ئاب 22, 2019

ده‌روونناسی و كۆمه‌ڵناسی و فه‌لسه‌فه‌ چۆن ده‌ڕواننه‌ چه‌مكی حەسوودی؟ حەسوودی؟

­مارین ڕەین

کەلەپوورێکی درێژ و دێرینی لێکجیاکردنەوەی نێوان دوو جۆرە حەسوودی لە کایەکانی دەروونناسی کۆمەڵایەتی و فەلسەفەدا هەیە، واتە حەسوودیی نیازپاکانە و حەسوویی بەدنیازانە. جیاکاریی کولتووریی ئەم دوو ئەزموونە و گوزارشت لێکردنیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە کۆنەکان؛ پەرەسەندنی هەندێ لە زمانەکان بەڵگەیە لەسەر ئەمە، کە دوو گوزارشتی جیاوازیان هەبووە دەربارەی حەسوودیی نیان و حەسوودی پۆخڵ. بۆ نموونە گوزارشتکردن لە حەسوودیی نیازپاکانە و حەسوودیی بەدنیازانە لە زمانەکانی هۆڵەندی و پۆڵەندی و تایلەندیدا لەم جۆرەن "nenijden" و "afgunst لە هۆڵەندیدا، "Zazdrosc" و "Zawisc" لە پۆڵەندیدا و، "it-chaea" و "rit-yaa" لە تایلەندیدا. (van de Ven، Zeelenberg and Pieters، 2009، 420).

