ئاب 22, 2019

وێرانەکانی بابل خرانە نێو میراتی فەرهەنگی دونیاوە

وێرانەکانی بابل وەک بەشێک لە میراتی فەرهەنگی مرۆڤایەتی ناسێنران. دێرینەناسانی ئەڵمانی لە سەدەی نۆزدەیەمەوە بەشداربوونە لە هەڵقەندن و دۆزینەوەکانی بابل و دەروازە بەنێوبانگەکەی ئیشتر، دەستکەوتی بەنێوبانگی ئەوانە بۆ بەرلین.

کۆمیتەی میراتی دونیای سەر بە ڕێکخراوی یونسکۆ، باسکی فەرهەنگی ڕێکخراوی نەتەوەکان، لە دانیشتنێک لە باکۆ پایتەختی ئازەربایەجان، وێرانەکانی بابلیان بە بەشێک لە میراتی فەرهەنگی دونیا لەقەڵەم دا. ئەمڕۆ کە لەو وێرانانە، تەنیا دیوارگەلێکی ڕماو و جادەیەکی سەنگچن ماوەتەوە کە بیرخەرەوەی شکۆمەندانەی ئەم شارە کۆنەیە. لە باغە ئەفسووناوییەکانیش هیچ نەماوەتەوە و لە کۆشکە پڕشکۆ و پەرستگە مەزن و بورجە بەرزەکان، تەنیا وێرانەیەک ماوەتەوە.
بابل یەکێک لە گەورەترین شارەکانی کۆنە و زێی زۆرێک لە دەستکەوتە مرۆڤاایەتییەکانە: هەر لە ماف و ماتماتیکەوە بگرە تا کتێب و ئەستێرەناسی و پزیشکی. بابل لە نێوان ١٨٠٠ی بەر لە لەدایکبوونی مەسیح تا ١٠٠ ساڵ دوای هاتنی مەسیح، لە گرنگترین ناوەندە فەرهەنگی و ئابوورییەکانی دونیای کلاسیک بوو. فەرمانڕەوایانێکی مەزنی وەک حامووڕابی (١٧٩٢ تا ١٧٥٠ی بەر لە زایین)، نەبووخزنەسری دووەم (نزیکەی ٦٠٤ تا ٥٤٢ی بەر لە زایین)، کورشی هەخامنشی و ئەسکەندەری گەورە حوکمیان لەسەر ئەم حکومەت و شارە هەبوە.
لە هەمان کاتیشدا بابل، وەک یەکێک لە نوێنگەکانی ئاژاوە و شەڕ و خراپەکاری مرۆڤ لە دونیای کۆن ناسراوە: ڕابواردن و شەهوەت و توندوتیژی و وەحشیگەری لەم شارە لە لووتکەدا بووە.
بابل کە لە تەنیشت ڕووباری فوڕاتەوە هەڵکەوتووە، ٨٠ کیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختی عێراقەوە دوورە، لە سەردەمی هاوچەرخدا، بەتایبەت لە دەیەکانی ١٩٩٠ی زایینی، دووبارە تاڵان کرایەوە. لە ئاپریلی ٢٠٠٣ تا دیسەمبەری ٢٠٠٤، هێزە ئەمریکی و پۆڵەندییەکان و زۆر گرووپ و ملیشیای دیکە، وێرانەکانی بابلیان وەک بنکە و بارەگەی شەڕ بەکار هێناوە. هەر لەم ساڵەدا بوو کە زۆرترین زیان بەر شارەکە و ئاسەوارە کۆنەکانی کەوتەوە و زۆر شتی تاڵان کرا.
لە بەرامبەردا ئەو ئاسەوارانەی کە لە سەدەی نۆزدەیەمەوە لە ناوچەکە براونەتە دەرەوە و گوازراونەتەوە بۆ مۆزەخانە جیهانییەکان، بە خۆشییەوە بە ساخ و سەلامەتی ماونەتەوە. بۆ نمونە دەروازە نێودارە و جوانەکەی ئیشتر، کەم و زۆر بە هەمان جوانی سەردەمی خۆیەوە لە مۆزەخانەی ڕۆژهەڵاتناسی بەرلین ماوەتەوە.
لە ساڵی ١٨٩٩ی زایینی، هەڵکۆڵینی دێرینەناسەکانی ئەڵمانیا لە وێرانەکانی بلبل دەستی پێ کرد. دوای چەندین ساڵ کارکردن و هەوڵی زۆر، لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینی توانییان باڵەخانە گەورەکانی سەرەکی شارەکە بدۆزینەوە. بەردە درەوشاوەکان و کاشییە شینەکانی دەروازەی ئیشتر لە ساڵی ١٩٢٧ لە سوندووقەیلی قایم و دڵنیا، گەیێنرانە بەرلین.

 

شۆڕش غەفووری - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler