نیسان 01, 2020

مالدینی واتە بەردەوامبوون لە سەركەوتن، ئەو ئیتاڵیای كۆنی بە ئیتاڵیای نوێ بەستەوە

24ـی ئایاری ساڵی 2009، سانسیرۆ: میلان – ڕۆما. دوایین یاری وەرزی میلان لەسەر یاریگای خۆی، دوایین یاری ئەو بە درێسی میلانەوە، فرانچیسكۆ تۆتی شەش خولەك بۆ كۆتایی یاری، گۆڵێكی لێ كردن و ڕوسونرییەكان 3-2 دۆڕان. كامێراكان دوای فیكەی كۆتایی، خێرا ئەویان پیشاندا كە قژبەندی ڕەشی لێ كردۆتەوە. ڕووخساری ماندوو بوو، بە دوور لە دڵخۆشی جاران، 90 خولەك یاری كردبوو، ئەویش لە تەمەنی 40 ساڵیدا. گروپێك لە میلانییەكان درێسی سپیان لەبەركردووە و بە پیتی ڕەش لەسەریان نوسیووە: "پاوڵۆ" و لە تەنیشتی، دڵێكی سووریان كێشاوەتەوە. ئەو ڕۆژە پاوڵۆ مالدینی دوایین یاری خۆی لە سان سیرۆ ئەنجام دا، دوایین یاری لە ماڵی خۆیدا....

ماڵئاوایی مالدینی
پاوڵۆ ماڵئاوایی لە سان سیرۆ دەكرد، لەبەرچاوی هاندەرانی میلان، تۆتی لەباوەشی گرت، هەندێ هاندەر، دژ بە مالدینی دروشیمان دەدا، هەڵبەت ژمارەیان ئەوەندە نەبوو، بەڵام دەیانتوانی ڕۆژەكەی لێ تاڵتر بكەن. لە لایەكەی دیكەوە، لە پارچەیەكی گەورە نوسرابوو: "سوپاس كاپتن". لە گۆڕەپاندا پاڵەوان بووی، بەڵام ڕێزت لەو كەسانە نەگرت كە دەوڵەمەندیان كردی و لەسەر لافیتەیەكی دیكەش نوسرابوو "ڕێك ئەو بێچارانە هوتافیان بۆ لێدەدای".
هاندەرە توندڕەوە میلانییەكان ئاماژەیان بە نێوانناخۆشی لەگەڵ پاوڵۆ كردبوو. ئەوەیان لەبیر نەكردووە كە لە یاری كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكان، لە ئیستەنبوڵ، یاری براوەی سێ بە سفریان بە لیڤەرپول دۆڕاندبوو و ئەویش جنێوی بە هاندەران دابوو. ئەوەیان لەبیر نەكردبوو كە پاوڵۆ گروپێك لە هاندەرانی بە خیانەتكار ناو بردبوو...

سوپاس پاوڵۆ، كاپتنی گەورە
كامێرا، لە خوارەوە، پاوڵۆی پیشان داوە. هاندەران ئێستەش یاریگایان چۆڵ نەكردووە. هەموو ئەوانەی هوتافی سەركەوتنیان لێدەدا، لەگەڵ ئەوانەی بە دڵ لێی تووڕەبوون. یاریزانەكانی ڕۆماش لەناو یاریگادا ماونەتەوە. ئەوان درێسی بەنوسراوەی "سوپاس پاوڵۆ، كاپتنی گەورە"یان لەبەر كردبوو. تەنانەت هاندەرانی ئینتەر میلانیش بە لافیتەیەك سوپاسی كاپتنیان كردبوو و لەسەریان نوسیبوو: "بۆ بیست ساڵە ڕكابەری ئێمە بووی، بەڵام لە ژیانی تایبەتیدا لە دڵماندای".

