تەمموز 03, 2020

ڤاڵڤێردی پەسنی عوسمان دێمبڵی دەدات

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

بارتۆمیۆ دەروازەی لەبەردەم پۆگبا واڵا كرد
خۆزێ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆكی یانەی بەرشلۆنە، ڕەتی كردەوە لە بارەی ئەو هەواڵەی كە گوایە پۆگبا دەچێتە بەرشلۆنە گفتوگۆ بكات، بەڵام ئەوەیشی خستە روو كە تا كۆتایی دەروازەی یانەكەیان لەبەردەم هەموو شتێكدا واڵایە.
مێدیا ئینگلیزی و ئیسپانییەكان، چەند رۆژێكە باسی ئەوە دەكەن كە پۆڵ پۆگبا دەچێتە بەرشلۆنە، ئەوەیش بە هۆی بوونی ناكۆكی لەگەڵ خۆزێ مۆرینهۆ، لەو رووەوە بارتۆمیۆ، وتی؛ ئێمە لە بارەی ناوەكانەوە نادوێین، 20 رۆژمان لەبەردەمدایە، ئەوەی روو بدات لەو ماوەیەدا دەیبینین، هێشتە كاتی تەواومان لەبەردەمدایە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا.
وەرزی رابردوو، پۆگبا لەگەڵ مۆرینهۆ بەریەك كەوتن، لەو كاتەوە دەنگۆی نەمانی لە یانەكە لە ئارادایە، بەم دواییەیش ئەو كێشەیە تازە بووەوە، دوای لێدوانێكی پۆگبا، لە دوای یارییان بەرانبەر لیستەر سیتی، كە وتی؛ یاریزانێك هەست بە ئاسوودەیی دەكا، كە لەو تیپەی یاریی بۆ دەكات، پشوو و دەروونئارامی هەبێ، ئەو بارە نەبێ، هیچ كات ئاسوودە نابیت، ئەو كاتەی پێوەندیی باشت لەگەڵ هەمووان هەبێ، هەست بە متمانە دەكەیت و هەموو شتێك بە رێی خۆیدا دەڕوات، هیچی تر ناڵێم، چونكە ئەگەر هەندێ شتی تر بڵێم، تووشی سزا دەبم. ئەو لێدوانەی پۆگبا، بەردەوامیی كێشەكەی دەرخست، بۆیە ئێستە ئەگەری چوونی بۆ بەرشلۆنە، زیاتر دەبێ.
هاوكات مێدیاكان وای لێك دەدەنەوە، ئەو پەیامەی پۆگبا، بۆ ئەوەیە یانەكەی هاوكاری و پاڵپشتیی زیاتری بكەن.

نیكۆ كۆڤاچ، لە بارەی لیڤاندۆڤسكییەوە دەدوێت
راهێنەری كرواتی یانەی بایرن میونشن نیكۆ كۆڤاچ، پەسنی یاریزانی یانەكەی "رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی"ـی دا، دوای تۆماركردنی سێینە گۆڵ لە جامی سوپەری ئەڵمانیا، بەرانبەر ئینتراخت فرانكفۆرت، كە یارییەكەیان 5-0 بردەوە و جامەكە بووە بەشیان.
دوای یارییەكە، راهێنەر، وتی؛ پێویستمان بە دووان لەسەر لیڤاندۆڤسكی نییە، ئەو یاریزانێكی باشە و هێرشبەرێكی كەموێنەیە، خۆی سەلماندووە.
وتیشی؛ دەبێ سوپاسی یۆب هاینكس بكەین، ئەگەر ناسناوی وەرزی رابردووی نەبردباوە، ئێمە لێرە نەدەبووین.

ڤاڵڤێردی پەسنی عوسمان دێمبڵی دەدات
دوای ئەوەی گۆڵی سەركەوتنی یانەی بەرشلۆنەی بەسەر یانەی سڤیلیە لە جامی سوپەری ئیسپانیا تۆمار كرد، عوسمان دێمبلی لەلایەن راهێنەری یانەكەیەوە، ستاییش كرا.
ڤاڵڤێردی، وتی؛ دێمبلی بەشداری كرد و گۆڵی یەكلاكەرەوەی كرد، ئەوەی كردی جێی دڵخۆشییە، ئەو لە هەموو یارییەكدا ئاستی بەرزتر دەبێتەوە، نازانم پێویستی بەم جۆرە یارییانەیە بۆ دەركەوتن یان نا، پێویستە ئەو وەڵامی ئەمە بداتەوە. پێشبینیی گەورەمان بۆ داهاتووی ئەو هەیە، توانایەكی بەرزی هەیە.
بۆ زانین، ئەو گوتانەی ڤاڵڤێردی، لە كاتێكدایە كە دەنگۆی چوونی عوسمان بۆ یانەكانی ئارسناڵ و مانچستەر سیتی لە ئارادایە.

هۆكارێكی سەیر لە پشت چوونی رۆناڵدۆوە هەبوو بۆ ریاڵ مەدرید
سایتی مێن بڵاوی كردووەتەوە، كە تاڵانكردنی ماڵی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەلایەن هاندەرانی یانەی مانچستەر یونایتدەوە، لەو كاتەی لە یانەكەدا بووە، یەكێك لە هۆكارەكانی جێهێشتنی ئەهریمەنە سوورەكان بووە، هاوكات پێشهاتی یاریی نێوان ئینگلتەرا و پورتوگالیش لە مۆندیالی 2006ـی ئەڵمانیا، هۆیەكی تری پێكبەستراو بوو بۆ وازهێنانی بووە لە مان یوو.
لە یاریی نێوان پورتوگال و ئینگلتەرادا، رۆناڵدۆ بووە هۆی ئەوەی كارتی سوور بە واین روونی بدرێت، ئەوە هاندەرانی یانەی مانچستەر یونایتدی لە رۆناڵدۆ تووڕە كرد، هەر بەو هۆیەوە دواتر ماڵەكەیان تاڵان كرد، كاتێك رۆناڵدۆ گەڕایەوە ماڵەوە و ئەو پێشهاتەی بینی، بیری لە رۆییشتن بۆ ریاڵ مەدرید كردەوە، بۆیە لە 2009 پێوەندی بە یانەی ریاڵ مەدریدەوە كرد و لە ماوەی مانەوەی لەو یانەیەدا، بووە خاوەن دەستكەوت و ناسناوی زۆر، دوای نۆ ساڵ مانەوە لەو یانەیە، لە 2018 پێوەندیی بە یانەی یوڤێنتوسەوە كرد

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر
.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 14 ئاب 2018 11:01
© 2017 Hawler