:كە موخاتەبەی عەقڵ بەكۆمیدیا دۆزینەوەی ڕێگا ڕاستەكانە،تا بەسەر چەوتەكاندا زاڵ بین.هەناسەیەكی هەڵكێشا و زۆر بە خۆشحاڵیەوە بەمنی وت:بڕۆ گەر دەتەوێت ئەم كتێبەو بەرهەم بناسیت.بەردەوامبە لەسەفەرەكەت و گەڕان بكەرە وا وێستگەت تا ئەم كتێبە بەباشی دەناسیت .با چاوو هزرت واڵا بێت تا لەنێو ئەو گەڕەكانەدا بەم پێنوسە ئاشنا دەبیت . كە هەموان لەپشتیەوە هەنگاو هەڵدەگرن.هەر كە وای وت: ئنجا زانیم ئەو پێنوسە دەگمەنەی كە من عەوداڵیم و بەدوایەوەم.پێنوسەتەنز ئامێزەكەی كاكی نوسەر (بەرهەم علی)یە كە چیرۆكەكانی گەڕەكی وەك مێژوو پێ تۆمار كراوە.
منیش هەروا بەخۆشحاڵیەوە،لەتەك ئەو پێنوسەدا هەنگاوم دەنا.لەگەڵ بڕینی هەر ڕێگایەكدا گەڵای دارێك دەبووە چیرۆكێك. ئازاری شارێك دەبوە وابەستەی بیركردنەوە لەژیان و پەلی دەهاویشت بۆ چیرۆكی گەڕەك و گوند و ئاوایی و ناوچە بەناوچەكە بینیم لەهەموو سەرتاشە بەردێكی سپی كتێبـی چیرۆكەكانی گەرەك دانرابوو كە چوار دەوریان پڕی گوڵ و گوڵزار و لالەزار بوون.خەنی بوون لەقاقای پێكەنین بەڵام لەناخیاندا هەست بەگریان و سیس بوون دەكرا.سەفەرێكی تایبەت كە هیچ سەفەرێك هاوتای نەبوو.بەردەوام بووم لەرۆشتن هەرواش پێنوسەكەی (بەرهەم علی)بێ ئەوەی وچانێك بدات.بەردەوام بوو لەهەنگاوی داهێنان بەدەم هەنگاوی ئاراستەجوانەكانی ژیان و تۆماری هەنگاو بەهەنگاوی ئەو مرۆڤانەی كە ئەم كردونیە كارەكتەرێك پڕ لەسەركێش و نەهامەتی و ڕێڕەوی ژیان كە بونەتە هەنگاوی جوامێرانەی نوسەر كە هەوای نەسیم و ئاوی سازگاری بناری چیا و تولەڕێگەی ئاوایی زێوێ بگرێتەبەر بۆئەوەی گوڵاڵەو هەوێنی لەدایك بوونی چیرۆكەكانی ژیانی بەجوانی چاویان هەڵ بێنن و لەنێو نزارو رایەخی چیمەنی پێدەشتی ئاوایی بە زایەڵەی دەنگی پێمان بڵێ من ژیان دەنوسمەوە.
لەنێو حەقیقەتی ئاوێنەتیوارەكاندا چیرۆكەكانی ئەون زادەی ئازار و بیرەوەریەكانی ساڵانی ڕابردووە بێگومان هەوێن گەلێكی سەردەمی زێڕین. جیلێكی ئاڵتونی. بیركردنەوەیەكی نایاب. هەناسەی ئارامی.بۆ هەنگاوی ڕابردوو كەبۆتە زادەی چەندەها هەنگاو لەمەڕداهاتوو. هەموو ئەمانە بوونەتە فۆڕمی (چیرۆكەكانی گەڕەك)كە بوونەتە سەرچاوەی ئاوازێكی فراوان و خەیاڵێكی استاتیكیانە كەئێمەی خوێنەر وەك هەر هەنگاوێك بەئارامی ڕۆبچینە هەناوی بیرو هزری نوسەرەكەیەوە.
ئاخر لە نێو زۆربەی چیرۆكەكانی گەڕەكدا. نوسەر دەبێتە كارەكتەرێكی كۆمیدیا كە هەناوی لێوان لێوە.لەتراژیدیا و خەم هەڵگرتووی ژیان و ئەم سەردەمە جەنجاڵە و كایەكانی ژیان.كە چەرخی سەردەم هەموو شتێكی ئاوەژوو كردۆتەوە..نوسەر لەگەڵ زۆربەی بەسەرهات و ڕوداوەكاندا ژیاوە و زۆربەی گێڕانەوەی ئەو چیرۆكە ناوازانەكە بەرجەستەكراوی واقیعن بوونەتە سیمبولی واقیعە تاڵەكانی ژیان،نوسەر یاخود خۆی بۆتە كارەكتەر یان ڕووداو گەلێكی تۆماركراوی بەچاوی خۆی وێناكردوەو لەنزیكەوە دیویەتی. ئاخر هەر لەتوانا و سەلیقەی ئەم نوسەرەدایە.كە تەواوی بینراوەكانی نێو ئەو گەڕەكەیان و سەردەمی ژیانی لادێ و شارو كەسەنزیكەكانی بۆتە هەوێنی بەرهەم گەلێكی جوانی پێنوسێكی دەگمەن كە خاوەنی ئەم پێنوسە(بەرهەم علی)یە .كە زۆر بە سەلیقەوە توانیویەتی گێڕانەوەكانیمان بۆ بكات بە وێنە.ئاخر ڕێبازی سۆز و نوسینیان زۆر جیاواز هزری هەموو مرۆڤێك دەبزوێنێ..ئەو كەسایەتیەكانی نێو چیرۆكەكانی گەڕەكی ئێمەی لێك نزیك كردۆتەوەو هەر یەكەو بە دەرد و ئازارێكی ژیانەوە.وا بەستەن بۆیە بەرهەم گەلێكی جوانی چیرۆك بەرۆح وێنا دەكرێت.لەناو وێنەو فلاش باكی چیرۆكەكانی بەرهەم علی دا.هەر ئەوەشە كاتێك خۆت و خەیاڵت ئەدەیتە دەست ڕوداوەكان.ئیدی تۆی خوێنەر بەدەر نیت لەو ڕوداوانە.
ئەو گەڕاوەو گەرەك بە گەڕەك و كۆڵان و گوندوئاوایی بۆ دۆزینەوەی نهێنی یە دەروونیەكانی مرۆڤایەتی،كەسایەتیەكانی نێو چیرۆكی گەرەكەكەمان پڕن لەكێشەی ئاڵۆزو گیانی و دەروونی .یاخود نادیدەو ناهۆشیاری تا ئەگاتە ئەوەی لەنێو ئەو بابەتە ساترانەیدا بە جۆرێكی دی تەفسیر بۆ ژیانێكی واقع بكەین.
 (بیتەر ڤایس) دەڵێت:پێویستە هونەر یان نوسین خاوەنی توانایەكی ڕەها بێت كە بتوانێت ژیان بگۆڕێت ئەگەر نا ئەوا چ توانا و چ ئامانج بزر دەبێت. ئاخر چیرۆك زادەی وا بەستە و مەبەستە لەڕووی كەڵك لێ وەرگرتنی ڕوداوەكانی ژیانەوە.هەر بۆیە نوسەر نوێنەری ڕەوتی حیكایەتەكانی سەردەمی ڕابردووە كە هەڵگری ناسنامەی ئێستا و گەڕانە بۆ ژیانی ئێستا و ئایندە.