حەسوودیی نیازپاکانە لە فۆڕمەکانی حەسوودیدا، فۆڕمێکی کەمێک لاوازترە؛ گوزارشتێکی نەرێنییە لە عاتیفەی سەرسوڕمان. خاڵییە لە دوژمنایەتی و سروشتێکی دابڕاوی لە بەدنیازیی هەیە. دەتوانین حەسوودی نیازپاکانە وەک ستاییش و ئافەرینکردن لە حەسوودیپێبراو، یان وەک نرخاندنی سەرکەوتنەکەی، لە چێوە بگرین (Miceli and Castelfranci 2007; Smith and Kim 2007). لەم نوسخە "خاوێنکراوە"ی حەسوودیدا، دەتوانین حەسوودی وەک هێزی هاندەر دابنێین، کە ئەنگێزەی لاسایی کێبەرکێکاری لەسەر ئاستی تاک و گەشەسەندنی ئابووریی لەسەر ئاستی گشتگیری کۆمەڵگەدا دەجوڵینێت (Smith and Kim 2007، 47; van de Ven 2014). ئەمە واتای ئەوە نییە حەسوودیی نیازپاکانە شتێکی ئازاردەرە، بەڵکو شوێنەواری ئازاردەری هەوڵدان بۆ "پێ بە پێ ڕۆیشتنی ئەوانی دیکە" نابێت فەرامۆش بکرێت. تیۆرەکەی ڤێبلن دەبارەی چینی خۆشگوزەران، بە دورودرێژی لێکۆڵینەوە لە لایەنە زیانبەخش و موسریفەکانی حەسوودیی نیازپاکانە دەکات.
لایەنی هەرە تاریکی حەسوودی وا لە حەسوودیی بەدنیازانەدا، چونکە کەسی حەسوود تەنیا چاوی لەوە نەبڕیووە بگاتە هەمان ئاستی حەسوودیپێبراو، بەڵکو دەیەوێت بێ ڕۆزی و بێ بەهرەمەندی بکات و دایبەزێنێتە ئاستی خۆیەوە (یان بگرە بۆ ئاستێکی کەمتر لە خۆی). حەسوودیی بەدنیازانە زیاتر پەیوەستە بە عاتیفەکانی خراپکارییەوە و، ڕەگەزێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر حەسوودیپێبراو تێدایە، تەنانەت کاتێک حەسوودیپێبراو هیچ ڕەفتارێکی بەرامبەر حەسوود نەکردووە. لە حەسوودی بەدنیازانەدا، حەسوود خۆی بەرز ناکاتەوە بۆ ئاستی حەسوودیپێبراو، ئەمەیش لای خۆیەوە هەست و شعوری خۆ-بەکەمزانین و بێتوانایی لە سەرکەوتن بەسەر ئەو تێڕاوانە خۆبەمەکزانەدا دەجووڵێنێت. بۆیە هەستی دوژمنکارانە بەرامبەرر حەسوودیپێبراو دەگۆڕێت بە نیاز و کردەوەی خراپ، تەنانەت ئەگەر هیچ کاردانەوەیەک بە ڕووی حەسوودیشدا نەنوێنرێت. لەبەرئەوە، حەسوودیی بەدنیازانە هەستێکی ستراتیژی یان ئاراستەکراو بەرەو ئامانجێک نییە، بەڵکو تاکە مەبەست لەم حەسوودییە بریتییە لە خاڵیکردنەوەی هەستە خۆبەکەمزانەکان لای حەسوود (Miceli and Castelfranci 2007).
دیاریکردنی جۆری ئەزموونی حەسوودی کە داخۆ حەسوودییەکی نیازپاکانە یان بەدنیازانەیە، بەندە بە چەند فاکتەرەێکی ڕۆژانەوە کە کاریگەریی لەسەر دۆخی دەروونی حەسوود دادەنێن؛ وەکو میزاجی گشتی، یان حەسوود ئەوە کەشف بکات کە چۆن حەسوودیپێبراو لە خاوەندارێتی و ئەنجامدانی مەبەست یان ئوبێکتی حەسوودییەکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. بەهەمان شێوە، ئەزموونی هەنووکەیی حەسوود شێوازی چارەسەرکردنی ئەو کەشفە پێکدەهێنێت. ئەو کەسانەی کە بەم دواییانە بەدەست شکست یان بەزین و ڕووخانەوە دەناڵێنن، زیاتر مەیلی ئەوەیان هەیە هەڵسوکەوتی نەرێنی بکەن، خۆ ئەگەر بارودۆخیان وانەبووە دەشیا بە جۆرێکی تر هەڵسوکەوتیان بکردایە. بیرکەوتنەوەی شکست و کەموکوڕییەکانی دیکە دەکرێت ئەو میزانە نەرێنییە گەورەتر بکات کە هەر پێشتر هەیە (Alicke and Zell).
جا لەبەرئەوەی حەسوودی بە پێچەوانەی ئاراستەکانی عورفی کۆمەڵایەتییەوە دەڕوات، لەبەرئەوەی داننان بە حەسوودیدا زۆرجار واتای داننانە بە ئاستنزمی یان بە نوقسانییەکدا، ئەوا عادەتەن کەسەکە نکوڵی لە هەستە حەسوودییەکان دەکات. حەسوودی بەرامبەر کەسێک، هەر لەبەرئەوەی بە سادەیی شتێکی هەیە کە حەسوود نییەتی و لەبری ئەوەی شتێکی خراپی بەرامبەر بکات، واتای ئەوەیە حەسوود هەستە نەرێتییەکانی خۆی بەرامبەر کەسێک دەشارێتەوە کە هیچ کردارێکی بەرامبەر نەکردووە، تەنانەت ڕەگە بەرامبەر کەسێک کە هیچ پەیوەندییەک پێیەوە نابەستێتەوە. ئەم چەپاندنەی نیازە خراپەکان زیانی زیاتر بە خۆ هەڵسەنگاندن لای حەسوود دەگەیەنێت کە هەر لە بنچینەدا خودێکی هەژاو و شپرزەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ڕیشە و ئەسڵە لاوازەکانی (Smith 2013).
