تەمموز 21, 2019

لەگەڵ مەڕێ شینی دەکات، لەگەڵ گورگیش گۆشتی دەخوات

هەر لە ئەزەلەوە مەڕ و گورگ دوو کاراکتەری پێچەوانە ودژ بە یەک بوونە، هەر کاتێک بەیەکگەیشتوون ئەوا کارەسات ڕوویداوە و گورگی دڕندە بە شاڵاوێکی بێ ئامان مەڕی خنکاندووە و قیڕەی لێ بڕیوە و کردوویەتی بە نێچیری خۆی، بۆیە دەبینین لەگەڵ هەر مێگەلە مەڕێکدا کاکی شوانکارە و خاوەنی پەزەکە دوو تا سێ سەگی بۆ پاسەوانی مەڕ لە گورگە هاڕەکان داناوە، ئەو کوورتە پێناسەیەش بۆ ئەوەیە بڵێین هەندێک مرۆڤ هەن خودان سیفەتی دوو ڕووییان تێدا بەرجەستە بوە و لە هەر دیمەنێک ڕۆڵێک نمایش دەکەن کە تەواو پێچەوانە و دژ بەیەکن، بۆ ئەو تەرزە مرۆڤانە هەمیشە مایەی شەرمەزارین لە نێو کۆمەڵگەدا جا ئەوانە هەر سیفاتیان وایە کاتێک مەڕ کەوتە بەر شاڵاوی بێ ئامانی گورگەوە ئەوا قووڕ دەپێون و خۆیان بە جەرگ سۆز پێشان دەدەن، بەڵام هەرکە گەیشتنە گورگی دڕندە ئەمجارە لەگەڵ ئەودا دەبنە برای پشتێ و بەیەکەوە گۆشت دەخۆن و تەواو لە خۆیان دەگۆڕێن و هەر دەڵێی پیاوەکەی دوێنێ نین، جا ئەو تەرزە مرۆڤانە هەردەم لە نێو کۆمەڵگەدا بوونیان هەیەو هەرگیز واز لەو سیفەتە ناهێنن، چونکە لەگەڵ خوێنیان تێکەڵ بووە، بەڵام خۆشیەکەی ڵەوە دایە ئەو تەرزە مرۆڤانە هەر زوو ئاشکرا دەبن و دەبنە پەندی زەمانە، چونکە ناکرێ مرۆڤ لەیەک کات و ساتدا دوو ڕۆڵی جیاواز لە یەکدی نمایش بکات و تێشیدا سەرکەوتوو بێت، بۆیە دەبێ ئەوانە یەک لایەنی ژیان هەڵبژێرن، چونکە تا سەر ئەو کارە قێزەونەیان بۆ ناچیته‌ سه‌ر.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler