شوبات 19, 2020

پۆل پۆگبا دوا پەیامی بە مانچستەر یونایتید دا

یاریزانی فەڕەنسی و یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی پۆل پۆگبا داوای لە بەرپرسانی یانەکەی کردووە کە ڕێگەی بدەن یاریگای ئۆڵترافۆرد جێبهێڵێت و ڕوو بکاتە یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی.
پێگەی دەیلی مەیلی ئینگلیزی بڵاویکردۆتەوە کە یاریزانە فەرەنسییەکە داوای لە بەرپرسانی یانەی شەیتانە سوورەکان کردووە کە ڕێگەی بدەن ڕیزی یانەکە جێبهێڵێت و ئاسانکاری بۆ بکەن بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆنای ئیسپانییەوە بکات.
پێگەکە بڵاویشی کردۆتەوە کە بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانە فەرەنسییەکە گەشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر مووچەی یاریزانەکە تەنها ئەوە ماوە یانەی مانچستەر یونایتد ڕەزامەندی نیشان بدات لە فرۆشتنی ئەستێرە فەرەنسییەکە.
بە گوێرەی هەواڵەکە لە ئەگەری چوونی پۆل پۆگبا بۆ یانەی بارسێلۆنا هەفتانە بڕی ٣٥٠هەزار یۆرۆ وەردەگرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە دوو ساڵ پێش ئێستا یاریزانە فەرەنسییەکە بە بۆندێکی ٨٩ملیۆن یۆرۆیی لە یانەی یۆڤێنتوسی ئیتاڵییەوە ڕووی کردە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی، بەڵام یاریزانەکە لە ژێر سەرپەرەشتی ڕاهێنەری پرتوگالی خۆزێ مۆرینهۆ ڕازی نییە و دەیەوێت ڕیزی یانەکە جێبهێڵێت.
شایانی ئاماژە بۆ کردنە دوای بەدەستهێنانی مۆندیالی ٢٠١٨ ڕووسیا لە لایەن هەڵبژاردەی فەرەنساوە، پۆل پۆگبا پشووی هاوینەی وەرگرتووە تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە ڕا‌ێنانەکانی یانەکەی کە ئەمەش بەرپرسانی یانە ئینگلیزییەکەی تووڕە کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادە نین دەستبەرداری ناوەڕاستکارە فەرەنسییەکە بن چونکە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان لە ئینگلتەرا کۆتایی پێدێت و هیچ دەرفەتێک نەماوە تاوەکو شیتانە سوورەکان لە ئەگەری فرۆشتنی پۆل پۆگبادا شوێنگرەوەی دیاری بکەن و بیهێننە ڕێزی یانەکەوە.

© 2017 Hawler