ئەو کەسانەی وا ناتوانن مامەڵە لەگەڵ نەنگیی شکست یان نسکۆدا بکەن، دەشێت لە پاساودانەوەدا بەدوای پەناگەیەکدا بۆ خۆیان بگەڕێن. بە تایبەتیش لە میانەی وزەپێدان بە بۆچوونەکانیان دەربارەی ئیمتیازاتەکان وەک شتێک کە کۆنترۆڵەکەی لە دەرەوەیە؛ حەسوود دەتوانێت بە جۆرێکی وەها تەفسیری نوقسانیی خۆی و دەستکەوتەکانی حەسوودیپێبراو بکات کە لۆژیکییانە لەگەڵ چوارچێوە مەرجەعییەکەی خۆیدا بگونجێت. ئەم پاساودانەوە لۆژیکییە تووڕەیی و دوژمنکاری بەرامبەر تایبەتمەندییە وێناکراوەکەی حەسوویپێبراو و ستەمەکەی نێوی دەوروژێنێت. دەشێت پاساودانەوەی لۆژیکی لە چەند تەفسیرێک پێکهاتبێت، یان لە ئاوێتەیەکی تەفسیرەکانەوە سەبارەت بە هۆکاری سەرکەوتنی حەسوودیپێبراو، وەکو ئەوەی: ئەمە بدرێتە پاڵ ئەو تایبەتمەندییانەی لە پێش سەرکەوتنەوە هەبوون، یان سەرکەوتنی حەسوودیپێبراو لە ڕێگەی کاسپی و ئامرازە نا-شەرعییەکانەوە، یان لە ڕێگەی تەڵەکەبازیەوە، یان بەهۆی ئیمتیازاتە بەدەستنەخراوەکانەوە ]بەڵکو بەهۆی ئەو ئیمتیازاتانەوە کە بە ناقابیل پێیدراوە[ بۆ نموونە بە حوکمی لەدایکبوون یان فۆڕمی جەستەیی. هەوڵەکانی لەنێوبردن یان شێواندنی سەنگ و سومعەی حەسوودیپێبراو، وزە بە هەستکردن بە ستەمی نوقسانیی ڕێژەیی لای حەسوود دەدات. لەگەڵ کەڵەکەبوونی پاساوەکان و، ئیعازی بەرپرسیارێتی لەبەر هۆکاری دەرەکی و، بەکەسیکردنی هێرشکردنەکان، هەستکردن بە ستەم بەهێز و فراوان دەکەن و، بە بەردەوامی بازنەیەکی خودی لە حەسوودی بەدنیازانە دەخوڵقێنن. ئەو کاتە دەشێت حەسوودی بەدنیازانە بگۆڕێت و ببێتە دوژمنایەتییەکەی ڕوون و ڕاشکاو و، بە وزەیەکی تەواویشەوە بگۆڕێت بۆ ئەزێتدان (Miceli and Castelfranci 2007: Sundie et al. 2009).
ئەزێتدان (Schadenfreude) ]یان خۆتیمارکردن[ وشەیەکی ئەڵمانییە لە دوو بڕگە پێکهاتووە، بە حەرفیی واتە: (Schaden) "ئازاردان" و (Freude) "خۆشحاڵی" ]یان شادومانی[؛ ئەمە ئەو دڵخۆشییە وەسف دەکات کە کەسێک هەستی پێدەکات کاتێک موسیبەت و بەڵای سەر ئەوانیتر دەبینێت. ئەزێتدان لقێکە لە لقەکانی حەسوودیی بەدنیازانە، ئەگەرچی حەسوودی پێویستە بۆ ئەزێتدان بەڵام هەر ئەوەندە بەس نییە (Smith 2013; van Dijk et al، 2005). فاکتەری پێش ئەزێتدان حەسوودیی بەدنیازانەیە، ئەمەش بەهۆی هەستکردن بەو ستەمەوە بەهێزتر دەبێت کە بەرەنجامی وێناکردنی ئیمتیازاتە نا-دادپەروەرانەکانی حەسوودیپێبراوە و، کینەی سەرەتایی و پەستیی زیاتریش وزەی پێدەدەن (Sundie et la. 2009).
ڕواڵەتێکی چالاکتر لە دیاردەکانی حەسوودیی بەدنیازانە بریتییە لە خاپوورکردن؛ کردە خاپوورگەرییەکان، کە حەسوودیی بەدنیازانە پاڵنەریەتی بەرەو ئەو شوێنە دەڕۆن کە بە شاراوەیی تێێدا دەردەکەون، وەکو ویستێک بۆ گۆڕینەوەی ئەو هەوڵانەی کە هاوکار ئەنجامیان دەدات، یان بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دەربارەی کێبەرکێکاری کۆمەڵایەتی (Chen 2003). ئەم "ڕەفتاری ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی"ـیە ئامانجی کەمکردنەوەی سەنگ و سومعەی حەسوویپێبراو و شێواندنی پەیوەندییەکانییەتی، ئەمەیش دەبێتە مایەی بەرەولێژبوونەوەی تواناکەی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، یان لە کاردا یان هەردووکیان پێکەوە (Duffy، Shaw and Dchaubroeck 2008، 177).

 

© 2017 Hawler