بەرهەم بە نوسینە تەنزەكانی خوێنەر كەمەند كێش دەكات نێو ڕوداوەكان. بێ ئەوەی بەخۆمان بزانین بەخێرایی دەبینە كارەكتەرێك لەنێ هەنگاوی ئەو گەڕەكانەدا كە لێوان لێون لەچیرۆكی ڕاستەقینەو
وە بە حوكمی ئەم بارودۆخە و هەنگاوی ڕۆژگار هەمومان بەدەرنین لەنێو ئەو چیرۆك و خەیاڵە ناوازەیەی( بەرهەم علی )دا كە هەم ئاڵۆزی ژیان و شڵەژان و چەق بەستوویی و خۆ نەناسینی خود.دەبێتە بەشێك لە ئارەزووی دژبەیەك و نا دیدەیی و خۆ هەڵخەڵەتاندن لە مەڕ جوانیەكانی ژیانداو گێڕانەوەی ڕوداوەكان وەك تەنز ڕاپێچمان دەكات.بۆنێو لاپەڕەی گەڕەكەكان.دواجار دەمان گەیەنێتە ئامانجێك كە بریار و چارەسەرو تەنگەژەی ژیان بكەینە دوا وێستگەی بركردنەوەو تێڕامانمان.
نوسەر بەزمانێكی پاراو و گێڕانەوەیەكی سادە بەسەرهات و ژیان وڕوداو گەلێك بەرجەستەدەكات.دەشێت ئێمە بەسانایی لەخودی ئەو چیرۆكانە بگەین.بەڵام بۆ لێكدانەوەی ڕەهەندێكی پڕواتا. دەبێت خۆمان ئامادەكردبێت و ئەندێشەمان فراوان بكەین تا ئەوەی ڕۆدەچینە نێو كرۆكی واتا و پەیامەكەی.ئەو جوان دەنوسێت ئاخر هەڵگری زمانی پاراوی دایكیەتی ئەو هەموو دیمەنەكان بە وێنەوە دەنوسێت ئاخر ماندوو بوون وكاركردن و چەرمەسەری ژیانی بوونەتە پاشخانێك كە بەچاوی خۆی ڕوداوەكان تۆمار بكات لەهەناوی دڵیدا..كەش و هەواو شنەبای سازگاری سەرچنار و داری قەد باریكی ئەرخەوان و سەمای گەڵاكانی چڕی داری هەمەجۆرو لەرینەوەی گوڵ و گوڵزاری باخچەكانی بوونەتە فراوانی هزری. تا ئەوەی لەنێو حەزی واتا و تێفكرینی ببیتە تیڕامان بۆ بیرەوەری و بەسەرهاتە ریالیزمیەكانی.. ئای خودایە چەند دڵگیر بوو بۆمن كە لەنێو هەناوی (چیرۆكەكانی گەڕەكدا) ئەو هەموو كەسایەتیە ناوازەیەم بینی كە سەرقاڵی خوێندنەوەی كتێبی چیرۆكەكانی گەڕەك بوون و لەگەڵ هەر تەواو بوونی چیرۆكێكدا سڵاوێكی ڕەزامەندبوونیان دەنارد بۆ پێنوسەكەی نوسەر.
