نیسان 01, 2020

كۆرتوا: ئاستی ریاڵ لە چێڵسی باشترە و یاریگەكەیشی گەورەترە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

یەكەم یاریی ریاڵ مەدرید لە مۆندیالی یانەكان دیاری كرا
تیروپشكی یارییەكانی مۆندیالی 2018ـی یانەكان ئاشكرا كرا و یانەی ریاڵ مەدرید بۆ سێیەمجاری لەسەریەك بەشداری دەكات، دوای ئەوەی توانی پارێزگاری لە ناسناوی چامپیۆنس لیگ بكات.
یانەی ریاڵ مەدرید، رووبەرووی براوەی یاریی نێوان گوادالاخارای مەكسیكی و پاڵەوانی داهاتووی ئاسیا دەبێتەوە، ئەوەیش لە نیوەی كۆتایی پاڵەوانیەتییەكە دەبێت.
ریاڵ مەدرید، دەیەوێ بۆ سێیەمجاری لەسەریەك ناسناوەكە بباتەوە، پێشتریش بووبووە تاكە یانە كە دوو جار لەسەریەك ناسناوەكەی بردووەتەوە. لە بارێكدا ئەم ناسناوەیش بباتەوە، دەبێتە تاكە یانە كە چوار جار ناسناوەكەی بردبێتەوە و بەسەر بەرشلۆنەی خاوەن سێ ناسناودا سەردەكەوێت.

كۆرتوا: ئاستی ریاڵ لە چێڵسی باشترە و یاریگەكەیشی گەورەترە
تیبۆر كۆتوای گۆڵپارێزی بەلژیكیی یانەی ریاڵ مەدرید، هێرشی كردە سەر یانەكەی پێشووی "چێڵسی".
تیبۆ بۆ مێدیای نیوزبلادی بەلژیكی لێدوانی داوە، كە زۆربەی مێدیا ئینگلیزییەكانیش گواستوویانەتەوە، تێیدا باسی ئەوە دەكات ئاستی یانەی ڕیاڵ مەدرید لە چێڵسی باشترە.
ئەو گۆڵپارێزە 26 ساڵانە، دەڵێ: هەر لە مەشقەكانەوە دەبینیت كە ئاستی ریاڵ مەدرید لە چێڵسی باشترە، ئاستی ریاڵ مەدرید لە ئاستی چێڵسی باڵاترە. تەنانەت یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە یاریگەی ستامفۆرد بریدج گەورەترە، بۆیە لێرە هەستێكی جیاوازترت دەبێ، هەر سەیری پێشەوە بكەی، دیوارێك لە هاندەران دەبینیت،
بۆ بیرهێنانەوە، كۆرتوا لە 2011 لە یانەی چێڵسی وەك گۆڵپارێز دەستبەكار بوو، بەڵام لە وەرزی 2014/2015 بە كردارەكی بەشداری كرد، چونكە بە شێوەی خواستن درابوو بە ئەتلەتیكۆ مەدرید، لەبەر ئاستبەرزی لەو یانەیە، مۆرینهۆی راهێنەری پێشووتری چێڵسی، ناچار بوو بیگەڕێنێتەوە یانەكەی و دوو ناسناوی خولی ئینگلتەرا و جامێكی پیشەگەران و جامی ئینگلتەرای لەگەڵ چێڵسی بردەوە.

دێمبڵی دەیەوێت هاوشێوەی نێیمار بچێتە پاریس سانت جێرمان
بە پێی راپۆرتە مێدیاییەكان، عوسمان دێمبڵی، یاریزانی فەرەنسیی یانەی بەرشلۆنە، دەیەوێ وەك نێیمار رێی پاریس سانت جێرمان بگرێتە بەر.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیك لە یانەی بەرشلۆنە، بڵاوی كردووەتەوە، ئەو كاتەی لە 10ـی یۆلیۆی رابردوو ئیریك ئەبیدالی سكرتێری هونەری بەرشلۆنە و پێپ سێجورای بەڕیوەبەری گشتی چوونە پاریس، ئەوەیان راگەیاندبوو دەیانەوێ بۆند لەگەڵ ئەدریان رابیۆدا واژۆ بكەنن هاوكات ئەنتیرۆ هێنریك، بەڕێوەبەری وەرزشیی پاریس سانت جێرمان، ئەوەی راگەیاندووە كە یانەكەیان دەیەوێ یاریزانێك لە بەرشلۆنە ببات، بەڵام ناوی یاریزانەكەیان ئاشكرا نەكردووە، بەڵام مەتەڵەكە زۆر لێڵ نییە و مەبەست عوسمان دێمبڵییە، چونكە پێشتریش بریكارەكانی باسی وەها پێشهاتێكیان كردبوو، بە تایبەتی ئەو كاتەی بەرشلۆە بۆندی لەگەڵ مالكۆم دی ئۆلیڤێرادا واژۆ كردبوو.

یانەی بەرشلۆنە دەیەوێ بۆندێك یەكلا بكاتەوە
راپۆرتە مێدیاییەكان، ئاشكرایان كردووە، كە یانەی بەرشلۆنە دەكۆشێت بۆ یەكلاكردنەوەی بۆندێكی تازە، تا ریزەكانی پێ بەهێزتر بكات.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیك لە یانە كاتەلۆنییەكە، بڵاوی كردووەتەوە، كە سەرچاوەی جێمتمانە لەنێو یانەی بەرشلۆنەوە ئەو هەواڵەی پێ داون، كە یانەكە هەوڵ دەدات بۆند لەگەڵ فرانك دی یۆنگی هۆڵەندی واژۆ بكات، كە ئێستە لە ریزەكانی یانەی ئەیاكس ئەمسترادمی هۆڵەندی یاری دەكات.

مێدیاكە، ئەوەی روون كردووەتەوە، كە دی یۆنگ، بە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی بەرشلۆنە دادەنرێ و دەیەوێ لە نزیكترین ماوەدا بیباتە ریزەكانییەوە

 

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler