شوبات 19, 2020

دۆرتمۆند دوای ڕۆیشتنی یۆرگن كلۆپی ئەفسانە وه‌رزێكی نوێی ده‌ستپێكردووه‌

بەردەوامبوونی ڕاهێنەرێك كە هاندەرانی یانەكە دەیانەوێ بایرن میونشنی هەمیشە پاڵاوان بێنێتەخوار و بگاتە یاری كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا، زۆر قورس و ئەستەمە. تۆماس توخل كە هەموان بە دەسپێكی وەرزێكی نوێی یانەكەیان دەزانی، تەنیا توانی دوو ساڵ لەو یانەیەدا بمێنێتەوە. پیتەر بواشی هۆڵەندی و پیتەر ئستاگر، هەر دووكیان تەنیا 24 یاری لەسەر كورسییە گەرمەكەدا مانەوە.
دۆرتمۆند لە وەرزی ڕابردوودا و لە حەفت یاریدا، شەش سەركەوتن و یەكسانێكی دەستەبەركرد و دواتر لەناكاو داڕما و لە هەشت یاریدا، پێنجیانی دۆراند و سێشیان یەكسان بوو. پلەی چوارەمی خولی ئەڵمانیا بە 55 خاڵ و 29 خاڵ كەمتر لە بایرن، خەونی گەورەی زەردپۆشەكانی لەباربرد. خواردنی 13 گۆڵ لە یارییەكانی قۆناغی یەكەمی خولی یانە پاڵەوانەكان لە تۆتنهایم و ڕیاڵ و نەبردنەوەی تەنانەت یارییەك، هەموو شتێكی لێ شێواندن. دۆرتمۆند لە دوو یاریدا تەنانەت نەیتوانی لە نوێنەری قوبرسیش بباتەوە و ماڵئاواییەكی تاڵی لە چەمپیونزلیگ هەبوو.
 
"فاڤرە"ی شەست ساڵان
" Lucien Favre "لوسیەن فاڤرەی 60 ساڵان لە نیسەوە هاتووە و ڕێبەرایەتی دۆرتمۆندی بەو شێوەیە لێكداوەتەوە: "ئەو پێشنیازانەی ڕەت ناكرێنەوە". سەردەمانێك ڕاهێنەری هێرتابەرلین و گلادباخیش بووە. بە ئامانجی هاوسەنگی هێڵی هێرشبەر و بەرگری، بەو پلانە خۆی خستۆتە ناودڵی هاندەرانی دۆرتمۆند، بەڵام ئەی ئەگەر هێڵەكانی پێ هاوسەنگ نەكران؟ هاندەرانی دۆرتمۆند نابێ ئەوە لەبیر بكەن كە جیاوازی تیمی سێیەم لەگەڵ نۆهەمی بۆندسلیگا لە وەرزی ڕابردوودا تەنیا هەشت خاڵ بووە.

یاریزانانی كۆن و نوێ
ڕۆمن وایدنفلر خانەنیش كراوە و كاسترۆ، پاپاستاتوپۆلۆس، یارماننكۆ و ئەریك دۆرم لە یانە ڕۆیشتوون، بەڵام پێكهاتەی سەرەكی دۆرتمۆندەكان ماونەتەوە: نوری شاهین، ماریۆ گۆتزێ، ماركۆس ریوس، جێرمی تولیان، مانۆئێل ئەكنی، سێرجیۆ گۆمێز، سباستیەن رودە، ئەندرێ شورلە، شینجی كاگاڤا، لۆكاژ پیژك، مارسێل ئشملزر و جولین ڤیگل....

ڕكابەرییەكی چڕ لە ناو گۆڵپارێزه‌كان
ماروین هیتز گۆڵپارێزی 30 ساڵانی ئەگسبێرگ درێسی دۆرتمۆندەییەكانی لەبەر كردووە بۆ ئەوەی ڕكابەری رۆمن بوكری بكات. یاریزانی هەڵبژاردەی سویسری بە باڵای 93/1 سەنتیمەترییەوە، یەك لەو یاریزانە سەرەكیانەی ئەگسبێرگ بووە كە گیانی بۆ یانەكەی دەدا. ئەو یەك لەو گۆڵچیانەیە كە وەكوو یەنس لیمان و فرانك ڕۆست لە بۆندسلیگا گۆڵیان كردووە، بەرانبەر بە لێڤەركۆزن بە لێدانێكی قورس و خێرا.

