نیسان 01, 2020

یۆرگن کلوپ به‌ڵێنێكی گه‌وره‌ به‌ هانده‌رانی یانه‌ی لیڤه‌رپوول ده‌دات

دوای ئەو دۆڕاندنە سەختەی کە لە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دووچاری هات بەرامبەر بە یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی، یورگن کلوپ، ڕاهێنەری لیڤەرپولی ئینگلیزی بەڵێن بە هاندەرانی یانەکە دەدات کە لیڤەرپوول بە بەهێزییەوە دەگەڕێتەوە.

راهێنەرە ئەڵمانییەکە ڕایگەیاندووە؛ هەوڵ دەدەین ئەو شەوەی کێیڤ له‌بیر هانده‌ران ببه‌ینه‌وه‌، له‌م پێناوه‌یشدا ئامادەکاریمان کردووە بۆ ئەوەی ئەم وەرزە بە بەهێزی بگەڕێینەوە ناو پاڵەوانییەتیەکان و ڕکابەری نازناوەکان بکەین.
هەروەها کلۆپ ئەوەشی نەشاردۆتەوە کە ناخۆشترین دۆڕاندنی لە ژیانی ڕاهێنەرایەتیدا ئەو دۆڕاندنە بوو کە لەسەر دەستی مەدریدییەکان تووشیان هات بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بەگۆڵێک، ده‌شڵێت؛ ئێمە لە هەموو شتێک ماندوو بووین دوای ئەو ئەنجامە، هیچ شتێک لە بەرژەوەندی ئێمە نەبوو، ئەو دۆڕاندنە بۆ ماوەیەکی درێژ لە خەیاڵماندا دەمێنێتەوە و وامان لێ دەکات بە بهێزییەوە دەستپێبکەینەوە.
ئاماژەی بەوه‌ش کردووە کە تەنها یەک ڕێگە ئازارەکانی دۆڕاندنی یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپامان ساڕێژ دەکات ئەوەش ئەوەیە دەستپێبکەینەوە و پێشبڕکێی نازناوەکان بکەین کە بەدڵنیاییەوە هەر ئەوە دەکەین.
جێی ئاماژەیە لە وەرزی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵدا یانەی لیڤەرپوول ١٧٥ملیۆن یۆرۆی خەرجکردووە بۆ کڕینی یاریزانی نوێ و لە نێویشیاندا تەنها بۆ گواستنەوەی گۆڵپارێزی بەڕازیلی ئەلیسۆن لە یانەی ڕۆماوە بڕی ٦٧ملیۆن یۆرۆی بۆ تەرخان کرد و گواستییەوە بۆ یاریگای ئەنفێڵد.
گواستنەوەی گۆڵپارێزە بەڕازیلیەکە لەسەر داوای یۆرگن کلۆپی ڕاهێنەر هات دوای ئەوەی گۆڵپارێزی پێشووی لیڤەرپوول لە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دوو هەڵەی کوشندەی کرد کە بووە هۆی تۆمارکردنی دوو گۆڵ لە یانەکەی و هاندەرانی یانەکەش بەو هۆیەوە ڕەخنەی توندیان لە گۆڵپارێزەکە گرت و داوای دەرکردنیان کرد لە یانەکە و تەنانەت هەندێك لە هاندەران هەڕەشەی کوشتنیان لێکرد و تۆمەتباریان کرد بەوەی کە بە ئەنقەست وای کردووە و گۆڵی لێکراوە.
لە درێژەی قسەکانیدا یۆرگن کلۆپ ئاماژەی بە تواناکانی محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی یانەکەی و یاریزانی هەڵبژاردەی میسر داوە و ئاماژەی بەوەکردووە کە ناوبراو دەتوانێت ئەم وەرزەش درێژە بەو ئاستە بەرزەی بدات کە وەرزی ڕابردوو پێشکەشی کرد و لە توانای دایە ژمارە پێوانەیەکی خۆی بشکێنێت کە وەرزی ڕابردوو لەگەڵ یەکەم تاقیکردنەوەی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە پیشکەشی کرد و توانی لە کۆی ٣٦ یاری ٣٢ گۆڵ تۆمار بکات.
هەروەها کلۆپ هێمای بۆ ئه‌وه‌ش کردووە کە من ناتوانم تەنها چاوم لەسەر محەمەد سەلاح بێت و ئامۆژگارییەکان بەو بدەم کە ٥٤ گۆڵمان بۆ بکات ئەوە ڕاست نییە، بەڵکو ئێمە پێکەوە هەوڵ دەدەین یارمەتی یەکتری بدەین و سەڵاحیش یاریزانیكی زیرەکە، بەڵام نابێت بەردەوام چاومان لە ئەو بێت پێی بڵێین چۆن گٶڵمان بۆ دەکەیت لەوەرزی داهاتوو.
گوتیشی؛ ئەوە شتێکی زۆر باشە کە ئێمە دوو یاریزانی وەک محەمەد سەڵاح و ئەلیسۆنی گٶڵپارێزمان هەیە بەڵام لیڤەرپوول خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانی ئاستبەرزی وەک فێرمینهۆ و شاکیری و نەبی کیتا و کۆمەڵێک یاریزانی ئاستبەرزی تریشە لەم وەرزەدا.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا لیڤەرپوول پارەیەکی زۆری خەرجکردووە و یاریزانی نوێی هێناوەتە ڕیزی یانەکەیەوە ئایا دەتوانێت ڕکابەری مانچستەر سیتی بکات و ڕایبگرێت، کلۆپ وتی: ئێمە بەردەوام ئەو چانسەمان هەیە، بەڵام نازانم لیڤەرپوول دەتوانێت پرێمەرلیگ بەدەستبهێنێت یاخو نا، ئەوە بەندە لەسەر ئەوەی ئێمە چۆن یاری دەکەین و چۆن ئامادەکاریی دەکەین دەجەنگین نەک ئەوەی کە من ئێستا دەیڵێم، ئێمە لە یارییەکاندا یاریدەکەین و هەوڵی خۆمان دەدەین.
وتیشی؛ من ناتوانم بڵێم لە مانچستەر سیتی باشترین، بەڵام ئەگەر یانەی مانچستەر سیتی وەکو وەرزای ڕابردوو یاری بکات ئەوا بێگومان ئامادەباشن.
هەروەها خاڵی جیاوازی نێوان ئێمە و مانچستەر سیتی دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێکی زۆر چونکە ئێمە هەموو یارییەکان نابەینەوە و ئەوە دەگەڕێتەوە هۆکاری یاریکردن و چۆنییەتی خۆئامادەکردن.

© 2017 Hawler