ئاخر ئەوانە كەسانی ئاسایی نەبوون.سمبولی ژیان و تێڕامان بوون. (كەڵەپیاوی وەك (مۆلەر))و،((گۆگۆل) تا دەگات بە (فرانسیسكۆ زۆر باران).هەر هەموویان لە ژێر سایەی ئەو نەرمە بارانەدا كتێبەكەیان نابووە سەر دڵیان و هەر كەسێك بەو ڕێگایەدا گوزەری دەكرد پێیان دەگووت: تكایە،ئەم شاكارە بكەنە هەوێنی جوانیەكانی ئەندێشەتان من .بەردەوام بووم لەهەنگاوەكانم بارانیش نمە نمە دایدەكرد.هەموو ئەو هەنگاوە رۆحیانەی تەڕو پاراو دەكرد.جگە لە قاقای ناخەكان،كە وەك ئاوی ئەو بارانە وەك ئەسرین دەرژایە ناخ...ئیدی گوێ بیستی (كەڵەشێرەكەی نەنە بەسێ) بووم).كە وا دیار بوو هەمووانی ئاگاداردەكردەوە كەوا پێنوسەكەی بەرهەم علی بەدەم سەمای ژیانەوە تاوێكی تر دەگاتە ماڵی دڵ (شوانی قازەكان )بە هەمووانی ووت: بە حەیا بێنە حزور و بە ئەدەب سوژدە بەرن ).ئێرە هەناوی شاكاری (بەرهەم علی یە.ئێرە قاقای هەڕەمەكی و خەرابات نیە.( لە دێرێكی شاعیری گەورە( سالم) وەرگیراوە بەدەم تێڕامانەوە گەشتینە مەنزڵگای حەقیقەتەكان زۆر جوان و بەڕێزەوە كورەكان(شێخ سەفەر)و خوشكانی باجی عەتێ)و(زولفەقار)و(صالحی شروبی)پێشوازیان لێ كردین منیش هەنگاوەكانم خێرا تر كرد چیم دی!.پێنوسێكی زەردەخەناوی دەگمەنم بینی.كە هاوسەفەر بوو لەتەك بەسەرهاتەكانی مەلای مەشهورەدا.دەنگێكی پڕ ویقار و پێكەنیناوی دەهاتە بەر گوێم كە سات نا ساتێ بە پێنوسەكەی دەوت تەنها تۆیت دەتوانیت هاوڕێ و هاوسەفەرم بیت.ئاخر هەر من دەزانم كە چەند ناوازە و دەگمەنی ئەو دەنگە دەنگی( مەلای مەشهورە) بوو.
ئاخر ئەوە جورئەتی نوسەرە كە زۆر لێزان و بوێرانە خۆی داوە لەقەرەی چیرۆكی تەنزئامێز كە هەر كەسێك بەسانایی ناتوانێت جڵەوی ئەم جۆرە نوسینە بگرێتە ەست و بتوانێت بیكاتە تابڵۆیەكی نەمری ژیان كە چوارچێوەی تابڵۆكە پێكەنین ئامێزوبەڵام ناخ و باكگراوندی ئەو تابڵۆیە پڕ لەئەسرین و گریاناوی..نوسەر لەخودی خۆشەویستی ڕەهای بۆ ژیان و تۆماری رۆداو گەلێك و بەئاگاهێنانەوەی كۆمەڵگای نوستوو بێ خەبەر . خۆشەویستی خۆی دەكاتە ( سەردەمی عەقڵ سستی) و دەیكاتە چیرۆكێكی درێژ كە ڕێچكەكانی پڕن لەحیكمەت و ئاگایی و واتای ژیان و دەرخستنی لایەنە جوان و ناشیرینەكانی ژیان...ئیدی من هەر بەدوای ئەو پینوسەوە بووم تا بە حزوری خودی خۆی چووینە نێو كۆڕی هیواكانەوە.پێنوسەكەی هەروا لەنێو هەناوی دڵی هەموواندابوو مەلای مەشهورە هات و خستیە سەر دەلاقەیەكی بەرز كە تیشكی خۆرەكە لەنێو ئەو كڵاوڕۆژنەیەوە ئەوەندەی تر سەروسیمای ڕوناك كردبۆوە. بەڵێ هەمان رێگا و هەمان وێستگە بوونە لالە و وەك چراخان بەئاوێتەی بارانەكە بوو بوونە سیمبولی ژیان.بۆ پێنوسەكە و بۆ خودی نوسەر .بەڕاستی لەنێو هەناوی ئەو چیرۆكانەدا كەرنەڤاڵێكی تەنز ئامێز بوو بووە سەرقافڵەی هەنگاوی ژیان .