ئەشرەف حەكیمی
ئەشرەف حەكیمی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆی مه‌دریه‌وه‌ هاتووە. یاریزانی بەرگریكاری نۆزدە ساڵان كە زێدان نۆزدە یاری پێ كردووە و ڕیاڵ لەو یاریانەدا، لە چواریان گۆڵی لێ نەكراوە و حەكیمی دوو پاسی گۆڵی هاویشتووە. حەكیمی لە سێ یاری جامی جیهانی لای چەپ یاری كرد تا پیشان بدات لە هەر دوو لا توانای یاریكردنی هەیە. لۆگتژ پیژگ لە لای چەپ، یەك لە ئاستبەرزەكانە، بەڵام تەمەنی سیوسێ ساڵانە و حەكیمی دەتوانێ جێگرەوەی ئەو یاریزانە بێت.

عەبدو دیالۆی و تۆماس دلانی
عەبدو دیالۆی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بیستودوو ساڵان، كاپتنی هەڵبژاردەی ژێر بیستویەك ساڵانی فەڕەنسا لە ماینسەوە هاتووە. لە یانەیەك كە زۆر بە ئەستەمی خۆی هێشتەوە، بەڵام ئاستبەرزی ئەو یاریزانە لە ڕووبەڕووبوونەوەكاندا نكۆڵی لێ ناكرێت.
تۆماس دلانی یاریزانی هێڵی ناوەڕاست بە بیستوشەش ساڵەوە لە برێمەنەوە هاتووە. یاریزانی دانیماركی كە ماندوویەتی ناناسێ. ئەو لە تەمەنی بیستودوو ساڵان كاپتنی كۆپنهاگێن بووە و پار لە 32 یاری بۆندسلیگادا یاری كردووە و توانایی خۆی لە ڕێبەرایەتیدا پیشان دا. یاریزانێك كە نێوانی لەگەڵ دۆڕاندندا نییە. بەر لە هاتنی، تاكە یاریزانی لای چەپی هێڵی بەرگری، نوری شاهین بوو، بەڵام ڕكابەریی ئەم دوو یاریزانەش خۆشی خۆی دەبێ.

ناریۆس وۆلفی قژزەرد
ناریوس وۆلف، قژزەردە بیستوسێ ساڵانەكەی فڕانكفۆرت كە لە لای ڕاست یاری دەكات و هەروەها لەدوای هێرشبەری نوك، بۆ ئەوەی لەگەڵ ماركۆ ریوس و كریستین پۆلیسیچ هێرش بكەنە سەر گۆڵی یانە بەتواناكانی بۆندسلیگا. ناریوس وەرزی ڕابردوو شەش گۆڵی تۆماركردووە و دە پاسی هاویشتووە كە یەكیان ئەو گۆڵە بوو كە ئەدلر لە یاری كۆتایی جامی ئەڵمانیا لە بایرن میونشنی دا و براوەی جامەكە بوون.

كاپتن ریوس
كوڕە خۆشەویستەكەی دۆرتمۆند كە بە فەرمی نیشانی كاپتنی پێ بەخشراوە، جێگەی مارسل ئشملزری گرتۆتەوە. ریوسی بیستونۆ ساڵان بە زیاتر لە دووسەد یاری و نەوەد و شەش گۆڵ ئاستێكی بەتوانا لە پێكهاتەی دۆرتمۆنددا دەگێڕێت و پێی ناوەتە جێپێی یاریزانە بەتواناكانی وەكوو مەت هاملز، سباستیەن كل، كریستین وۆرنر و كریستۆف متزلدر. فاڤرە خۆی و پێكهاتەكەی بە هێمای بردنەوە دەزانێت و وتویەتی؛ لە ناخی دڵەوە بۆ بەرنگاربوونەوە هاتووین، بە بردنەوەی زیاتر، بۆ سەركەتنی زیاتر لە پلەی چوارەمەوە

 

محەمەد شەهدی- هەولێر .


© 2017 Hawler