ئەیلول 20, 2020

خەڵاتی باشترینەكانی فیفا؛ له‌ مانگی داهاتوو له‌ مه‌راسیمێكی گه‌وره‌ له‌ له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت

بۆ دەستنیشانكردنی باشترین یاریزانی ساڵ، فیفا ناوی 10 یاریزانی تۆپی پێی نوخبەی دیاریكردووە، بەڵام پێ دەچێ نیوەیان بەس بۆ پڕكردنەوەێ لیستەكە بن و ڕكابەری بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزان لە نێوان چوار یاریزاندا بێت. لیۆنێل مێسی، كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، محەمەد سەڵاح و لۆكا مۆدریچ.. هەر كام لەو یاریزانانە براوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان بن، دوور لە چاوەڕوانی نییە و ڕەنگە دوای دە ساڵ، ئەمجارە یەكەم ساڵ بێت كە بەختی دوو سوپەرئەستێرەش نەختێ كەمتر بێت، واتە ڕۆناڵدۆ و مێسی.
فیفا بۆ دەستنیشانكردنی باشترین یایزانی ساڵی جیهان، پەنای بۆ ڕاهێنەری ئەو چوار پاڵێوراوە سەرەكییە بردووە و بۆچونەكەشیانی بڵاوكردۆتەوە. فێرناندۆ سانتۆزی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی پورتوگال، ئەرنستۆ ڤالڤۆردێی ڕاهێنەری بارسێلۆنا، یۆرگن كلۆپی ڕاهێنەری لیڤەرپول و زلاتكۆ دالیچی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی كرواتیا.

سانتۆز؛ ڕۆناڵدۆ نوخبەیەكی سوپەرئەستێرەیە
فێرناندۆ سانتۆز ڕاهێنەری هەڵبژاردەی پورتوگال لەبارەی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆوە وتویەتی؛ كریستیانۆ نایابە. یاریزانێكی بێ وێنەیە. تەنیا هۆشی لەسەر شتێكە، بردنەوە، بردنەوە و بردنەوە. تەنیا بۆ بردنەوەش هەوڵ دەدات. بۆ سوپەرئەستێرەبوون لە تۆپی پێدا، بێشك توانا و لێهاتووییش مەرجە، بەڵام بێ هەوڵ و كۆشش كەس براوە نابێت. ئەگەر هۆكارێكیان هەبێت و ئەوەی دیكەیان نەبێ، كەواتە یاریزان نابێتە سوپەرئەستێرە. بەڵام لە ڕاستیدا كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ نوخبەیەكی سوپەر ئەستێرەیە.

ڤالڤۆردێ؛ وشەكان لەئاست مێسی لاوازن
ئەرنستۆ ڤالڤۆردێی ڕاهێنەری یانەی بارسێلۆنا لەبارەی لیونێل مێسییەوە وتویەتی؛ مێسی بە جۆرێك یاری دەكات، كە یاریكردن بۆ مرۆڤ بەئاسانی دێتەبەرچاو، لە كاتێكدا وا نییە. بۆ هەڵدانەوەی ئەو، وشەكان لاوازن، وشەیەكی ئەوتۆ شك نابەم. مێسی یاریزانێكی تەواولێهاتوو و نایابە، كەس نابێتە مێسی. كاتێك تۆپەكەی پێ دەبێ، تەنیا بیر لە ڕووداوێكی خۆش و گرینگ دەكرێ بۆ یانەكەی، واتە یان پاسێكی جوان، یان گۆڵێكی كاریگەر....

كلۆپ؛ بردنەوە ئاوێتەی تواناكانی سەڵاح بووە
یۆرگن كلۆپ ڕاهێنەری لیڤەرپول لەبارەی محەمەد سەڵاحەوە وتویەتی؛ بە بڕوای من محەمەد سەڵاح ڕێگەی باشترینی هەڵبژاردووە، واتە باشترین یاریزانی جیهان. ئەو یاریزانێكی بێ وێنەیە. یاریزانێكی سەركەوتوو، كێ هەیە حەزی لەوە نەبێ محەمەد سەلاح یاری بۆ بكات؟ یاریزانێكە بە ئاسانی بەرگری لەبەرانبەریدا ناكرێ. سەلاح، سەلاحە و بردنەوە ئاوێتەی تواناكانی بووە.

دالیچ؛ ڕێبەرێكی بەتوانای ناو یاریگا
زلاتكۆ دالیچ ڕاهێنەری هەڵبژاردەی كرواتیا لەبارەی لۆكا مۆدریچەوە وتویەتی؛ مۆدریچ لە جامی جیهانیدا جیاوازییەكانی پیشان دا. پیشانی دا باشترین یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی جیهانە. ئێستە ئەو لە باشترین بارودۆخی خۆی دایە و باشترین یاریزانی ئێمەشە. مۆدریچ بزوێنەری پێكهاتەكەمانە، بزوێنەرێك كە ئەگەر ڕۆژی باشی ئەو بێت، دەیبەینەوە و هەڵبەت كاپتنێكی باشیشیە بۆ ئێمە و یاریزانەكان. واتە ڕێبەرێكی بەتوانا لەناو یاریگادا. ئەو بەردەوام بە گیان و دڵ یاری كردووە و قەناعەتی بە سەركەوتنی بچووكەوە نییە. مۆدریچ لە ناو یاریگادا پڕ لە وزەیە و تەنیا بیر لە بردنەوە دەكاتەوە و لە دەرەوەی ناو یاریگاش، كەوسایەتێكی بە تەواو مانایە

 

محەمەد شەهدی - هەولێر .

© 2017 Hawler