ئەم پەڕەیە چاپ بکە

یاریزانێكی ئه‌كادیمیای داڵكورد له‌ ئه‌كادیمیای هه‌ڵبژارده‌ی عێڕاق وه‌رگیرا

محمد دارا یاریزانی ئه‌كادیمیای داڵكورد له‌ ڕیزی ئه‌كادیمیای هه‌ڵبژارده‌ی عێڕاق وه‌رگیرا، ئه‌و كه‌ ته‌مه‌نی 10 ساڵه‌ و ماوه‌ی یه‌ك ساڵه‌ له‌ یانه‌ی ئه‌كادیمیای داڵكورد له‌ شاری هه‌ولێر یاری ده‌كات، محمد له‌ هێڵی به‌رگری یاری ده‌كات و به‌ گوته‌ی ڕاهێنه‌ره‌كه‌ی خاوه‌نی عه‌قڵێكی گه‌وره‌یه‌ و پێیشی وابوو كه‌ ناوبراو چاوه‌ڕێی داهاتوویه‌كی باشی لێده‌كرێت.

ڕاهێنه‌ره‌كه‌ی چۆن باسی ئه‌و یاریزانه‌ ده‌كات؟
ده‌رباره‌ی یاریزان (محمد دارا) و وه‌رگرتنی له‌ ڕێزی ئه‌كادیمیای هه‌ڵبژارده‌ی عێڕاق (شاخه‌وان عارف) ڕاهێنه‌ری ئه‌و یاریزانه‌ له‌ ئه‌كادیمیای داڵكورد ووتی: ماوه‌ی ساڵێكه‌ محمد دارا له‌لای من یاری ده‌كات، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ستم به‌ توانا و لێهاتووی ئه‌و یاریزانه‌ كرد، ئه‌و جیا له‌وه‌ی كه‌ یاریزانێكی لێهاتووه‌ به‌رده‌وام پابه‌نده‌ به‌ سه‌رجه‌م مه‌شق و ڕاهێنانه‌كان و ڕێنماییه‌كان جێ به‌جێ ده‌كات، هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد كه‌ ئه‌و یاریزانای ئه‌كادیمیای داڵكورد خاوه‌نی عه‌قڵێكی گه‌وره‌یه‌ و مامه‌ڵه‌ی هاوشێوه‌ی یاریزانێكی گه‌وره‌یه‌.
به‌ گوته‌ی ئه‌و ڕاهێنه‌ره‌ باوكی یاریزانه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ڕاهێنه‌ری ئه‌كادیمیای هه‌ڵبژارده‌ی عێڕاق یه‌كتریان بینیوه‌ و ئاستی ئه‌و یاریزانه‌ی زۆر به‌ دڵ بووه‌، ئه‌مه‌یش وایكردووه‌ كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ بانگهێشتی ئه‌كادیمیای هه‌ڵبژارده‌ی عێڕاق بكرێت و ئێسته‌ ئه‌و یاریزانه‌ له‌گه‌ڵ باوكی گه‌شتی وڵاتی قه‌ته‌ری كردووه‌ و له‌گه‌ڵ شاندی ئه‌كادیمیای هه‌ڵبژارده‌ی عێڕاق له‌ پاڵه‌وانیه‌تیه‌ك كه‌ له‌و وڵاته‌ بۆ چه‌ند هه‌ڵبژارده‌یه‌ك كراوه‌ته‌وه‌ به‌شداره‌.
عارف ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد كه‌ به‌ پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ ئه‌و هه‌یه‌تی یاریزان محمد دارا له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی وه‌ك یاریزانی هێڵی به‌رگری یاری ده‌كات و ڕاهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌كه‌ پشتی پێ ده‌به‌ستێت.
بۆ زانین ئه‌كادیمیای داڵكورد ماوه‌ی 2 ساڵه‌ له‌ شاری هه‌ولێر دامه‌زراوه‌ و چه‌ند ڕاهێنه‌رێكی شاری هه‌ولێر كه‌ پێشتر یاریزانی یانه‌كانی كوردستان بوون و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆران له‌ بواری ڕاهێنان مه‌شق و ڕاهێنان به‌ یاریزانان ده‌كه‌ن و به‌ گوته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و ئه‌كادیمیایه‌یش چه‌ندین یاریزان لای ئه‌وان مه‌شق ده‌كه‌ن كه‌ چاوه‌ڕێی داهاتوویه‌كی گه‌شیان لێده‌كرێت و یانه‌كان و هه‌ڵبژارده‌كانی كوردستان و عێڕاق ده‌توانن سوود له‌ تواناكانیان وه‌ربگرن

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر
.