تەمموز 21, 2019

سڵاو لەو ڕۆژانەی کە ژیان تێیدا سادە بوو

هەموو پیاوە بەتەمەن و دنیا دیدەکان بەبۆنە و بێ بۆنە هێما بۆ ئەو كات و ساتانە دەکەن کە دوێنێ واتە زەمانی زوو ژیان لە هەموو ڕوویەکەوە سادە و ساکار بوو بە شێوەیەک خەڵکی تامی لە هەموو شتێک دەکرد، خۆشەویستی و برایەتی لەوپەڕی لووتکە بوو، سیلەی ڕەحم و هامووشۆی خزم و ناسیاو لە ئاستێکی زۆر باش بوو، تەبایی و پێکەوە ژیان و یەکتر قبوڵ کردن لە ئەندازە بەدەر بوو، مرۆڤ لە هەموو لە هەموو شتێکی سەر ڕووی ئەو زەمینە نرخ و بەهای زیاتر بوو، چونکە جاران ئەگەر کەسێک کۆچی دوایی بکردایە ئەوا بچووکترین وەفا تا ماوەیەکی زۆر خەڵک ئاخی بۆ هەڵدەکێشا و تا مانگێک بگرە زیاتریش تەلەفزیۆنی ماڵەکەی پێ نەدەکرد بە شێوەیەک گەورە و بچووک تازیەباری خۆیان ڕادەگەیاند، ڕێک بە پێچەوانەی ئێستا ئەوەی نرخ و بەهای نەبێ مرۆڤە، بۆیە دەبینین ڕۆژانە خەڵکی لەسەر شتی زۆر بچووک دەستی دەچێتە خوێنی برا و هاونیشتمانیەکەی و بەڕۆژی ڕووناک بە چەند گوولەیەک ساردی دەکاتەوە و ژیانی لێ دەستێنێ و وەک بەرزەکی بانانیش بۆی دەردەچێ هەتا ڕێز لە یاسا و ڕێساکانیش ناگرێ کە بۆ سەلامەتی هەموو لایەک دانراوە، جاران هامووشۆ و بەجێگەیاندنی سیلەی ڕەحم هێندە بەرز بوو خەڵکی لە هەموو ئاستێکی ژیان و گوزەران یەکتریان بەسەر دەکردەوە و ئاگایان لەیەکتر بوو، کەچی ئێستا خەڵکی لە بۆنە و موناسەباتەکانیش ئاگایان لەیەکتر بوو، کەچی ئێستا خەڵکی لە بۆنە و موناسەباتەکانیش ئاگایان لە یەکتر نەماوە لە کاتێکدا شۆرشی تەکنەلۆژیا لە لووتکەدایە، هەتا ئەگەر نەتوانی لە کەسێکی نزیکی خۆت بپرسی خۆ دەتوانی بە تەلەفۆنێک یان کوورتە نامەیەک هەواڵ و دەنگوباسی کەسە هەرە نزیکەکەت بزانی، مەسەلەی برایەتی و پێکەوە ژیانیش لە جاراندا هیچ قسەیەکی لەسەر ناکرێ بە شێوەیەک مرۆڤ تا ئەندازەیەکی زۆر یەکتریان خۆش دەویست بە شێوەیەک ئامادەبوون ماڵی خۆیان لەگەڵ بەرامبەرەکەیان بکەنە نیوە، کەچی ئێستا کەس لەگەڵ کەس هەڵناکات و بەبێ هۆکار بەربوونە گیانی یەکتر و بوونە دوژمنی برا کووشتەی یەکدی تەنانەت ئەندامانی یەک خێزانیش لە ئەمڕۆدا هەمیشە پرتە و بۆڵەیانە و دەستیان ناوەتە بینا قاقای یەکتر وەک ئەوەی میراتی ماڵی باوکیان دابەش بکەن، بەڵێ باب و باپیرانمان دەگێڕنەوە و دەڵێن جاران لە حەسارێکی گەورەدا پتر لە 10-12 ماڵ دەژیان بە هەر هەموویان یەک حەمام و یەک ئاودەستیان هەبوو کەچی زۆر بە تەبایی دەژیان و ڕۆژێک دڵیان لە یەکدی نەدەهێشا و لە هەمووشی بەرچاوتر خەڵکی متمانەیان بەیەکدی بوو تا ئەو ڕادەیەی ماڵ و‌ منداڵیان بەتەمای یەک بەجێ دەهێشت، هەروەها ماڵە دراوسێ یەک لووقمە نانیان بێ ەکتر نەدەخوارد دەیانگووت نەبادا بۆنی خواردنەکەیان بۆ چووبێ کەچی ئەمڕۆ هیچ لەوانە هەر ئاسەواریشی نەماوە بگرە دەر و جیرانی ئەمڕۆ هەردەم شەڕ و ئاژەوەیانە لەسەر منداڵ و جۆگە و پاشماوەی پیسایی و زۆر شتی دیکە، ئەوا مەسەلەی کۆمەک کردن و بار و بۆ هەر نەماوە و کەس زگی بەکەس ناسووتێ و هەموو دەڵێن با من هەمبێ خەڵکیش کەیفی خۆیەتی، دواشت دەمەوێ تیشکی بخەمە سەر ئەویش نەمانی ڕێزە لە نێوان گەورە و بچووکدا، ئەوانە و زۆر دیاردە و حاڵەتی دیکە، بۆیە هەقی خۆمانە بڵێین هەزار سڵاو لەو ڕۆژانەی کە ژیان تێیدا سادە بوو.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler