تەمموز 03, 2020

پلانی رایۆلا بۆ گواستنەوەی پۆگبایە بۆ بارسێلۆنا

مینو رایۆلا، پارێزەری پۆل پۆگبا هەوڵی گواستنەوەی ئەو ئەستێرە فەڕەنسییەی مانچستەر یونایتد بۆ بارسیلۆنا دەدات.

دوو ساڵ دوای گواستنەوە گرانبەهاكەی پۆگبا لە یوڤێنتوسەوە بۆ یونایتد بە بڕی 89 ملیۆن پاوەند، ئێستە بارسێلۆنا كڕیاری ئەو ئەستێرەیەیە. پۆگبا دوای جامی جیهانی كە زۆر بە باشی تیادا درەوشایەوە و لە كۆتاییدا جامەكەی بردەوە، رۆژی دووشەممە بۆ مەشق و ڕاهێنانی یانەكەی گەڕایەوە، بەڵام سەرچاوەكانی نزیكی، باس لە هەوڵی جیابوونەوەی دەكەن.

44.6 ملیۆن پاوەند و یەری مینا و ئەندرێ گۆمێز
یونایتد ڕایگەیاندووە، ئەو یاریزانە نافرۆشن و شەیتانە سوورەكان پێشنیازی 44.6 ملیۆن پاوەندی و یەری مینا و ئەندرێ گۆمێزی لەلایەن بارسێلۆناوە ڕەتكردووەتەوە. واپێدەچێ ڕازیكردنی یونایتد بۆ جیابوونەوەی گرانبەهاترین یاریزانی مێژوو زۆر كارێكی دژوار بێت، ئەویش لە كاتێكدا پەنجەرەی گواستنەوەی یاریزانانی ئینگلتەرا بەوزووانە دادەخرێت و هەر ئەوەش وای كردووە ئیشەكە بۆ بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە لەلایەن مشتەرییەكانیەوە زۆر ئەستەم و قورس بێت.

هاومووچە لەگەڵ ئەلێكسیس سانچێز
بەڵام دەنگۆی هەوڵەكانی رایولا بۆ جێهێشتنی پۆگبا لە مان یونایتد گرینگی خۆی هەیە. لەڕاستیدا، دوای ئەوەی پۆگبا نەیتوانی ئاستێكی باشی لە یونایتددا هەبێ، داهاتووی ئەو یاریزانە پارێزەرەكەی نیگەران كردووە. یونایتد ئەوە باش دەزانێ پارێزەرەكەی هەوڵی ڕێككەوتنێك دەدات بە مووچەی هەفتانەی 500 هەزار، (موچەی ئێستەی ئەلێكسیس سانچێز)، بەڵام ئەوە یەكەمجار نییە داهاتووی ئەو ئەستێرە تەمەن 25 ساڵانە لە ئۆڵتدرافۆرد دەكەوێتە شك و گومانەوە.

مۆرینیۆ نێوانی خۆی و پۆگبای شێواند
رایۆلا لە گواستنەوەكەی پۆگبا، 41 ملیۆن پاوەندی دەست كەوت و چەند جارێكیش ئەوەی ڕاگەیاندووە یانە بەناوبانگەكانی جیهان پۆگبایان دەوێ، هەڵبەت بە مان سیتییەوە. پێوەندی مۆرینیۆ و پۆگبایش كە هەر باسی ناكرێ و باس لەوە دەكرێ مۆرینیۆ مەبەستی فرۆشتنی پۆگبا بووە. دوای لێدوانە نەرێنییەكانی مۆرینیۆ لەبارەی پۆگبا لە كاتی جامی جیهانی، ئێستە نێوانیان ئەوەندەی دیكەش شێواوە.
لەڕاستیدا لەجیاتی هەڵدانەوەی پۆگبا، مۆرینیۆ داوای لێ كرد دركی ئەوە بكات كە بۆچی لە رووسیا ئاوا بە باشی یاری كردوە و لە یانەكەیدا بەو باشییە نییە. ئەو لێدوانەی پۆگبا، شێواندی.

ساتەوەختێكی هەستیار بۆ پۆگبا
ئێستە دەنگۆی گفتوگۆ و دانوستانی نێوان رایۆلا و بارسێلۆنا دەكرێ، تەنانەت ئەوەی كە پارێزەری پۆگبا قسەی لەگەڵ یۆنایتدیشدا كردووە. سەرچاوەی نزیك لەو یاریزانە دەڵێن، ئەو دەنگۆیانە ڕاستن، بەڵام بەختی جیابوونەوەی لە یانەی مان یونایتد زۆر كەمە. لەڕاستیدا یانەی بارسێلۆنا دەیەوێ تا داخرانی پەنجەرەی گواستنەوەی یاریزان لە ئیسپانیا، لەسەر ئەو یاریزانە ڕاوەستێ، بەڵكوو بتوانێ هەواڵی گواستنەوەی هاوینە بتەقێنێتەوە.
بە داخرانی پەنجەرەی گواستنەوەی هاوینەی ئینگلتەرا لە بەیانیدا، ئەو گواستنەوەیە ئەوەندەی دیكە دژوار دەبێ و ئەم ساتە وەختانە بۆ پۆگبا، مان یونایتد و تەنانەت بارسێلۆنایش زۆر گرینگە.

 

محەمەد شەهدی- هەولێر

© 2017 Hawler