شوبات 19, 2020

رۆناڵدۆ داوا لە مارسێلۆ دەكات بچێتە یوڤێنتوس

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

رۆناڵدۆ داوا لە مارسێلۆ دەكات بچێتە یوڤێنتوس
راپۆرتە هەواڵەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە كریستیانۆ رۆناڵدۆی تازەیاریزانی یانەی یوڤێنتوس، داوای لە مارسێلۆی یاریزانی بەڕازیلی و یانەی ریاڵ مەدریدی یانەی پێشووی كردووە، بەرەوی ریزەكانی یانەی بیانكۆری ڕێ بگرێتە بەر.
رۆناڵدۆ لە مانگی رابردوو بە بۆندێكی 105 ملیۆن یۆرۆیی چووە یانەی یوڤی و شایانەی جێ هێشت، كە بە یەكێك لە بۆندە هەرە گەورەكانی تۆپی پێ دادەنرێت.
رۆژنامەی تۆتۆ سپۆرتی ئیتاڵیی نزیك لە یانەی یوڤێنتوس راگەیاندووە، كە رۆناڵدۆ بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ مارسێلۆ گفتوگۆی كردووە و داوای لێ كردووە پێوەندی بە یوڤییەوە بكات و ئامانج و تەماكانی یوڤێنتوسی بۆ وەرزی داهاتوو بۆ روون كردووەتەوە.
یوڤێنتوس تەمای ئەوەیە، گرێی نەبردنەوەی چامپیۆنس لیگ بشكێنێت و وەرزی دابێ بتوانێ بۆ سێیەم جار لە مێژووی خۆیدا ئەو جامە دوو گوێیە ببات.
ئەم هەوڵە كردەنییەی یوڤی، لە كاتێكدایە، لە پێنج ساڵی رابردوودا ئەو یانەیە دوو جار گەییشتووەتە یاریی كۆتایی، بەڵام نەیتوانیوە سەركەوتن بە دەست بهێنێت.
یانەی یوڤی، دەیەوێ ئەلێكس ساندرۆ بە بەهای 40 تا 50 ملیۆن یۆرۆ بفرۆشێتە یانەی پاریس سانت جێرمان و بەو بڕە پارەیە هەوڵی دەستخستنی مارسێلۆ بدات.
بۆ زانین لە خولی ئیتاڵیا، ماوەی گواستنەوەی هاوینە بە تێپەڕینی گەڕی یەكەمی خولەكە كۆتایی دێ، كە 17ـی ئەم مانگەیە.

یانەی چێڵسی، گۆڵپارێزێكی ئیسپانی كرد بە گرانبەهاترینی جیهان
یانەی چێڵسی ئینگلیزی، رایگەیاند كە بۆندی لەگەڵ گۆڵپارێزی ئیسپانیی یانەی ئەتلەتیك بلباو كیبا ئەریزابالاگادا واژۆ كردوە.
یانە ئینگلیزییەكە، بڕی مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی بۆندەكەی داوە، كە 80 ملیۆن یۆرۆیە و ئەو بڕەپارەیە بووەتە قازانج بۆ بلباو.
واژۆكردنی بۆند لەگەڵ ئەو گۆڵپارێزە 23 ساڵانە لەلایەن یانەی چێڵسییەوە، دوای ئەوە دێ كە تیبۆ كۆرتوای بەلژیكی بە تەواوی لە ریزەكانی یانەی ریاڵ مەدرید نزیك بوووەتەوە.
كیبا بەو جۆرە دەبێتە گرانبەهاترین گۆڵپارێزی سەر ڕووی زەوی لە مێژوودا، پێشر گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی بەڕازیل و یانەی رۆما ئەلیسۆن باكێر بە بڕی 72 ملیۆن یۆرۆ پێوەندی بە یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزییەوە كردبوو.

بەرشلۆنە بۆندی لەگەڵ بەهرەوەرێكی سەنیگالیدا واژۆ كرد
یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، بۆندی لەگەڵ یاریزانی سەنیگالی مووسا واجێدا واژۆ كرد، كە لە ریزەكانی یانەی یۆبینی بەلژیكی یاری دەكرد.
یانەی بەرشلۆنە لە رێی سایتی فەرمیی خۆیەوە، ئەوەی دووپات كردووەتەوە، بۆندیان لەگەڵ مووسا واجێی 19 ساڵاندا واژۆ كردووە، بڕی بۆندەكە 5 ملیۆن یۆرۆیە و بۆ 5 ساڵە تا 2023.
سایتەكە ئاماژەی بەوەیش كردووە، كە یانەی بەرشلۆنە 100 ملیۆن یۆرۆی وەك مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی بۆندەكەی دیاری كردووە، بڕیارە ئەو یاریزانە لە وەرزی داهاتوودا بەشداریی یارییەكانی تیمی دووەمی بەرشلۆنە بكات، لە بارێكدا ئەگەر ڤاڵڤێردی پێویستی پێی بوو، دەتوانێ سوود لە تواناكانی وەربگرێ بۆ تیپی یەكەم.

ریاڵ مەدرید چاوەڕوانی گەییشتنی تیبۆ كۆرتوایە
راپۆرتی مێدیا ئینگلیزییەكان، ئەوەیان دووپات كردووەتەوە، كە یانەی ریاڵ مەدرید رۆژی پێنجشەممە (ئەمڕۆ)ـی وەك وادەی گەییشتنی تیبۆ كۆرتوا، گۆڵپارێزی بەلژیكی یانەی چێڵسی بۆ مەدرید دیاری كردووە، تا بۆندی لەگەڵدا واژۆ بكەن.
لەم رۆژانەی دواییدا، لێدوان لەلایەن كۆرتوا و بەرپرسانی یانە چێڵسییەوە دران، لە پێناو یەكلاكردنەوەی چوونی ئەو گۆڵپارێزە بۆ مەدرید و تەواوبوونی خزمەتەكانی لە یانەی چێڵسی.
تۆڕی سكای، بڵاوی كردەوە، كە سەرچاوەی تایبەت دووپاتی كردووەتەوە، ریاڵ مەدرید ئەمڕۆ پێنجشەممە چاوەڕوانی گەییشتنی كۆرتوایە، بۆ ئەوەی بە شێوەی فەرمی بۆندەكەی یەكلا بكەنەوە.
لۆپیتیگی، راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، رەتی كردەوە لەو بارەیەوە هیچ بڵێ و تەنێ گوتی ئەو تەنێ لە بارەی ئەو گۆڵپارێزانەوە دەدوێت كە ئێستە لە تیپەكەدان.
راپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن، تێچووی بۆندی ریاڵ مەدرید لەگەڵ كۆرتوا، نزیكەی 35 ملیۆن یۆرۆیە، ئەوە لە كاتێكدایە كۆتایی وەرزی دادێ بۆندەكەی لەگەڵ یانەی چێڵسی كۆتایی دێت.
بۆ زانین، كۆرتوا خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی مۆندیالی 2018ـی رابردووی وەرگرت، دوای ئەوەی لەگەڵ تیپەكەیدا توانی بگاتە چوارگۆشەی زێڕین و پلەی سێیەم بە دەست بهێنێت.

ئەستێرەیەكی ریاڵ مەدرید لێدوانێكی توند لەسەر رۆناڵدۆ دەدات
دانی سیپایۆس، یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید، لە بارەی رۆییشتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یانەی شایانە، لە دوای یاریی یانەكەی بەرانبەر رۆما لە جامی نێودەوڵەتی پاڵەوانان، كە یانەكەی 2-1 بردییەوە، لێدوانێكی توندی دا.
رۆژنامەی ماركای نزیك لە ریاڵ مەدرید، لێدوانی ئەو یاریزانەی بڵاو كردەوە، كە وتی: تێبینی و هەستمان بە نائامادەیی رۆناڵدۆ نەكرد، چونكە ریاڵ مەدریدی ئێستە گۆڵ دەكات، لەگەڵ هەر یاریزانێكی وەك گاریس بەیڵ، یان بنزیما و یانیش ئەسینسیۆ.
لە كۆتاییدا، وتی: متمانەی راهێنەر كارێكی گرینگە، لۆپیتیگی ئەم متمانەیەی پێ داوم لە ماوەی ئامادەكاریدا، هیوام وایە لە یارییەكاندا بەشداری بكەم

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر
.

© 2017 Hawler