نیسان 03, 2020

12 یانه‌ له‌ پێناو دوو پلیتی گه‌یشتن به‌ خولی نایاب له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌جه‌نگن

دوای كۆتاییهاتنی پاڵه‌واتنی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كانی عێڕاق، ئه‌مڕۆ یارییه‌كانی قۆناخی كۆتایی ده‌ستپێده‌كات، 12 یانه‌ به‌سه‌ر دوو كۆمه‌ڵه‌دا دابه‌شكراون و به‌شێوه‌ی خول یاری ده‌كه‌ن، كۆمه‌ڵه‌ی ‌یه‌كه‌م یارییه‌كانی له‌ هه‌ولێر و كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌میش یارییه‌كانی له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌كیش یه‌ك یانه‌ ده‌گاته‌ ڕیزی یانه‌ نایابه‌كانی عێڕاق، یانه‌ی هه‌ولێری پاڵه‌وانی 4 وه‌رزی خولی نایابی عێڕاقیش ئه‌مساڵ به‌ پێكهاته‌یه‌كی به‌هێزه‌وه‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ ئاماده‌كاری ده‌كات و له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی یارییه‌كانی ئه‌نجام ده‌دا و گه‌ره‌كیه‌تی جارێكی تر بگه‌ڕێته‌وه‌ خولی نایاب.

ڕاهێنه‌ری هه‌ولێر چی ده‌ڵێت؟
ده‌رباره‌ی ئاماده‌كاری یانه‌ی هه‌ولێریش بۆ قۆناخی كۆتایی خولی پله‌یه‌كی عێڕاق (عه‌لی وه‌هاب)ـی ڕاهێنه‌ری هه‌ولێر به‌م جۆره‌ قسه‌ی بۆ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر كرد وو گووتی"به‌ هاوكاری كارگێڕی یانه‌كه‌ ئاماده‌كاری ته‌واومان كردووه‌ و چاومان له‌وه‌یه‌ بگه‌ڕینه‌وه‌ خولی نایاب، به‌ڵام له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو چه‌ند یاریزانێكمان توشی پێكان بوون، كه‌ ئه‌و هێڵانه‌ی ئه‌وان یاری لێده‌كه‌ن شوێنی گرنگن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ له‌ مه‌شق كردن به‌رده‌وامن و هه‌وڵمان داوه‌ چاره‌سه‌ریان بكه‌ین.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد كه‌ هاتنی یارییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی ئه‌وان بۆ هه‌ولێر كاریگه‌رییه‌كی زۆر باشی ده‌بێت و له‌به‌رده‌م هانده‌رانی خۆیان یاری ده‌كه‌ن، دوایشی له‌ هانده‌رانی هه‌ولێر كرد كه‌ تا دوا سات هانی تیپكه‌ بده‌ن و پاڵپشتی ئه‌وان بن بۆ سه‌رخستنی تیپه‌كه‌ بۆ ڕیزی یانه‌ نایابه‌كان، باسی ئه‌وه‌یشی كرد كه‌ هه‌موو ئه‌و یانانه‌ی گه‌شتی هه‌ولێریان كردووه‌ هه‌مان ئامانجی ئێمه‌یان هه‌یه‌ و ئاماده‌كاری باشیان كردووه‌".

ئه‌زمونی هه‌ولێر كاریگه‌ریی خۆی ده‌بێت
عه‌لی وه‌هاب ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد كه‌ ئه‌وانه‌ به‌ كۆمه‌ڵ یاری ده‌كه‌ن هه‌روه‌ها زۆری ئه‌زمونی هه‌ولێریش له‌ خولی نایابی عێڕاق كاریگه‌ری خۆی ده‌بێت و فاكته‌رێكی به‌هێز ده‌بێت بۆ ئه‌وان، ده‌رباره‌ی یانه‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌یش گووتی" هه‌موویانه‌ یانه‌ی زۆر باشن، پێشتریش ڕاهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی قاسمی كردووه‌ و یاریزانی باشیان هه‌یه‌، له‌ كۆتایشدا گه‌شبینی خۆی نه‌شارده‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان ده‌توانن جارێكی تر بگه‌ڕێنه‌وه‌ خولی نایابی عێڕاق و دڵی هانده‌ران خۆش بكه‌ن.
یارییه‌كان له‌سه‌ر یاریگه‌كانی هه‌ولێر ده‌بن
كۆمه‌ڵه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر یارییه‌كانی له‌سه‌ر یاریگه‌ی شه‌هید فڕانسۆ هه‌ریری و یاریگه‌ی هه‌ندرێن و یاریگه‌یه‌كی تر به‌ڕێوه‌ ده‌چن، یانه‌ی هه‌ولێریش سه‌رجه‌م یارییه‌كانی له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی ئه‌نجام ده‌دات، ئه‌مڕۆیش یارییه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ له‌ كاتژمێر 7:00 به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌درێن.
هه‌ولێر × سلێخ  یاریگه‌ی شه‌هید فڕانسۆ هه‌ریری
قاسم × دیفاع مدنی یاریگه‌ی یانه‌ی هه‌ندرێن
موصڵ× میسان  یاریگه‌ی ئارارات
له‌ خوله‌كه‌دا هه‌ر یانه‌یه‌ك 5 یاری ئه‌نجام ده‌دات و دوای ته‌واو بوونی خوله‌كه‌ كام یانه‌یه‌ زۆرترین خاڵ كۆبكاته‌وه‌ ده‌گاته‌ یارییه‌كانی خولی نایابی عێڕاق، سێ ڕۆژ جارێك یارییه‌كان له‌ یه‌ك كاتدا به‌ڕێوه‌ ده‌چن، ڕۆژی شه‌ممه‌ و سێ شه‌ممه‌ و هه‌ینی داهاتوو سێ گه‌ڕی تر له‌ یارییه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌چن، یانه‌ی هه‌ولێر له‌ دووه‌م یاری خۆیدا ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕوبه‌ڕوی یانه‌ی موصڵ ده‌بێته‌وه‌
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ یانه‌ی برایه‌تیش له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م یاری ده‌كات كه‌ یارییه‌كانی له‌ شاری به‌غدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و له‌ یه‌كه‌م یار خۆیشیدا ڕووبه‌ڕوی یانه‌ی صناعه‌ ده‌كات.

كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م له‌م یانانه‌ی خواره‌وه‌ پێك دێت:
(برایه‌تی، كه‌رخ، سناعه‌، ڕومادی، عفك، كوفه‌) بۆ زانین یانه‌ی هه‌ولێر و كه‌رخ تا دواین قۆناخ هیچ یارییه‌كیان ئه‌نجام نه‌داو ڕاسته‌وخۆ سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌م قۆناخه‌ و یانه‌كانی تریش دوای چه‌ند قۆناخێكی پاڵاواتن گه‌یشتنه‌ یارییه‌كانی قۆناخی كۆتایی و ژماره‌ی یانه‌كان بوونه‌ به‌ 12 یانه‌ و به‌سه‌ر دوو كۆمه‌ڵه‌دا دابه‌ش كران

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر
.

© 2017 Hawler