تەمموز 21, 2019

حاجی دێلۆیی مرۆڤێك به‌ به‌رزی ژیا و به‌ مه‌زنی ماڵئاوایی كرد

شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول گه‌وره‌ترین شۆڕشی كوردستان بوو كه‌ به‌ رێبه‌رایه‌تیی باوكی رۆحی نه‌ته‌وه‌یی كورد مسته‌فا بارزانیی نه‌مر له‌ یازده‌ی ئه‌یلولی ساڵی هه‌زار و نۆسه‌د و شه‌ست و یه‌ك هه‌ڵگیرسا و بوو به‌ شۆڕشی گه‌وره‌ی سه‌رتاسه‌ری له‌ بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستاندا . شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول شۆڕشێك بوو هه‌موو چین و تویژه‌كانی كوردستان تێیدا به‌شدار بوون و بۆ به‌دیهێنانی ماف و ئامانجه‌ ره‌واكانی گه‌لی كوردستان تێده‌كۆشان و گیان و ماڵی خۆیان له‌و پێناوه‌دا كرده‌ قوربانی و داری ئازادییان به‌ خوێن و گیانی خۆیان ئاو دا . له‌ میانی به‌رده‌وامیی ئه‌و شۆڕشه‌دا گه‌نجێگ هاوشێوه‌ی گه‌نجه‌ خۆنه‌ویسته‌كانی دیكه‌ی شۆڕش ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ و له‌ ته‌مه‌نی لاویدا ده‌ست به‌ خه‌بات ده‌كات ، خه‌باتێك كه‌ هه‌موو قۆناغ و كایه‌كانی پێشمه‌رگایه‌تی و كاری سیاسی له‌ شۆڕشی ئه‌یلول و دواتریش له‌ شۆڕشی گوڵان و رێكخسته‌كانی كاری پارتایه‌تی و دواتریش له‌ راپه‌ریندا ده‌بینێت و وه‌كو ئه‌ستێره‌كی دره‌وشاوه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری پشده‌ره‌وه‌ ناو و ناوبانگی ده‌گاته‌ هه‌موو كوردستان . ئه‌و كه‌ڵه‌ پێشمه‌رگه‌ و كادیره‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌ حاجی خدر بایز ناسراو به‌ مه‌لا حاجی دیلۆییه‌ كه‌ سه‌رراستانه‌ و ماندوو نه‌ناسانه‌ هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی لاوییه‌وه‌ تا كۆچی دوایی، له‌ پێناو به‌دیهێنانی مافه‌ ڕه‌واكانی كوردستان خه‌بات ده‌كات.
به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی كۆچی دوایی حاجی دێلۆیی لقی 11ی پارتی دیموكراتی كوردستان رێوره‌سمێكی شایسته‌یان به‌ شداری به‌رپرسانی ئیداری و سیاسی و هه‌ڤاڵ و هاوسه‌نگه‌رانی سازكرد و تاجه‌گولینه‌ی رێز و وه‌فایان له‌ سه‌ر گلكۆی خوالێخۆشبوو دانا. ژیاننامه‌ی مه‌لاحاجی دێلۆیی حاجی خدر بایز ناسراو به‌ حاجی دێلۆیی له‌ ساڵی 1953 له‌ گوندی دێلۆی سه‌ر به‌ قه‌زای پشده‌ر هاتۆته‌ دونیا. له‌ سه‌رتای ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌رده‌ی رابردوو ده‌ستی به‌ خوێندنی ئایینی كردووه‌ و تا ساڵی 1968 به‌رده‌وام بووه‌ و پڵه‌ی موسته‌عیدی به‌ده‌ست هێناوه‌.
له‌ ساڵی 1968 له‌ سنووری هێزی كاوه‌ په‌یوه‌ندی به‌ شۆرشی ئه‌یلول كردووه‌ و بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ لقی مام ته‌های خۆشناو. له‌ ساڵی 1970 له‌ فه‌وجی 12ی پاسه‌وانی سنوور (حرس حدود) بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ و پله‌ی ئامر فه‌سیلی پێدراوه‌، كه‌ ئه‌و كات باره‌گای فه‌وجی 12 له‌ گوندی چۆمخڕكه‌ی نزیك قه‌ڵادزی بووه و تا ساڵی 1974 به‌رده‌وام بووه‌‌. له‌ ساڵی 1974 له‌ لایه‌ن هێزی كاوه‌ نێردراوه‌ بۆ ده‌وره‌ی تۆپخانه‌ی شۆرش (مدفعی) و دواتر كراوه‌ به‌ به‌رپرسی تۆپخانه‌، كه‌ ئه‌و كات باره‌گایه‌كی له‌ گوندی ده‌رگه‌ڵه‌ بووه‌ و تا ساڵی 1975 به‌رده‌وام بووه و به‌شداری له‌ شه‌ره‌كانی كه‌پكی حه‌مه‌ئاغا و سه‌فین و زه‌ردك كردووه‌.له‌ دوای نسكۆی شۆرش له‌ ساڵی 1975 له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هه‌ڤاڵانی ئاواره‌ی ئیران بووه‌ و دوای دابه‌شكردنی ئاواره‌كان له‌ لایه‌ن رژێمی ئه‌وسای ئیرانه‌وه، له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی‌ له‌ شاری ئه‌هواز نیشته‌جێ ده‌بێت. له‌ ساڵی 1979 و دوای دیداری له‌گه‌ڵ ئیدریس بارزانی بڕیاری گه‌رانه‌وه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌دات و سه‌رتا له‌ گوندێكی نزیك مهاباد و دواتر له‌ شاری نه‌غه‌ده‌ جێگیر ده‌بێت. هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵدا(1979) دوای كۆنگره‌ی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یوه‌ندی به‌ شۆرشه‌وه‌ كرده‌وه‌ و له‌ سنووری هێزی حسۆ میرخان ژاژۆكی بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ و پله‌ی ئامر به‌تالیۆنی پێدرا.
له‌ ساڵی 1982 كرا به‌ به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی قه‌ڵادزێ، كه‌ ئه‌وكات سه‌ر به‌ لقی 2 ی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو و تا ساڵی 1984 به‌رده‌وام بوو و به‌شداری له‌ شه‌ره‌كانی حاجی ئۆمه‌ران و كه‌پكی حه‌مه‌ئاغا و سه‌فین كردووه‌. له‌ ساڵی 1984 كرا به‌ ئه‌ندامی قاتعی 4 و به‌ به‌رپرسی رێكخستنی قاتع له‌ ئالوه‌تان ده‌ستنیشانكرا. له‌ ساڵی 1985 كرا به‌ به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی خه‌بات و باره‌گای ناوچه‌كه‌ له‌ شاری نه‌غه‌ده‌ بوو. له‌ ساڵی 1986 هه‌ردوو ناوچه‌ی خه‌بات له‌ نه‌غه‌ده‌ و ناوچه‌ی ئازادی له‌ زێوه‌ ده‌مج كران و حاجی دێلۆیی كرابه‌ به‌رپرسی ناوچه‌ی ئازادی كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ ئۆردوگای‌ زێوه‌ بوو. له‌ ساڵی 1987 نقلی لقی 4ی پارتی كرا و كرا به‌ كارگێری لقی 4ی پارتی و به‌رپرسی دارایی و تا ساڵی 1989 به‌رده‌وام بوو و به‌شداری له‌ شه‌ڕه‌كانی قه‌ره‌د‌اخ و گه‌رمیان كردووه‌.
له‌ ساڵی 1989 كرا به‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاماده‌كاری كونگره‌ی 10 یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌ ئه‌وكات نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ بوو و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ پێك هاتبوون له‌ عه‌بدولعه‌زیز ته‌یب و حاجی دێلۆیی و قادر قادر و مه‌حمود محه‌مه‌د و ته‌مه‌ڕ كۆچه‌ر. له‌ دوای كۆنگره‌ی 10 ی پارتی له‌ ساڵی 1989 كرا به‌ به‌رپرسی ئیداره‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌ندامی به‌شی رێكخستنی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی. له‌ راپه‌رینی ئاداری ساڵی 1991دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك‌ حه‌مید ئه‌فه‌ندی وه‌ك به‌رپرسی میحوه‌ری 9ی پارتی دیاریكرابوو و دواتر به‌ بڕیار‌ی مه‌كته‌بی سیاسی نقل كرا، حاجی دێلۆیی له‌ لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسی پارتی كرا به‌ به‌رپرسی میحوه‌ری 9 ی پارتی .
له‌ ساڵی 2001 بوو به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ناوه‌ندی رێكخستن و درێژه‌ی به‌ كاره‌كانی ده‌دا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی دووساڵی رابردوو دووچاری نه‌خۆشیه‌كی كوشنده‌ بوو و به‌ هۆی سه‌ختی نه‌خۆشیه‌كه‌وه‌ له‌ 20/6/2018 له‌ شارۆچكه‌ی سه‌لاحه‌ددین كۆچی دوایی كرد و له‌ زێدی خۆی له‌ گوندی دێلۆی سه‌ر به‌ قه‌زای پشده‌ر به‌خاكسپێردرا.

© 2017 Hawler