تشرینی یەکەم 17, 2019

بووە دووەمین یاریزانی كورد پەیوەندی بە خولی قەتەری دەكات

یاریزانی پێشووی یانەكانی هەولێر و زاخۆ (میران خەسرۆ) بەفەرمی پەیوەندی بە یانەی شیمالی قەتەرییەوە كرد، گرێبەستی ناوەڕاستكارەكەی پێشووی یانەی زاخۆ بۆ ماوەی 6 مانگ دەبێت، دەربارەی چوونیشی بۆ ئەو یانە قەتەرییە (میران) قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر كرد، و بە گوتەی خۆیشی ئەو بیری لە بڕی پارەی گرێبەست و ماوەكەی نەكردۆتەوە، ئەوەی لای ئەو گرنگە ئەوەیە كە لە ڕێگەی چوونی بۆ خولی قەتەری زۆر دەرگەی بەڕوودا دەكرێتەوە و ئەزموونێكی گرنگ دەبێت بۆ داهاتووی یاری كردن و كاروانی وەرزشی خۆی.

ماوەی گرێبەستەكەی چەندە؟
لە دەسپێكدا (میران خەسرۆ) گوتی: "دوای ئەوەی ئەو یانەی شیمالی قەتەری لەسەر داوای ڕاهێنەرەكەیان كە ڕەگەزنامەی ئیتاڵی هەیە، داوای یاریزانێكی هێڵی ناوەڕاستی كردبوو، بەڕێوەبەری كارەكانم سیڤی منی پێشكەش كرد بوو، دوای سەیركردنیشی ئاستی منی بەدڵ بوو، ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی كە بەفەرمی داوای من بكەن، دواتر دەستم كرد بە كارەكانم و هەموو بەشێوەیەكی باش بەڕێوە چوو، دواین قۆناخیش كە پشكنینی پزیشكی بوو، ئەوەیشم بەسەركەوتووی ئەنجامدا و بەفەرمی گرێبەستەكەم واژوو كرد

".
دەربارەی ماوەی گرێبەستەكەیشی گوتی: "من لە قۆناخی دووەمەوە لەگەڵ ئەو یانەیە دەست بە یاریكردن دەكەم، كە لە ئێستادا لە پلەی دووەمدان و ماوەی 6 مانگە گرێبەستەكەم، بەڵام من بیرم لە هیچ نەكردۆتەوە بڕی پارەی گرێبەستەكەیش لەچاو خولی عێڕاقەوە زۆر باشە، ئەوەی بۆ من گرنگە دەرگەیەك بەڕوومدا دەكرێتەوە و دەتوانم خۆم بسەلمێنم و گرێبەستی گەورەتر واژوو بكەم".

چوونم بۆ خولی قەتەری هۆكارێك دەبێت بۆ گەڕانەوەم بۆ هەڵبژاردەی عێڕاق
خەسرۆ زیاتر سەرنجی خستە ڕوو گوتی: "چوونم بۆ خولی قەتەری هۆكارێك دەبێت بۆ ئەوەی لە ڕیزی هەڵبژاردەی عێڕاق بانگهێشت بكرێم، ئەگەر لە ڕابردوویش بەهۆی ئەوەی ئێمە كوردین بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێڕاق نەكرا بین، لەمەو دوا ڕاهێنەر ناچار دەبێت بانگهێشتم بكات، هێمای بۆ ئەوەیش كرد كە بەڕێوەبەری كارەكانی كەسێكی عەرەبە و ناوی (ئیبراهیم ناسڕی) ـیە و هەموو ڕێكارە یاساییەكانی من ئەو دەیكات، لێرەوە سوپاسی دەكەم، وە سوپاسی (ڕێبین ڕەمزی) بەرپرسی ڕاگەیاندنی یانەی هەولێریش دەكەم كە یارمەتیەكی زۆری دام و زۆر ڕێگەی یاسای پیشاندام و كە سوودی زۆرم لێبینی لە گرێبەستەكەم

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر
.

© 2017 Hawler