تەمموز 21, 2019

ئەو جارە شەڕیش هەڵگیرسێت
چی دەبیێت با ببێت
لە باخچەی پشتەوەی ماڵەوەمان زیاتر ناڕۆم.


یادەوەری بۆ ئەوانەی
هەست بە ماڵەوە دەکەن دەرمانە
منیش شەوان موعتادی ئەو دەرمانەم.


بە هیوای گەڕانەوە دەچمە ناو جێگا
بەڵام بەیانی دیسان هیچ روونادات.


دەمەوێ بڕۆم
بەڵام دەترسم نیشتمان بڵێ:
لەسەر سینەم گڕوگاڵی کرد
خەمی من کردیان بە شاعیر
بێ وەفا بوو. بە جێیهێشتم.


پێویست ناکات رێنیشاندەر
یاخود نەخشەی رێگام هەبێت..
بۆنی خاک بە سەلامەتی
هەتا ماڵەوەم دەبات.


لە مانگی گوڵان
هەرهێندە دەبینی
دەریاچەکەی پشت ماڵمان
پڕی سەری و قەراغی
قاز و قولینگ دەبن
بەخیلی بە ساکاری ژیانیان دەبەم.


لە پێغمبەرەکان گەڕێ
خودامان یەکە
بەڵام نازانم بۆ تۆ
بوویت بە تیرۆرست و
منیش بە شاعیر؟


چواردە ساڵە لێرەم و لێرەش نیم
بەوەی باشم
لە کوێندەربم ژیانیش لەوێندەرە.


حەوت رۆژە دەمەوێ بڕۆم
بەڵام دەترسم دایکم لە دوای من بڵێ:
بە شیری مەمکم بە خێوم کرد
نمەک حەرام بوو. بە جێیهێشتم.


من لەناو سرووشت گەورەبووم
ژیان لەوێندەر لەو دنیایەی
مرۆڤ درووستی دەکات خۆشترە.


کەدەچمەوە ماڵێ
هەولێرێ
خەیاڵم
پێش من
لە ئاسمانە.


شوێن گۆڕین گرفت نییە
ئەگەر خۆت بیت.


وەک باڵندەیێک
لەناو بازنەیەک بێت
ئەم چڵ و ئەوچڵ دەکەم
دەمەوێت ئاسمانی خۆم هەبێت، بفڕم.


دیسان وەک باڵندە، ئازاد
بەرەو خۆرئاوا دەفڕمەوە
رەنگە ئەو هەموو هاتووچوونە
ماڵم قووتدات و
چیرۆکی ژیانم پەڕ پەڕ کات .


دەبێت دیسان
لە ناوەندی ناشوێن
ببمەوە پاشای میرنشینی خەیاڵم !


شاردنەوەوی هەست
وەک تەنیایی
ئارامی بەخشە.


هیچی وا لە (هەتا هەتایی) نازانم
بێ پلان و نەخشە‪
لەسەر رێگایەکم‬
نە سەری دیارە
نە کۆتایی !


لە سەردانێکم بۆ کوردستان
کراسێکم بۆ کوڕە خوشکەکەم بردەوە
هێشتا لێکی نەکردبووە و گوتی:
چین لە کەنەداش کراس دروست دەکات؟


جاران بە کەڵەگیای دەم پەرەسێلکە
دەمانزانی بەهارە لێرەیە
ئێستا
بە چەپکە نێرگزی دەست
منداڵە ئاوارەکانی سەر شەقام.


منداڵێک لە ناخمە
چاوساغمە
نازانێت لە خشتەبردن چییە؟


هاوسێکەی دەستە راستم شاعیر.
ئێوارەێێکی پایز
لە باخچەی ماڵەکەی
شیعرێکی لەگەڵ تەرمی پشیلەکەی دەناشت
منیش لەگەڵ کۆترێک
شیعرێکم دەناردە ئاسمان.


ناوەوەم
ئاوێنەیەکی پارچە بووە
هەر پارچەیێک
چیرۆکێک دەگێڕتەوە!


ژیان لە ناو ئەو دیمەنە‪
وای کردووە‪
وا هەست بکەم
لە دوای خودا‪
تەنیاترین کەسم !


وەک نامەیێک،
لە بەڕکی لای دڵم
هەڵت دەگرم .


کە داو بە سووکی
لە رووبار هاتەوە
زانیم ئەو رۆژەش
ماسییەکی زۆرم نان داوە.

 

جەلال بەرزنجی
ھەڵبژاردنی: زانا خەلیل

© 2017 Hawler