نیسان 01, 2020

هه‌ولێر و دهۆك له‌ كه‌ركووك و سلێمانیان برده‌وه‌

به‌ به‌شداری چوار هه‌ڵبژارده‌ له‌ شارۆچكه‌ی شه‌قڵاوه‌ پاڵه‌وانیه‌تی هه‌ڵبژارده‌ی تازه‌پێگه‌یشتوانی پارێزگاكانی كوردستان ده‌ستی پێكرد، ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تیه‌ بۆ یاریزانانی ئاستی تازه‌پێگه‌یشتوانه‌، كه‌ بۆ ماوه‌ی 4 ڕۆژ یارییه‌كانی به‌شێوه‌ی ده‌رچوون به‌ دوو دۆڕان له‌ شه‌قڵاوه‌و پیرمام به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی پاڵه‌وانیه‌تیه‌كه‌یش هه‌ڵبژارده‌ی پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی پارێزگاكانی كه‌ركووك و سلێمانی.
ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تیه‌ له‌لایه‌ن یه‌كیه‌تی تۆپی پێی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت و هه‌ڵبژاردنی‌ یاریزانان و ستافی ڕاهێنه‌ری تیپه‌كانیش له‌لایه‌ن لقی یه‌كیه‌تی تۆپی پێ هه‌رچوار پارێزگاكه‌وه‌ هه‌ڵبژێردراون.
رێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌ پاڵه‌وانیه‌تی هه‌ڵبژارده‌ی تازەپێگەیشتووانی پارێزگاكانی كوردستان
1-یاریزانانی له‌ دایكبووی 2000 بۆ سه‌ره‌وه‌ له‌ پاڵه‌وانیه‌تی هه‌ڵبژارده‌ی تازه‌پێگه‌یشتووان یاری ده‌كات.
2- پێویسته‌ هه‌موو یاریزانانه‌كان، له‌گه‌ڵ یانه‌كانیان به‌شدارییان له‌ خولی تازه‌پێگه‌یشتووانی كوردستان كردبێت.
3- هیچ یاریزانێك بۆی نییه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی پارێزگاكان یاری بكات، ئه‌گه‌ر ناسنامه‌ی تازه‌پێگه‌یشتووانی یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستانی نه‌بێت.
4- مه‌رجه‌ له‌سه‌ر هه‌ر هه‌ڵبژارده‌یه‌ك، یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ری هه‌بێت.
5- پێویسته‌ ناسنامه‌ی باری شارستانی یاریزانه‌كان له‌ هه‌مان پارێزگا ده‌رچووبێت، كه‌ یاری بۆ ده‌كات.
6- پێویسته‌ (راهێنه‌ر ـ یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر ـ راهێنه‌ری گۆڵپارێزان) كارگێری هیچ یانه‌یه‌ك نه‌بێت.
7- پێویسته‌ (راهێنه‌ر ـ یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر ـ راهێنه‌ری گۆڵپارێزان) بڕوانامه‌ی باوه‌ڕپێكراوی ئاسیایی یان یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستانی هه‌بێت.
8- سه‌رپه‌رشتیاری تیپه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی پارێزگاكان، پێویسته‌ ئه‌ندامی یه‌كێتی تۆپی پێی لقه‌كانی كوردستان بێت.
9- 9- هه‌ر یاریزانێك به‌بێ پاساو، داوای بانگهێشتكردنی له‌ لایه‌ن راهێنه‌ر له‌ هه‌ڵبژارده‌ی شاره‌كه‌ی به‌شداری نه‌كات، سزا ده‌درێت.
10- یارییه‌كان به‌ شێوازی ده‌ركردن به‌ دوو دۆڕان به‌رێوه‌ ده‌چێت.
11- ماوه‌ی یارییه‌كان (80) خوله‌ك ده‌بێت و به‌سه‌ر دوو گێم دابه‌ش ده‌كرێت.
12- چوار گۆڕانكاری بۆ یاریزانان بۆ هه‌ر یارییه‌ك رێگه‌پێدراوه.
13- ئه‌گه‌ر یاری له‌ كاتی یاسایی به‌ یه‌كسانبوون كۆتایی هات، راسته‌وخۆ په‌نا ده‌برێته‌ به‌ر لێدانه‌كانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی سزا..
14- ژماره‌ی یاریزانان له‌ لیستی ناوی یاریزانان (كشوفات) ده‌بێت (20) یاریزان بێت.
15- مه‌رجه‌ له‌سه‌ر هه‌ر هه‌ڵبژارده‌یه‌ك چاره‌سه‌ركه‌ری پزیشكی له‌گه‌ڵدا بێت.
16- مه‌رجه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژارده‌كان، پێش ده‌ستپێكردنی پاڵه‌وانیه‌تی لیستی ناوی یاریزانان و كۆپی ره‌نگاوره‌نگی ناسنامه‌ی باری شارستانی یاریزانه‌كان، پێشكه‌ش به‌ یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان بكه‌ن.
17- له‌ كاتی یارییدا، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری تیپ بۆی نییه‌ رێنمایی بداته‌ یاریزانه‌كان.
18- یاریزانانی تیپی لاوان بۆیان نییه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی تازه‌پێگه‌یشتووان یاری بكەن.

ئەنجامی یارییەکانی ڕۆژی یه‌كه‌م
هەڵبژاردەی هەولێر 1 هەڵبژاردەی کەرکووک 0
هەڵبژاردەی سلێمانی 2 هەڵبژاردەی دهۆک 3

دوای ئه‌م ئه‌نجامانه‌یش له‌ یارییه‌كانی گه‌ڕی دووه‌م به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بن:
هەڵبژاردەی کەرکووک× هەڵبژاردەی دهۆک كام هه‌ڵبژارده‌ بدۆڕێت ماڵئاوایی ده‌كات و براوه‌یشیان له‌گه‌ڵ دۆڕاوی هەڵبژاردەی هەولێر وهەڵبژاردەی دهۆک یاری ده‌كات و براوه‌ی هه‌ولێر و دهۆكیش ده‌گاته‌ یاری كۆتایی

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر
.

© 2017 Hawler