زیاتر لە 1000 یاری
پاوڵۆ، بۆ هەموو هاندەران كەسێكی لێهاتوو بوو. لەناو دڵی گەنجانی میلانەوە هاتبوو. لە تەمەنی شازدە ساڵیدا یەكەم یاری بۆ میلان كرد، بەرانبەر بە ئۆدینێزێ، لە ساڵی 1985دا. لە حەڤدە ساڵیدا درێسی ژمارە سێی پۆشی. بۆ نیلسۆن لیدهلم، فابیۆ كاپێلۆ، ئەریگۆ ساچی، ئەلبێرتۆ زاكێرۆنی و كارلۆ ئەنچلۆتی یاری كردووە. یاریزانی تاكیانەیی بووە. بۆ میلان، 901 یاری كردووە كە لە فلۆرانس دەیكات بە 902. هەموو ئەمانە و 126 یاری بۆ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا. پاوڵۆ یەك لەو هەژدە یاریزانانەیە كە زیاتر لە 1000 یاری كردووە. حەفت جار ئسكۆدتۆی بردۆتەوە.
چارەگە سەدەیەك بە لێهاتوویی
چارەگە سەدەیەك یاریكردن پێویستی بە لێهاتووییەكی بەرچاوە و پاوڵۆ لەماوەی چارەگەسەدەیەكدا بەوپەڕی هێزەوە درەوشایەوە. ڕەنگە پائۆلۆ باشترین یاریزانی بەرگریكار نەبووبێت، بەڵام دەستنانە سەر خاڵی لاوازی ئەو یاریزانەش زۆر سەخت و دژوار بووە. ڕاستپێ بووە و سەرەتا لە ڕاستەوە یاری كردووە، بەڵام دواتر بۆ لای چەپ گوازراوەتەوە. كەسێكی هاوسەنگ. سەردەمانێك فێرگسۆن بە ئاماژەكردن بە دوو یاری پێش كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكان بەرانبەر بە بایرن میونشن وتویەتی: "ئەو تاكە یاریزانێكە كە دوای دوو یاری قورس، لە كاتی بەركەوتنەكان، تەنیا جارێكیش بەرنەبوویەوە."

پاوڵۆی زێڕینی بێ تۆپی زێڕین
 پاوڵۆ هیچكات تۆپی زێڕینی نەبردۆتەوە، هەرچەند دوو جاریان یەك لە سێ كەسەكە بووە. ساڵی 1996 كە گۆڤاری ۆولدسوكه‌ر بە پاڵێواروی باشترین یاریزان دەستنیشانی كرد و فرانكۆ بارێسیش وەكوو باشترین بەرگریكاری ئیتاڵیا. ئەفسانە پائۆلۆ بە دڵی ساچی و كاپێلۆ بەرگری دەكرد. ئەو لەگەڵ بارێسی پردێكی دروست كردبوو لە نێوا میلانی كۆن و میلانی نوێدا. میلانی نوێ و میلانی سبەی. ئەو سێ دەیە درەوشایەوە: پاڵەوانێتی ئەورووپا 1989، پاڵەوانی ئەورووپا 1990 و 1994، پاڵەوانی ئەوروپا 2003 و 2007. ئەو لە یەكەم وەزری یاریكردنی بۆ میلان، لەگەڵ جۆلیانۆ ترانئۆ یاری كردووە و لە دوایین وەرزیشی لەگەڵ مەتیۆ دارمیان كە سی و شەش ساڵ جیاوازی تەمەنیان بووە. پاوڵۆ واتە بەردەوامبوون لە سەركەوتن. ئەو ئیتاڵیای كۆنی بە ئیتاڵیای نوێ بەستەوە.

سەركردەیەكی ڕوسونرییەكان، ڕێك وەكوو مالدینی باوكی
میلان ژمارە سێی خۆی لە مۆزەی یانە دانا و ئێستە پاوڵۆ یەك لە سەركردەكانی ڕوسونرییەكانە. جێگەیەك لەپاڵ مالدینی باوكی، خۆزێ ئەلتافینی، نیلس لیدهلم، جیانی ریۆرا، پیرینۆ پێراتی، ژۆرژ ویا، فرانك ڕیكارد، رود گولیت و ماركۆ ڤان باستن و

 

محەمەد شەهدی - هەولێر


© 2017 Hawler