ئاب 22, 2019

ھەڵبژاردنی: زانا خەلیل


ئەوەی لەناو ستڵەکە بوو
گۆشتی بەرخ نەبوو
مەمکێکی بڕاوی هاوسەرەکەم بوو
ئێستاش ئەو ستڵە فرمێسکەم
هەر بە دەستەوەیە.



کراسەکەی دایکم،
تژین لە تاڵە تیشک
ھەر کە دەیانکاتەوە؛
شەویش بێت،
ماڵەکەمان پڕ دەبێت لە نوور.



دایکم دوو مێردی کردووە
یەکەمجار بە باوکم و
دووەمجار بە مردن.



دوای مردنی تۆ دایکی ئازیزم
گوتم دەست بەجێ خۆم دەکوژم
کەچی ژیان؛
بێ رەحمانە چەکی کردم.



لەناو دۆڵابە کۆنەکەدایە - کراسەکانی دایکم.
بەیانییەک خوشکەکەم
دەرگاکەی کردەوە
ماڵەکەمان سەرڕێژبوو
لە گوڵ و پەپوولە.



دەسپێک پەیف بوو،
یەکەم پەیڤیش – لەش.



بۆق و
جنۆکە و
حوشتریش
لە زمانی مۆسیقا دەگەن.



سەد باڵم هەیە بۆ فڕین
بەڵام؛
لەناو قەفەسدام.



شەڕ:
دەستی گەیشتۆتە
لوتکەی ئێڤەریست
دەریای مردوو
ناو خیوەتەکانی ئەسکیمۆ.



پەیکەرتاش
بەردەکان دەکاتەوە بە مرۆڤ
مرۆڤەکان دەکاتەوە بەرد
رابردوو دەکاتەوە بە ئێستا
ئێستا دەکا بە داھاتوو.



وەک عیشقی
پەپوولە و گوڵ وایە
عیشقی پەیکەرتاش و بەرد.



بەهەشتین – نابیناکان
لە رۆژێکی زوقم و کڕێوەدا
چاویان بە منداڵێکی سواڵكەر ناکەوێت
رووت و قووت
دەست پانکاتەوە بۆ تیکەنانێ.



لە سۆماڵ، ژمارەی مێش
لە ژمارەی دەنکە گەنم زیاترە.



گەڵا فرمێسکی درەختە - پایز وا دەڵێ.



خۆر گیراوە
رەنگە لە قوژبنی ژوورێکدا
پاکیزەیەکیان کوشتبێت.



دایکم رۆژووی شکاند
شەڕ، بووکەشووشە.



لە دەروازەی ھەموو ماڵێكدا
مینێك ھەیە
لەبەر پێی ئەو نابینایانە دەتەقێتەوە
کە داوای پاروێک رووناکی دەکەن.



ئای ئەمازیغ.
هەمان "کێبڵ" ە؛
پشتی تۆ دەکاتە گۆمی خوێن
پشتی منیش.
دوو
گەردن و
یەک
پەت.



ژن
لەخوێنمدا
بوو بە خڕۆکەیەکی دکتاتۆر.



ھەورامان
پڕ
پڕە
لە دز
ژنەکان؛
دڵ دەدزن و
سمۆرەکان
گوێز.



بۆنی عەتر دێ
خاکە،
بە رووتی چۆتە بەرباران.



بۆنی خاك دێ
وەک بۆنی عەتری ژنێک وایە
خۆی دابێتە بەرڕێژنەیەک عەتر.



چەند ئێسک گرانە مردن
تنۆکێک بەزەیی لەگەڵ خۆیدا هەڵناگرێ.



بە ھیوام
ئەو شەوەی دەمرم
سەرینەکەم
بۆنی ژنی لێ بێت
تەنیا بۆنی
ژن.


لە دوای مردنم، هیچ بەجێناهێڵم
جگە لە دەستنوسێکی شیعر
میراتگرانم لەسەر گۆزەشیعر
یەکتری ناکوژن.

 

قوبادی جەلیزادە

© 2017 Hawler