(عادلەشێت)یش لەولاوە بوەستێ،كە بەەم جوڵە نائاساییەكەیەوە زوو زوو دەیوت:عادل ناكەن بە عەسكەر كە هەمووانی خستبووە خۆش نودیەوە بەڵام كە ناخیمان دەبینی لەڕێگەی چاوی پێنوسەكەی نوسەرەوە دەبووینە دێوانە بۆی (سڵەو چڵە)ی براشی دەبوونە ئاوێتەیەك لەڕوداوەكان ( ئیسماعیلەكان)یش لەولاوە بوەستێت.كە بووبونە سەردێری چەندین جار خوێندنەوەی خۆیان لە مەڕ خوێنەر. ئەی (قوربانی و نەبات)بۆ ناڵێی ئەی (رەحیم بار بەرو سەبە سیلاوەی و خانمی ئەسەدی و شاهینی شەو لەبان و سەعدونی موزەمید و تەقی حاجی باقی و حەسەنی مارەوان)تا دەگاتە( وەهاب وقەحتانی سەرمەست) ئای كە جوان و پڕ لەحیكمەتن.هەموو ئەمانە بو بونەهاوڕێی پێنوسەكەی.. (موبارەك)یش جارناجارێ دەهاتە گۆ و بەدەنگی بەرز دەیووت:پیرۆزتان بێت كە ئاماژەیەك بوو بۆ تەواوی خوێنەر كە بەدڵ پیرۆزبایی لەم پێنوسە جیاوازە بكەن .ئاخر هەموو ئەمانە لەنێو چاوی كامێڕاكەی چاكەتەكەی( هادی شێخ مشكور)ەوە بوون كە دەبوونە وێنە گەلێك و دواجار هەموویان ڕووی خۆیان بەشێوەیەكی تەنزاوی ئاشكرا دەكرد.ئیدی هەموو كەسایەتی یەكانی نێو ئەو كەرناڤاڵی كتێبەدا زۆر بەدیقەتەوە دەیان ڕوانیە ئاوێنەیەكی ..گەورە ..كە پێیان دەووت:ئاوێنەی ژیان..سەیرەكە لەوەدابوو هەر یەكە لەو كارەكتەرانە بەشێوەیەكی جیاواز تر خۆی دەبینیەوە.تا ئەوەی (بەرهەم علی)بەدەستەماندوەكانی پێنوسەكەی لەسەر دەلاقەكە هەڵگرت و ئاوێنەیەكی جیاوازی نوسیەوە كەپێیان دەوت:ئاوێنەی حەقیقەتە تاڵەكان دواجاریش هەموویانی كۆكردەوە و خستنیە نێو ئەو ئاوێنەیەوە و كردنیە چەندەها چیرۆكی جیاواز بۆ مێژوو. ناویشی لێنا(چیرۆكەكانی گەرەك) منیش دوای ئەوەی ڕۆچوومە دانە بەدانەی نێو ئەو چیرۆكەكانەوە و تەماشای ئاوێنەكەم دەكرد.ئەی هاوار چەندەها مرۆڤی سەیرو سەمەرەم بەدی كرد.لەنێو ئەو ئاوێنەیەی ژیاندا.تا ئەوەی تەواوی ئەو ئاوێنەیە.یەك حەقیقەتەی پیشانی مندا. كەبینیم نوسەرە و پێنوسەكەی بەدەستیەوە گرتوەو سەرقاڵی چیرۆكەكانیەتی دواجار گەشتمە ئەو قەناعەتەی هەر كەسێك بیەوێت بەباشی خودی خۆی بناسێت و ژیان جوانتر بكات و بۆ كۆمەڵگاكەی بژی نەك بۆخۆی دەبێت.بڕوانێتە ئەو ئاوێنەیەی كە وێنەی پێنوسەكەی ( بەرهەم علی) تیایدا نەخێشراوە.كە جیاواز خۆی نمایش دەكات بۆ مێژوو .

 

نوسینی ئازاد پێنجوێنی

© 2017 Hawler